ھە‌نگاوێك بە‌رە‌و چاكسازی لە‌ ڕاگە‌یاندن

بێستوون مەسعوود ساڵەیی

لە دوای ڕاپەرینی بەھاری ١٩٩١ەوە، خەڵکی کوردستان، ھێندە تامەزرۆی ئازادی بووین ئێمەش وەکو گەلانی ئازاد و ڕزگاربووی ژێر دەستی زۆردار لە ھەرێمە دیموکراسییەکەی خۆماندا پێنووسەکانمان دەرھێنا و ئازادانە وشە لە دوای وشەمان ڕیز کردووە و بیروبۆچوون و ھەواڵ و ڕەخنەکانمان خستۆتە نێو بوارەکانی ڕاگەیاندنەوە، بێ ھیچ سنوور و سانسۆرێک.
ھەموو جۆرە ڕەخنە و ھەواڵێکمان دایە بەرچاو و گوێگری تاکی کوردەوە تەنانەت زۆرجار بووەتە خۆراکی نەیار و دوژمنەکانمان، ھەندێ جار بێ ئەوەی خۆمان ھەست بە زیان و لێکەوتە نەرێنییەکانی بکەینەوە قسەمان فڕێ داوە و دواتر باجی نائاگایمان بۆی داوە.
ھەست و تامی ئازادی خۆشە، مرۆڤ لە کەشی ئازادی و دیموکراسیدا گەشە دەکات، پەرە بە پێشکەوتن و داھێنان و چاککردن و نوێبوونەوە و بیرۆکەی باش بۆ کۆمەڵگە دەدات، لەوە خۆشتر نییە توانا و بیرۆکە جوانەکان لە خزمەتی گەل و نیشتماندا سەرف بکرێن و کۆمەڵگەی پێ بگەشێندرێتەوە، بەڵام کاتێک پێنووسەکان بە ئاراستەی شکان، تێکدان، چەواشەکردن و ھەڵخەڵەتاندن وشە بخەنە سەر لاپەڕەکان ئەوا لە تێکدان و شێواندی بیری تاک و کۆمەڵگا و زیان گەیاندن بە نیشتمان ھیچ مەبەستێکی دیکە ناگەیەنێت.
بواری ڕاگەیاندنی کوردی ھێندە ئازاد و بێ سنوور و بێ
سانسۆرە، ھێندە ڕەنگ و دەنگی شاز و نەشازی لەخۆ گرتووە، ھێندە ڕاست و ھەڵە و دروست و نادروستی تێدایە وەکو چێشتی مجێوری لێ ھاتووەز زۆر جار بە ڕاستەکان دەگوترێت دروستکراو و بە چەواشەکاری و نادروستەکانیش دەگوترێ ڕاست، بەداخەوە ئەمە بووتە ھۆی تێکدانی باری دەروونی خەڵک، بەشێوەیەک دەروونی تاک شێوێندراوە کە کار گەیشتووەتە ئەوەی متمانەو و بڕوا لای لاواز بێت.
ڕاگەیاندن لە ھەر وڵاتێک چوارچێوەیەکی ھەیە، بەتایبەتی ئەو
ڕاگەیاندنانەی لە لایەن حكوومەتەوە ڕێگەپێدراون و خاوەن مۆڵەتن کە وا پێویست دەکات لە بازەنەی پرسە نیشتمانییەکاندا خۆیان جیانەکەنەوە و پێچەوانەی ھێڵە نیشتمانییەکە ڕانەوەستێنەوە.
بەداخەوە لە کوردستان بەشێکی زۆر لە دەزگا میدیاییەکان لەبڕی ئەوەی ببن بە پێگەیەک لە قسەی خێر و ببن بە مینبەرێکی ڕاستی و دڵنیایی بۆ وڵاتەکەیان بوونەتەدەزگایێکی ئاژاوە و چەواشەکاری و دروستکردنی دووبەرەکی نێوانی کۆمەڵگا.. ئەم سیاسەتەی ئەوان لە دەزگاکانیانەوە زیانی زۆری بە کۆمەڵگا و نیشتمانەکەمان گەیاندووە.

لە پاڵ چاکسازییەکانی حكوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیدی
کاتی ئەوەش ھاتووە چاکسازی لە ڕاگەیاندن و ئەو کەناڵ و پێگە فەرمی و نافەرمیانەی کوردستان بکرێت و چیدی سنوورەکان واڵا نەکرێن بۆ چەواشەکاریەکان، بەجدی کار بۆ ئەوە بکرێت چیتر نەھێڵدرێت دەزگا میدیاییە فەرمی و نافەرمیەکان لە ژێر سایەی ئازادی و دیموکراسیدا پیرۆزییەکانی نیشتمان، جوانییەکان، نەریتەکان، مێژوو و فەرھەنگی کوردستان بشێوێنن. کاتی ئەوە ھاتووە پاکسازی و چاکسازی لەو پێگە و کەناڵانەدا بکرێت، کە دەھۆڵ بو دوژمن و نەیارانی کوردستان دەکوتن و بۆ ھەر بابەتێک
دەبنە سووری بەر لەشکری دوژمن.
ئیدی کاتیەتی کە داواکاری گشتی لە ھەرێم، لەمەڕ تێکدانی باری دەروونی خەڵک و بێ ڕێزکردنی بەھا نیشتمانییەکان بێتە دەنگ و چیتر بێڕێزی لەمیدیاکانەوە بەرامبەر پیرۆزی و بەھا باڵاکانی نیشتمان لە ھیچ حزب و تاقم و گرووپێکەوە قبوڵ نەکات.

ھەواڵی زیاتر