فیلمی ئەزموون لە هەولێر نمایش کرا

فیلمی سینەمایی (ئەزموون)، لە دەرهێنانی (شەوکەت ئەمین کورکی) و نواندنی گەورە ئەکتەرانی کورد (شوان عەتووف، حەمەڕەشید هەرەس، مەمەد ئەکتاش، هۆشیار زێڕۆ، حسێن حەسەن، ڤانیا سالار، نیگار عوسمان، کاوە قادر، عادل عەبدولڕەحمان، ئاڤان جەمال)ـە، دوای چەندین نمایش و بەشداربوون لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان لە وڵاتانی ئەورووپا، ڕۆژانی جەژن لە هەرپێنج پارێزگاکەی هەرێم؛ هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆک و کەرکووکدا نمایش کرا. لە نمایشەکەی ئێمپایر سینەمای هەولێردا پێشوازییەکی گەرم لە ستافی فیلمەکە و بەرهەمە سینەماییەکەدا کرا. ناوەڕۆکی فیلمەکە گێڕانەوەی چیرۆکێکی کۆمەڵایەتیە، کە ژیانی کچۆڵەیەک تێیدا دەبێتە قوربانی و پەنا دەباتە بەر چەندین ڕێگەی سەخت و خەون بینین بە گەڕانەوەی ئەویندارەکەی کە لە کەشتیەکی هەندەراندا نوقمی دەریا بووە و بێ سەر و سۆراغ ماوەتەوە. شەوکەت ئەمینی دەرهێنەر لە فیلمە سینەماییە نوێیەکەی دا هەوڵی داوە، تیشک بخاتە سەر بابەتێکی کۆمەڵایەتی کە ئەویش بە زۆر بە شوودانی کچانە لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا، کە زۆربەیان ڕێگەی مەرگ هەڵدەبژێرن یان جیا دەبنەوە و تووشی گرفتی گەورە دەبن.

ھەواڵی زیاتر