بەڕێوەبەری سەنتەری تالاسیمیای هەولێر:مانگانه‌ پێویستییان به‌ هەزار و ٢٠٠ پاینت خوێن هه‌یه‌

بەڕێوەبەری سەنتەری تالاسیمیای هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆژانە سەنتەرەکەیان چەندین خزمەتگوزاری زۆر باش پێشکەش بەو نەخۆشانە دەکات کە ڕۆژانە سەردانیان دەکەن و مانگانەش پێویستیان بە هەزار و ٢٠٠ پاینت خوێن هه‌یه‌ بۆ نەخۆشەکانیان.

دكتۆره‌ ئارین كاكه‌یی بەڕێوەبەری سەنتەری تالاسیمیای هەولێر ڕاشیگەیاند:”له‌م سه‌نته‌ره‌دا نه‌خۆشه‌كان دوو كاری گرنگیان بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، کە وه‌رگرتنى خوێنە له‌گه‌ڵ مادده‌ی دژه‌ئاسن و پێدانی ڤیتامین به‌ نه‌خۆشه‌كان، کە ئه‌م خزمه‌تگوزارییانه‌ بێ به‌رامبه‌ر ده‌درێته‌ نه‌خۆشه‌كان، ڕۆژانەش‌ به‌ دوو شه‌فت و له‌ كاتژمێر ٨ی به‌یانییەوە تاكو ٥ی ئێواره‌ كار ده‌كه‌ین.”
بەڕێوەبەری سەنتەری تالاسیمیای هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، کە ژماره‌ی نه‌خۆشه‌كان له‌ هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری هەزار و ١٩٦ نه‌خۆشه‌‌، کە ته‌نیا له‌ هه‌ولێر ٧٥٠ نه‌خۆش هه‌یه‌، کە له‌ ڕێگه‌ی بانكی خوێنه‌وه‌ خوێنی پێویستیان بۆ دابین دەکرێت و مانگانه‌ پێویستییان به‌ هەزار و ٢٠٠ پاینت خوێن هه‌یه‌، چونكه‌ مانگانه‌ ٧٥٠ نه‌خۆش سه‌ردانیان ده‌كه‌ن و له‌ ڕۆژێكیشدا ٥٠ نه‌خۆش سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، به‌ شێوه‌یه‌ك ٣٠ نه‌خۆش له‌ به‌یانیان و ٢٠ نه‌خۆشیش له‌ ئێواراندا، بۆ هه‌ر نه‌خۆشێكیش یه‌ك پاینت خوێن ده‌ده‌ن، به‌ڵام ڕه‌چاوی كێش و پله‌ی خوێن و ته‌مه‌نی نه‌خۆشه‌كانیش ده‌كرێت له‌ كاتی پێدانی خوێن. پێشتریش کە سه‌نته‌ری تا‌لاسیمیا نه‌بووه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌ شوێنێكیان بۆ دابین كرابوو و خزمه‌تگوزاریی پێویستیشیان پێشكه‌ش ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م سه‌نته‌ره‌وه‌ خزمه‌ت پێشكه‌شی نه‌خۆشه‌كان ده‌كه‌ین.
دكتۆره‌ ئارین كاكه‌یی ڕاشیگەیاند:”كاتێك نه‌خۆش سه‌ردانی ئێمه‌ ده‌كات پشكنینی خوێن و ئاسن و هه‌ندێك ڤایرۆسی بۆ ده‌كه‌ین، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ڕێگه‌ی خوێن وه‌رگرتن تووشی ڤایرۆسێك ببن، ئێمه‌ داوامان كردووه‌ پشكنینی دیكه‌ش بۆ نه‌خۆشه‌كان له‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ی ئێمه‌ ئه‌نجام بدرێت، وه‌كو پشكنینی ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشی تالاسیمیا، به‌ڵام ئامێری پێویستمان له‌به‌رده‌ست نییه‌ بۆ ئه‌م جۆره‌ پشكنینه‌ و ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ پێشتر له‌كار كه‌وتووه‌ و داوامان كردووه‌ بۆمان چاك بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نەخشی پێ بپشكنین. ته‌نیا كێشەیەکیش‌ كه‌ هه‌مانبێت ده‌رزیی (دیسفیڕاڵ)ـە‌ كه‌ ده‌رزی دژه‌ئاسنه‌ و له‌ هه‌موو عێراقدا نییه.”
سەبارەت بە پلان و ئامانجیان بۆ داهاتوو، دكتۆره‌ ئارین كاكه‌یی گوتى، ده‌یانه‌وێت ئه‌و سه‌نته‌رەکە‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ردەمیانه‌ و مۆدێرن پێشبخه‌ین و به‌ شێوه‌یه‌كی سیستماتیك نه‌خۆشه‌كان به‌بێ ئه‌وه‌ی ماندوو بن سه‌ردانیان بكه‌ن. هه‌روه‌ها ده‌یانه‌وێت هه‌رچی كه‌موكووڕیی ئه‌و سه‌نته‌رەیە‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ن و ته‌واوی چاره‌سه‌ره‌كان و ده‌رزی پێویست بۆ نه‌خۆشه‌كان دابین بكه‌ن.

ھەواڵی زیاتر