پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هه‌ولێر له‌ تۆپی باله‌ به‌شداریی له‌ چامپیۆنزلیگی ئاسیا ده‌كات

یانەی هەولێر به‌ راهێنه‌رێكی نوێ بۆیەکەمجار بەشداریی له‌ خولی بالەی پاڵەوانەکانی ئاسیا دەکات كه‌ بڕیاره‌ له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌بچێت.

بەهۆی کشانەوەی یانەی بەحری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، یانەی هەولێر بەشداری پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ دەکات، کە وابڕیارە رۆژی 14ـی ئەم مانگە لە تاران بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بەڕێوە بچێت.
ئاڵا دێده‌وان سه‌رپه‌رشتیاری تیپی تۆپی باله‌ی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند كه‌ یانه‌ی هه‌ولێر بۆ ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ ئه‌ركی راهێنه‌ری تیپی باله‌ی یانه‌كه‌ی به‌ حوسێن محه‌مه‌د نه‌جاتی به‌خشێوه‌ كه‌ پێشتر راهێنه‌ری یانه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و شه‌قڵاوه‌ بووه‌.
ئاڵا گوتیشی: نامانه‌وێت گۆڕانكاری زۆر له‌ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌مان بكه‌ین، زیاتر پشت به‌ توانای یاریزانه‌ كورده‌كان و گه‌نجه‌كانی خۆمان ده‌به‌ستین، ته‌نیا دوو یاریزانی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی عه‌لی ته‌ها و رابه‌ر محه‌مه‌د بۆ ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ ده‌گوازینه‌وه‌ و له‌وانه‌یه‌ سوود له‌ هه‌ندێك یاریزانی یانه‌ی به‌حری وه‌ربگرین كه‌ له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ كشاونه‌ته‌وه‌.
هەولێر لە کۆمەڵەی دووەم هاوشانی شەهدابی یەستی ئێرانی و رەیانی قەتەری و تاراسی کازاخستانی یاریی دەکات، کە جگە لە هەولێر غازی جنوبیش وەکو نوێنەری عێراق لە کۆمەڵەی یەکەم بەشداریی خولەکە دەکات، به‌شداریكردنی یانه‌ی هه‌ولێریش له‌ چامپیۆنزلیگی ئاسیا له‌ نێو میدیایه‌كانی ئێرانی ده‌نگی دایه‌وه‌.