شانۆی (گێژەن) لە قەزای كۆیەوە دەستی بەنمایشكردن كرد و پاشان هێنرایە شاری سلێمانی، دەرهێنەرەكەشی بەنیازە دوای تەواوبوونی نمایشەكانی كوردستان، بەرهەمەكەی بباتە دەرەوەی وڵاتیش.
شانۆی (گێژەن) لە نووسینی نووسەری پۆڵۆنی سلاڤومیر مرۆژیك، ئامادە و وەرگێڕانی د. فازڵ جاف و دەرهێنانی شوان حەمەسەعیدە، ئەم شانۆیە ماوەی سێ رۆژ لە قەزای كۆیە و رۆژانی 15 و 16ی ئەم مانگەش لە هۆڵی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی كورد لە شاری سلێمانی نمایش كرا.
شانۆیەكە زیاتر باكگراوندێكی سیاسی لەخۆ گرتبوو تیایدا باسی سێ كەسی دەكرد كە لەنێو كەشتییەكدا گیریان خواردووە و پێویستیان بە خواردنە؛ دواتر دوو كەسیان هەوڵ دەدەن بە هەر شێوەیەك بێت كەسی سێیەم بخۆن، بەڵام لە كۆتاییدا نادیارە كە كەسی سێیەم دەهێڵێت بخورێت یان نا؟
شوان حەمەسەعید، دەرهێنەری شانۆیەكە بە (هەولێر)ی راگەیاند، تێكستەكانی مرۆژیك هەمووی رەمزین، بەڵام باكگراوندێكی سیاسییان هەیە، چونكە خۆی نووسەرێكی پۆڵۆنییە و دوای ئەوەی ستالین پۆڵۆنیای داگیر كرد مرۆژیك كۆچبەر بووە، بۆیە هەمان خەمی هاووڵاتیانی كوردستان لەو كاتەشدا لە وڵاتی پۆڵۆنیا هەبووە، لەبەرئەوە كاتێك سەیری تێكستەكانی دەكەن هەست بە ئەدەبێكی سیاسی دەكرێت، ئەویش وەك دەرهێنەر كە تێكستێك هەڵدەبژێرێت دەیەوێت لەگەڵ دۆخی ئێستای سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیدا بگونجێت.
ئەو ئەكتەرانەی لەو شانۆیەدا رۆڵیان دەبینی هیچیان لەنێو شانۆیەكەدا ناویان نەبوو، پێشەوا ناسیح یەكێک لە ئەكتەرانی شانۆیەكە كە دوو هاوڕێكەی هەوڵیان دەدا بیخۆن بۆ (هەولێر) رایگەیاند، كاتێك هەر دەقێك دەخوێنێتەوە دەبێت بزانێت نووسەر داوای چیت لێ دەكات و هیوادارن بینەر لێیان رازی بووبێت و وتی “لە سیاسەتی هەموو دنیادا دەبێت میللەت بخورێت، وڵاتانی ئەوروپاش بە قۆناغی سەختی وەك كوردستاندا تێپەڕیون تا گەیشتوونەتە ئێستا، بەڵام دڵنیان كوردستانیش زۆر پێش دەكەوێت”.
هەروەها ئومێد رەزا، ئەكتەرێكی دیكەی شانۆیەكە بۆ (هەولێر) روونیكردەوە، شانۆكار دەبێت بیر لەو دەقانە بكاتەوە كە لەگەڵ دۆخی سیاسیی وڵاتەكەی یەك دەگرێتەوە و ئەوانیش ئێستا پێویستیان بەو شۆڕشە رۆشنبیرییەیە، بۆیە هەقی خۆیانە رەخنە لە دەسەڵاتی هەرێم بگرن و بەشێوەیەكی جوان كەموكووڕیەکانی نیشان بدەن تا دەسەڵاتداران پێیدا بچنەوە.
نمایشكردنی ئەو شانۆیە لەكاتێكدا بوو كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، زیاتر لە ساڵێكە كەمترین بەرهەمی شانۆیی لە كوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەت نمایش كراوە، بۆیە شانۆیەكە بوو بە جێی رەزامەندیی زۆربەی بینەران.
شاخەوان عەلی، گەنجێكی تەمەن 27 ساڵانە و یەكێك بوو لە تەماشاکەرانی شانۆیەكە بە (هەولێر)ی راگەیاند، ناوەرۆكی شانۆیەكە زیاتر سیاسیانە بووە و رەنگدانەی دۆخی ئێستا بووە، بەڵام بەگشتی بەرهەمێكی باش بووە و دەرهێنەر و ئەكتەرەكان توانییان پەیامەكەیان بە بینەر بگەیێنن، بەتایبەتیش دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەگەر بەرهەمی هونەری زیاتر پێشكەش بكرێن كارێكی باشترە.