بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئیدارەی ڕاپەڕین: ئەگەر دۆخەكە وابڕوات ناچارین نەخۆشخانەی ڕانیە بكەینە نەخۆشخانەی كۆرۆنا

د. دیار ابراهیم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: “ئەگەر هاووڵاتیانی ئیدارەی ڕاپەڕین خۆپارێزیەکی توند نەگرنە بەر، ناچار دەبن بە چەند پلانێک کەرەنتینەی گشتی ڕابگەیەنین”.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین گوتیشی: “ئێستا داتاکانی دۆخی کۆرۆنا لە سنوورەکە دڵخۆشکەر نین و بەڵکو ئەوە دەسەلمێنن کە ئەو نموونانەی ڕۆژانە بۆ پشكنینی كۆرۆنا وەردەگیرێت لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕینەوە، نیوەیان زیاتر تێستەکەیان پۆزەتیڤ دەردەچێت کە ئەوە ئاماژەیە بۆ توندبوونی دۆخی کۆرۆنا لە دەڤەرەکە”.
د. دیار ئیبراهیم، ئاماژەی بەوەش دا کە کێشە سەرەکییەکەی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمی ئۆکسجینە ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی کە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕیندا تاکو ئێستا کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی ئۆکسجین نییە و ناچار لە پارێزگای سلێمانی و هەولێرەوە ئۆکسجینی بۆ ڕاپەڕین دێت.
گوتیشی: “داواکاری پێشکەش کراوە بۆ دروستکردنی کارگەیەکی لەم جۆرە لە سنوورەکە، بەڵام تا ئێستا وەڵامی ئەو داواکاریە نەدراوەتەوە”.
خراپی دۆخی كۆرۆنا لەو سنورە وای كرد د. سامان حسەین بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێم لە بەرەبەیانێكی زوودا بگاتە دەڤەرەكە و چاوی بە نەخۆشەكان كەوت و دۆخی تەندروستی دەڤەرەكەی بەسەر كردەوە، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان سەردانی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی تایبەت بە نەخۆشییە گوازراوەکانی کرد لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، لە میانی سەردانەكەیدا وەزیری تەندروستی بڕیاری دا بە دروستکردنی کارگەیەکی ئۆکسجین و خەزانێکی ئۆکسجین لە سنوورەکە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕێوەبەری تەندروستی ڕاپەڕین بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیدارەی ڕاپەڕین، ڕایگەیاند کە ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ڕێژەیەکی زۆر تەشەنەی کردووە لە سنوورەکە و ئەگەر هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن، نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی تایبەت بە نەخۆشیە گوازراوەکان پڕ دەبن لە تووشبوانی کۆرۆنا، هەروەها گوتیشی ئەگەر كار وا بڕوات ناچاین نەخۆشخانەی گشتی سنورەكە دابین بكەین بۆ تووشبووانی كۆرۆنا.
د. دیار ئیبراهیم، ئەوەشی خستە ڕوو ،كە زۆرینەی نەخۆشەكان ئەوانەن كە پێكوتەیان وەرنەگرتووە و داوای لە هاووڵاتیان كرد پەلە بكەن لە وەرگرتنی پێكوتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. ئەوەشی نەشاردەوە كە ئەگەر كار وا بڕوات ناچارن بە توندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی پەیڕەو بکەن چونکە لە ئەگەری تەشەنەکردنی زیاتری ئەو ڤایرۆسە ناچار دەبن بە چەند پلانێک کەرەنتینەی گشتی ڕابگەیێنن.

ھەواڵی زیاتر