پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دژەتیرۆرى عێراق: ئەمساڵ 22 تیرۆریست دەستگیرکراون، کە لە هەرێمى کوردستان خۆیان شاردبووەوە

گوتەبێژى دەزگاى دژەتیرۆرى عێراق رایگەیاند؛ لە سەرەتاى ئەمساڵەوە بە هاوئاهەنگیی دژە تیرۆرى هەرێمى کوردستان 22 “تیرۆریست” دەستگیرکراون، کە لە هەرێمى کوردستان خۆیان شاردبووە. سەباح نوعمان، گوتەبێژى دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق لە کاتی بەشداریکردنى لە بوولتەنی هەواڵەکانی کۆڕۆژى رووداو، رایگەیاند: “بەگوێرەى زانیارییەکانم لە سەرەتاى ئەمساڵەوە 22 تیرۆریستمان دەستگیر کردووە، کە لە هەرێمی کوردستان خۆیان شاردبووەوە، ئەوەش لەسەر بنەماى هاوئاهەنگیى هەواڵگری و گۆڕینەوەى زانیارى لە نێوان بەغدا و هەولێر بووە”.  گوتەبێژى دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق ئاماژەى بەوەدا بەهاوئاهەنگیى نێوان دەزگاى دژەتیرۆرى عێراق و هەولێر والی باشوورى خۆرئاواى بەغداى داعش دەستگیرکراوە، کە ئەمیرى کەتیبەى زەرقراوی بووە و بە “مەترسیدار” ناوى دەبات کە لەنێوان بەغدا، مووسڵ و سووریا هاتووچۆى کردووە. سەباح نوعمان دەڵێت: “پێشتر بە هاوئاهەنگیی دەزگاى دژەتیرۆر و هەواڵگریى عێراق و دژەتیرۆرى هەولێر، چاودێریى ئەو تیرۆریستە دەکرا، دەستگیرکردنى ئەنجامى هاوئاهەنگى پێشوەختە بوو لەگەڵ دژەتیرۆرى هەولێر، ئەمە بەڵگەیە بۆ بەهێزى هاوئاهەنگیى نێوان هەردوو دەزگاکە”. 12ى ئایارى 2022، دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق لە راگەیێندراوێکدا  ئاشكرايكرد داواکراوێکیان بەناوى محەممەد زەوبەعى دەستگیر کردووە، کە بە (ئەبوو عەزام یان ئەبوو سەیف) ناسراوە و ئەمیرى کەتبیەى زەرقاوى بووە لە باشوورى رۆژئاوای بەغدا و لە نێوان عێراق و سوریا هاتووچۆى کردووە. ئاماژە بەوەشکراوە دەستگیرکردنى ئەو داواکراوە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش و دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق و هەرێمى کوردستان بووە. دژە تیرۆری عێراق دەڵێت: “ئەو داواکراوە زانیارى گرنگى درکاندووە”.