چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سكرتێری فیدراسیۆنی تۆپی پێیی كوردستان كۆچی دوایی كرد

سه‌لام حوسێن، سكرتێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه 14ـی ئایاری 2022‌ باری ته‌ندروستی تێكچووه‌ و به‌هۆی وه‌ستانی گورچیله‌كانی كۆچی دوایی كرد، سه‌لام حوسێن ماوه‌ی 11 ساله‌ به‌ده‌ست ه‌خۆشی شیرپه‌نجه‌وه‌ دناڵێنێت، به‌ هۆی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پێویست تا راده‌یه‌ك دۆخی باشتر ببوو، به‌ڵام كاریگه‌ری چاره‌سه‌رییه‌كان له‌سه‌ر گورچیله‌كانی ده‌ركه‌وتوو، به‌و هۆیه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

سه‌لام حوسێن ساڵی 1960 له‌ گه‌ڕه‌كی عاره‌بان له‌ شاری هه‌ولێر له‌دایكبووه‌، له‌ ساڵانی 1991 تا ساڵی 2003 سكرتێری یانه‌ی هه‌ولێر بووه‌، له‌ ساڵی 1997 تاكو ساڵی 2000 وه‌كو سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی سه‌رمێزی عێراق كاری كردووه‌ و چوار ساڵیش سكرتێری یانه‌ی برووسك بووه‌، له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2006ـه‌وه‌ سكرتێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستانه‌.
جگه‌ له‌ كارگێڕی وه‌رزشی، سه‌لام حوسێن وه‌كو میدیاكارێكی وه‌رزشیش كاری كردووه‌ و ماوه‌یه‌ك سه‌رنووسەری گۆڤاری فوتبۆڵ بووه‌، چه‌ندین نووسن و ستوونی له‌ رۆژنامه‌كان بڵاوكردووته‌وه‌، یه‌كه‌م وه‌رزشوان بووه‌ كاری شڕۆڤه‌كاری بۆ یارییه‌كانی تۆپی پێ كردووه‌. ناوبراو یه‌كێك بووە له‌ وه‌رزشوانه‌ دیاره‌كانی شاری هه‌ولێر و كوردستان، له‌ ده‌ستپێكی دروستبوونی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان وه‌كو سكرتێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان ده‌ستبه‌كاربوو تاكو ساڵی رابردوو، دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له‌ كاركردن دووركه‌وته‌وه‌، ئه‌مساڵ دووباره‌ وه‌كو سكرتێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان ده‌ستبه‌كاربووه‌، ناوبراو له‌ رێكخستن و ریزبه‌ندیكردنی یانه‌كانی كوردستان رۆڵیكی دیاری هه‌بووه‌، دوای مردنیشی له‌ گۆڕستانی قه‌ڵاتی نوێ به‌ خاك سپێردرا