پۆلیسی هەولێر لەبارەی شەڕەکەی قەزای خەبات روونکردنەوە دەدات

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، لە شەڕەکەی قەزای خەبات کەسێک برایەکی خۆی و سێ برازای کوشتووە، هەروەها لایەنی بەرامبەریش وەڵامیان داوەتەوە کوڕێکی ئەمیان کوشتووە. 

موقەدەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، کە شەڕەکە لەسەر کێشەیەکی کۆنی زەویوزار بووە. 

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر روونکردنەوەی زیاتری لەبارەی رووداوەکە دا و دەڵێت، رووداوەکە کاژێر 7:30 خولەکی ئێوارەی رۆژی هەینی روویداوە و دواتر بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە.  

رووداوەکە لە گوندی کەوڕەبەن لە شارۆچکەی رزگاری لە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر روویداوە.  هۆگر عەزیز دەشڵێت “شەڕەکە لە نێوان دوو برا بەناوەکانی (ا. ر. پ.) و (ح. ر. پ.) بووە، دواتر دەرکەوتووە کێشەکە لەسەر زەویوزار بووە لە نێوان مام و سێ برازا بەناوەکانی (ا. ر. پ.) و (ن. ح.) و (ف. ح.) و (ف. ح.)، دواتر دەبێتە دەمەقاڵێ و لەم نێوەندەدا لە لایەنی یەکەم (ا. ر. پ.)، (ا. ا. ر.) ، (ز. ا. ر.) و (س. ا. ر.) و لەلایەنی دووەم (ف. ح.) کوژراون، دوو تۆمەتباریش بەناوەکانی (ف. ح.) و (ن. ح.) کە برینداربوون لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.” 

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەشڵێت، پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی رێڕەوی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارانی تاوانەکە. لە سەرەتای رووداوەکە، کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات رایگەیاند، “شەڕەکە لەنێوان دوو برادا بووە و لەسەر زەویوزار بووە؛ تاوەکو ئەمڕۆش کەسیان دژی ئەوی دیکەیان سکاڵای یاساییان تۆمارنەکردووە، لە رابردووشدا هەردوو براکە کێشەیان هەبووە، یەکێکیان گوندەکەی جێهێشتووە و ئەمڕۆ بەسەردان گەڕاوەتەوە و ئەو شەڕە روویداوە”. 

هەروەها کەسێکی نزیک لەو دوو خێزانە رایگەیاند، کێشەکە لە نێوان دوو برادا بووە، یەکێکیان تەقەی کردووە برایەکی خۆی و سێ کوڕی براکەی کوشتووە، هەروەها لایەنی بەرامبەریش وەڵامیان داوەتەوە کوڕێکی ئەمیان کوشتووە”.

ھەواڵی زیاتر