شالوور-ی کریستین هەنا، ڕووبەرێک بۆ لەخۆڕوانین

وەرگێڕان هەمیشە ڕووبەری نوێی بیرکردنەوە و تێڕامان لەبەردەم نووسەران و ڕۆشنبیراندا دەکاتەوە هەر لێرەشەوەیە یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی وەرگێڕانی ئەدەبیات بە گشتی و ئەدەبیاتی هۆلۆکۆست بۆ کوردی ئەوەیە کە دەشێ ئەم جۆرە لە ئەدەبیات ببێتە هەوێنی نووسینەوەی کارەساتی ئەنفال و ئاشنابوونی زیاتر بەم جۆرە لە ئەدەبیات کە کار لەسەر نەهامەتی و کارەسات دەکات. ئەوەی تا ئێستا لەنێو ئەدەبی کوردیدا کەمترین ڕووبەری داگیرکردووە کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجەیە، بێگومان من مەبەستم لە تێکستی داهێنەرانەیە، نەک ئەو جۆرە لە تێکست کە ناتوانێت راپۆرت، یان چیرۆکی رۆژنامەوانی تێپەڕێنێت. گرنگی ئەدەبیات و توانەوەی کارەساتەکان لە ژانرێکی وەکو ڕۆماندا ئەوەیە ئەگەری ئەوەی هەیە سنوورەکان ببڕێت و بۆ زمانانی دیکە وەربگێڕدرێت.

ئەگەر بە وردی سەرنج لەو ئەدەبیاتەی لە 10 ساڵی ڕابردوودا سەبارەت بە هۆلۆکۆست وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی گەلێک زۆرن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەمە نەبووەتە وزە و هێزێکی داهێنەرانە بۆ نووسەران و ڕۆماننووسان، تا کاری جیدی لەسەر کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە بکەن. بێگومان من ڕەشبین نیم و هەموو ئەو هەوڵانەی نووسەران و ڕۆماننووسان داویانە ڕەفز ناکەمەوە، بەڵام ژمارەی تێکستە گرنگەکانی ئەدەبی کوردی لەسەر ئەو دوو کارەساتە زۆر کەمن، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو دوو کارەساتە هیچیان لە هۆلۆکۆست کەمتر نییە.
لە هەفتەی ڕابردوودا نووسەر و وەرگێڕ عەلی عوسمان یاقوب نوێترین کاری وەرگێڕانی خۆی، کە ڕۆمانێکی تایبەت بە کارەساتی هۆلۆکۆستە چاپ و بڵاوکردەوە. ڕۆمانەکە “شالور”ـە، کە لە نووسینی کریستین هەنا-یە، ناوەندی فێربوون لە شاری هەولێر لە دوتوێی 694 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ئەم ڕۆمانە یەکەم ڕۆمانی ئەم نووسەرەیە بە زمانی کوردی بڵاو بکرێتەوە و چیرۆکی کچێک لەنێو تراژیدیای هۆلۆکۆست و ژیانی پڕ جەنگ و ماڵوێرانیدا دەگێڕێتەوە. بەڵام دەیەوێت چیرۆکی ژیانێک بگێڕێتەوە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە لە خۆشەویستییەوە تا دابڕان و مردنی ئازیزان و نزیکبوونەوە لە لێوارەکانی مەرگ.
وەرگێڕ سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە دەڵێت: “ڕۆمانێك ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی، جه‌نگ، هۆڵۆکۆست، خۆڕاگری و به‌رخودانی ژن له‌ کۆمه‌ڵگای فه‌ره‌نسیی ژێر ده‌ستی نازییه‌کان و ئه‌و تراژیدیا مرۆڤایه‌تییه‌ ناخهه‌ژێنه‌ی به‌ دوایاندا دێ. بێجگه‌ له‌ چیڕۆکی چوارچێوه، وه‌کوو ته‌کنیك، چه‌ندان ورده‌کاری له‌مه‌ڕ ته‌کنیك و شێوازی به‌رخوردکردن له‌گه‌ڵ کاره‌کته‌ر، زه‌مه‌ن، ڕووداوه‌ مێژووییه‌کان…تاد تیادا به‌رجه‌سته‌یه‌.”
عەلی عوسمان یاقوب، لەو وەرگێڕانەیە کە بە وردەکارییەوە کتێب بۆ وەرگێڕان هەڵدەبژێرێت و ئەمە دووەم بەرهەمی ئەم نووسەرەیە سەبارەت بە هۆلۆکۆس، پێشتر یادداشتەڕۆمانی “ڕۆژژمێری کیژۆڵەیەک”ی ئان فرانکی چاپ و بڵاوکردەوە و “شالوور”یش دەبێتە نوێترین بەرهەمی لەم بوارەدا. بێگومان لێرەدا نامەوێت چیرۆکی ڕۆمانەکە بگێڕمەوە، بەڵام دەمەوێت ئەوە بخەمەڕوو کە دەشێ ئەدەبیاتی هۆلۆکۆست بۆ خوێنەر و نووسەرانی کورد ڕووبەرێک بن بۆ لەخۆڕوانین، واتە دەشێ ئاوێنەیەک بن خۆمان پیشان بدات. هەمیشە کە بەرهەمێک لەسەر هۆلۆکۆست دەخوێنمەوە، یان سەیری فیلمێکی سینەمایی لەسەر هەمان کارەسات دەکەم ئەو هەستەم هەیە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لەخۆم دەڕوانم، دەشێ ئەم هەستی هەموو خوێنەرانی کوردیش بێت.

ھەواڵی زیاتر