چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

عه‌لی عه‌ونی : تا پرسی كورد چاره‌سه‌ر نه‌بێت عێراق سه‌قامگیر نابێت 

ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەو ڕەوشە چەقبەستوەی عێراق دەڵێت، عێراق ھیچ ھەنگاوێکی بۆ پرسە دەستوورییەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان نەناوە، تا پرسی کوردیش چارەسەر نەکرێت عێراق سەقامگیر نابێت، لەدوای حەوت مانگ ھەڵبژاردن ھێشتا عێراق نەگەیشتۆتە ھیچ دەرەنجامێک، خودی لایەنەکان ھۆکارن.

سەبارەت بەم ڕەوشە چەقبەستوەی ئێستای عێراق کە ھیچ گۆڕانکاریەک نییە لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی و ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمارێک، عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: عێراق ھیچ ھەنگاوێکی بۆ پرسە دەستوورییەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان نەناوە، تا پرسی کوردیش چارەسەر نەکرێت عێراق سەقامگیر نابێت، و دوای حەوت مانگ لە سەر تێپەڕبوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە عێراق، ھێشتا لایەنە عێراقییەکان نەگەیشتوونەتە ھیچ ئاکامێک، ھۆکاری ئەو ئاڵۆزییەش بۆ خودی لایەنەکان دەگەڕێتەوە کە ئیرادەیان لە دەست خۆیان نییە،‌ بەڵکو بە دەست وڵاتانی ئیقلیمییەوەیە کە دەست لە ناوخۆی عێراق وەردەدەن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکرادیەتی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: زۆر لایەنی سیاسی بە تایبەتی ئەو لایەنانەی چوارچێوەی ھەماھەنگی، دادگای فیدراڵییان خستۆتە ژێر ڕکێڤی خۆیان و یاری پێدەکەن، ئەمڕۆ ئەو دادگایە بە سیاسی کراوە و دەتوانین ناوی بنێین (دادگای سیاسی فیدراڵی)  کە چەندین بڕیاری سەقەتی دەرکردووە بۆ تەواوی عێراق، بە تایبەتی دژی کورد و ھەر ڕۆژەو ئاستەنگێک بۆ کورد دروست دەکات.

عەونی، زیاتر دەشڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر دوای چەند کاتژمێرێک پاش ھەڵبژاردن سەردانی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی و عێراقی کرد بۆ ئەوەی سەقامگیری باڵ بە سەر عێراق بکێشێت، بەڵام بەداخەوە ھەڵوێستی زۆر لایەن وەکو پێویست نەبوو ھەتا لەناو ماڵی کوردیش.

عەلی عەونی، راشیگەیاند: پرسی کورد بۆ شەڕە، لەپێناو بەدیھێنانی ماددە دەستوورییەکان، لەوانە ماددەی 140 و تەواوی ئەو ماددانەی کە دەستوورین و مافی کوردی تیا دەستەبەر کراوە، کەچی ھەندێ لایەن لە چەند کاتژمێرێکدا شارێکی وەک کەرکووکیان رادەستی ناحەزانی کوردستان کرد.

ھەروەھا عەونی باس لەوەشدەکات، حکوومەتی عێراقی تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە بۆ پرسە دەستوورییەکان و یاسای بۆ دانەناون بە تایبەتی پرسە دەستوورییەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان، ئەمەش وای کردووە عێراق سەقامگیری پێوە دیار نەبێت، چونکە عێراق سەقامگیر نابێت تا پرسی کورد چارەسەر نەکات، سەبارەت بە پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەڵوێستی لەبارەی ڕەوشی سیاسی عێراق، ناوبراو گوتی، پارتی ھەمیشە دەرگای کراوەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گفتوگۆکردن.


ژێده‌ر- ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی