د. سەباح حەیدەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی عێراقە لە چەقبەستوویی سیاسی

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تا ئێستا چەندین دەسپێشخەری ڕاگەیەندراون بۆ چارەسەرکردنی ئەو بنبەستەی کە دۆخی سیاسیی عێراق و پرۆسەی هەڵبژاردنی سەركۆمار و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دووچاری بوون، بەڵام ھیچکام لەو دەسپێشخەرییانە ئەنجامی نەبووە. ئەندامێکی کوردیش لە بەغدا، دەڵێت، ھاوپەیمانی ڕزگاریی نیشتمانی هەر ماوە، بۆڕزگارکردنی عێراق لەو دۆخەی تێی کەوتووە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا شاندێک سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە دوایین کاتەکانی دەرفەتی بەردەمی بۆ پێكهێنانی حکوومەت دەسپێشخەرییەی ١٨ خاڵی ڕاگەیاند، داوای کردووە کە هەموو لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و گفتوگۆ لەسەر چارەسەرییەکان بکەن، بەبێ ھیچ مەرجێکی پێشوەخت و پێویستە نێو ماڵی شیعە لەسەر پێكهێنانی فراکسیۆنی گەورە ڕێک بکەون تاوەکو بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داھاتوو دیاری بکرێت. ئامانجی سەرەکی لەو دەسپێشخەرییە ڕازیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە زۆرینەی کورسییەکانی کوردی لایە، بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا شاندێک لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی تەواوبوونی وادە ٤٠ ڕۆژییەکەی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر شکستهێنانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لە پێكهێنانی حکوومەت ڕاگەیاند، مۆڵەتی ١٥ ڕۆژ دراوەتە سەربەخۆییەکان تا بە پشتیوانی ھاوپەیمانی ڕزگاریی نیشتمانی حکوومەت پێک بهێنن.
مەرجی سەدر لەو دەسپێشخەرییەدا ئەوە بوو کە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا لە ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەکەی لانیکەم ٤٠ پەرلەمانتاری سەربەخۆ دوور لە چوارچێوەی ھاوئاهەنگی لەنێو خۆیاندا ڕێک بکەون و فراکسیۆنێکی سەربەخۆ ڕابگەیێنن بۆ ئەوەی لەگەڵ ھاوپەیمانیی ڕزگارکردنی نیشتمان کە پێکهاتووە لە فراکسیۆنی سەدری و پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان حکوومەتێکی سەربەخۆ پێک بهێنن بێ ئەوەی ڕەوتی سەدر وەزیری لەو حکوومەتەدا هەبێت.
هەڵبژاردنی پێشوەختە لە جیاتی چارەسەر کێشەیەکی نوێی بەرەوڕووی پرۆسەی سیاسیی عێراق کردووە، پەرلەمان ناتوانێت کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەركۆمار کە قۆناغی یەکەمی پێكهێنانی حکوومەتی نوێیە بەڕێوە ببات.
لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، کە لە ١٠-١٠-٢٠٢١ بەڕێوەچوو، زیاتر لە ٤٠ بەربژێر وەکو سەربەخۆ بوونە پەرلەمانتار. ڕێبەریڕەوتی سەدر ئاماژەی بەوەداوە بەھۆی بڕیاری دادگاوە، ھاوپەیمانیی ڕزگارکردنی نیشتمان، نەیتوانی حکوومەت پێکبهێنێت و لەو ٤٠ ڕۆژەشدا، کە ئەو بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی داینا بۆ پێكهێنانی حکوومەت، “شکستیان ھێنا” لە پێكهێنانی حکوومەتی سازان.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ هەولێر دیارکرد: “ئەو دەستپێشخەریانەی لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو پێشکەش کران، ئەوە هەوڵێکە بۆ ئەوەی عێراق دەربچێت لەو چەقبەستووە سیاسییەی کە تێی کەوتووە، ئێستا زۆر تەرکیز دەخرێتە سەر سەربەخۆییەکان، چ لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگی، چ لایەن هاوپەیمانی ڕزگاریی نیشتمانی کە خۆی لە پارتی، سەدر و سوننەکان دەبینێتەوە، ئێمەش بەرنامەی خۆمان هەیە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ سەربەخۆییەکان بکەین، چونکە ئەوان یەکلاکەرەوەنە، لەو قەیرانە سیاسییەی کە هەیە، دەتوانن ڕۆڵی خۆیان ببین، پێشتریش داوامان لێ کردووە بەشێوەیەکی نیشتمانپەروەرانە مامەڵە بکەن لەگەڵ ئەو کەیسە، بەڵام ئێستا کە موقتەدا سەدر بەناوی هاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمانی داوای کردووە، ئەوەش شتێکی باشە بۆ ئەوەی سەربەخۆییەکان ڕۆڵی خۆیان ببینن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش سەربەخۆییەکان بێ فشار نین، ھاوپەیمانی ڕزگاری نیشتمانی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی هەر چی زووە سەربەخۆییەکان ڕازی بن و ھاوکار بن لەگەڵ ئەو ھاوپەیمانەتییە بۆ پێكهێنانی حکوومەت.
ئەو پەرلەمانتارە، ڕوونیشی کردەوە: “ھاوپەیمانی ڕزگاری نیشتمانی هەر ماوە و ڕۆژبەرۆژیش بەھێزتر دەبێت، توانای هەیە زۆرینەی ڕەها لەناو پەرلەمان پێکبهێنێت، کاندیدی ئەو ھاوپەیمانەتییەش ڕێبەر ئەحمەدە، بۆ پۆستی سەركۆمار، بۆیە ئەم هەفتەیە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین، شاندێکیش دروست دەکرێت و سەردانی لایەنەکان دەکات تا گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی هەرچی زووە پەرلەمان کۆ بێتەوە و کاندیدی ئێمە ببێتە سەركۆمار ئەویش کەسێک بۆ پێكهێنانی حکوومەت ڕاسپێرێت”.
د. سەباح سوبحی حەیدەر، گوتیشی: “قەیرانی سیاسی ئەگەر لە عێراق چارەسەر نەبوو هەموو کەیسەکانی دیکەی ناو جومگەکانی ژیانی هاووڵاتی گۆڕانکاری بەسەردا دێت و کێشەی بۆ دروست دەبێت، تا ئیستا یاسای بودجەمان نییە، لەگەڵ بوونی چەندین کێشەی دیکە، هەر بۆیە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق و پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک، ئەمانە دوو پڕۆژەی گرنگن بۆ ژیانی ھاووڵاتییانی عێراق، بۆ ئەم مەبەستە ھاوپەیمانییڕزگاریی نیشتمانی کار بۆ ئەوە دەکات هەردوو پڕۆژەکە بخرێنە کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمانەوە”.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاشکراشی کرد: “هەندێک لیژنەی پەرلەمان ماون دیاری بکرێن، ئەوانیش لەو ماوەیەدا یەکلا دەکرێنەوە، بۆ ئەوەش پەرلەمان بەردەوامی بە کۆبوونەوەکانی دەدات”.

ھەواڵی زیاتر