ویژدان وبە‌رپرسیاریە‌تی لە‌ نمرە‌داناندا

بەكر كەریم حەسەن*

نووسەری بەناوبانگی میسری نەجیب مەحفوز دەڵێ “مامۆستا گەورەترین و شكۆمەندترین پیشەی هەیە، كە لەسەر دەستی ئەو هەموو پیشەكانی تر دەردەچن”.
مامۆستا ئەو كەسەیە كە منداڵ لە تەمەنی چوار ساڵانەوە دەیبینێ بە بەردەوامی و زۆربەی كاتەكان لەگەڵیدایە و پەروەردەی دەكات و فێری دەكات و زانیاری بە سوودی پێ دەدات لە هەموو ڕوویەكەوە، لە هەمان كاتیشدا هەمان سۆزی باوك و دایك بە قوتابی دەبەخشیت، جودا لەوانەی باسمان كرد مامۆستا پەیوەندییەكی ویژدانیی بێسنووری لەگەڵ قوتابی هەیە و جێگای متمانە و دڵنیایی و دڵنەوایی قوتابییە هەمیشە، دەتوانین بڵێین مامۆستا هەردەم دایك و باوكی قوتابییە و نموونەی هەرە بەرزیەتی.
بە پێی زانیارییەكان ژمارەی مامۆستا لە هەموو جیهان لە ساڵی ۲٠۲۲ زیاترە لە ٤۸ملیۆن مامۆستا و هەتا ساڵی ۲٠٣٠ جیهان پێویستی بە نزیكەی ٦٩ملیۆن مامۆستا دەبیت، گەر تەماشا بكەین چ لە ڕووی چۆنایەتی و یان چەندایەتی كە هەردووكیان گرنگی و بایەخی ئەو پیشە بەنرخ و شكۆمەندە دەردەخەن، بۆیە پێویستە مامۆستایان زۆر بە هەستیاری و ئاگایی و بە ویژدانەوە هەڵسوكەوت و ڕەفتار لەگەڵ قوتابیان بكەن لە یەكەم رۆژی دەست پیكردنی دەوام تا كۆتاییهاتنی دەوام، بە تایبەت كاتی تاقیكرنەوەكان و نمرەدانان بەوپەڕی دادپەروەری و ویژدانییەوە تاقیكردنەوەكان ئەنجام بدەن و نمرەكانیش بە دادپەروەری بۆ قوتابیان دابنێن بە پێی وەڵام و توانا و زیرەكی قوتابییەكان، هەرگیز نابێ و ناكرێ لێرەولەوێ كە زۆربەی ساڵان لە هەندی لە قوتابخانەكان دووبارە و چەند بارە دەبنەوە، منداڵی بەڕێوەبەر یان یاریدەدەر یان مامۆستایان فەرز دەكەن بە سەر منداڵەكانی تر و پلەی یەكەمی و دووەمی و یان نمرەی بەرز بە خۆڕایی دەدەنە منداڵی بەڕێوەبەر و مامۆستاكان كە ئەوەش ئەوپەڕی بێویژدانی و ناعەدالەتییە و زۆر دوورە لە پیشەی دڵسۆزی مامۆستایەتی، لە هەمان كاتیشدا متمانە و دڵنیایی لەناو مامۆستا و قوتابخانە و پەروەردە و فێركردن ناهێڵێ و دەرئەنجام كۆمەڵگە و پەروەردە و فێركردن لێک دادەبڕینێ و لە یەكی دوور دەخاتەوە، كە لە بنچینەدا كۆمەڵگە بنیاد دەنرێ لەسەر پەروەردە و فێركردنی تەندروست و دادپەروەر، بۆیە بەڕێوەبەر و كارگیڕی قوتابخانەكان نابی بە هیچ شیوەیەك بوار بدەن و بهیلن منداڵی كارمەندەكانی قوتابخانەكان بە گشتیی فەرز بكرین بە سەر منداڵی تر، كە لە هەمان كاتیشدا پێویستە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكانیش بەدواداچوون و لێپرسینەوەی توند بكەن لە سەر هەبوونی هەر نادادی و جیاوازییەك لە نمرەدانان لە نیوان قوتابیان ئەگەر بەدی كرا، چونكە بە گشتی ئەو جۆرە جیاوازی و نادادییە بە ستەم و چەوساندنەوە و داڕمان و داڕوخان و خەفەت و كۆڤان جێ دەهێڵێ لە دڵ و دەروونی قوتابیان، كە هەمیشە دەبینێ منداڵی بەڕێوەبەر یان مامۆستاكان هان دەدرین و خەڵات دەکرێن و گرنگی و بایەخی زیاتریان پێ دەدرێ لە ناو پۆل و لە قوتابخانە و بگرە لە كۆتایی ساڵ یەكەم و دووەم دەبێ بۆ ئەو منداڵانە بێ، منداڵەكانی تر دەبی بە كۆڵێ حەسرەت و ڕق و كینەوە ناچار ڕازی بن كە ئەوەش وا دەكات ئەو منداڵانە ڕقیان لە دەرس و مامۆستا و پۆل و قوتابخانە و دایك و باوك و كۆمەڵگەش بیتەوە، ئەو كات ئەو كەسە كە گەورەش بوو ئەو ستەم و جیاوازییە لە بیر ناكەن و دڵیان پڕ لە ڕق و كینە دەبێت، چونكە بە خۆڕایی لە منداڵیەوە ڕەنج و ماف و ماندوو بوون و شەونخونی و زیرەكی ئەوان بە ناهەق درا بە كەسی تر، چونكە باوكیان یان دایكیان بەڕێوەبەر یان مامۆستا بووە لە قوتابخانەكە، بی شك كاریگەری خراپ و نەرینی دروست دەكات لە سەر كەسایەتیان لە سەر پاشە ڕۆژیان.
بۆیە پێویستە مامۆستا هەمیشە بەوپەڕی یەكسانی و دادپەروەری ڕەفتار و هەڵسوكەوت لەگەڵ قوتابیان بكەن هەموویان بە مەودای یەك دووری ئەگەر منداڵی خۆشیان لە پۆل بوو ئەوەیە پیشەی ڕاستەقینە و دروستی مامۆستایەتی، لەو كاتەدا هەموو قوتابییەكانی تریش منداڵی مامۆستایان خۆش دەویت و هەست بە نادادی و جیاوازی ناكەن، بیگومان بۆ پاشە ڕۆژی منداڵەكانیان و كەسایەتی خودی مامۆستاكەش زۆر گرنگ و پێویستە. بەڕێوەبەری قوتابخانەكانیش هەمیشە دەبێ بە ڕۆڵی سەركردەی پەروەردەیی دەربكەون و ڕەفتار بكەن و كەمتەرخەم نەبن و هەرگیز نەهیلن منداڵی خۆیان یان مامۆستاكانی قوتابخانە ماف و ماندووبوونی منداڵی تری بدریتێ، جگە لە ڕووخان و داڕمانی پەروەردەیە، بەڵكو بێویژدانیە و کارێکی ناپەروەردەییە و لەگەڵ هیچ پیوەرێكی پەروەردەیی و ڕەوشت و كەسایەتییەك ناگریتەوە، لە هەمان كاتیشدا بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكان هەمیشە رێنمایی بەڕێوەبەری قوتابخانەكان بكەن و ئاگاداریان بكەنەوە لە هەبوونی هەر شیوازیكی لەو جۆرە لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمان دەكەن و سزای توندیان دەدەن لە پێناو دەستەبەركردنی مافی پەروەردە و فێركردن بۆ هەمووان وەكو یەك.

ھەواڵی زیاتر