پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

بۆچی نابێ پابە‌ند بین؟

زكری موسا

وەڵامی هەرێمی كوردستان بۆ بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی لەبارەی بابەتی نەوت یەكلاییكەرەوەیە و پابەندی نابێت. لە ڕاستیدا بڕیاری پابەندنەبوون لە هیچەوە نەهاتووە بەڵكو كۆمەڵێك هۆكاری سیاسی و مێژوویی و دەستووری خۆی لە پشت ئەو پابەندنەبوونەدا دەبینێتەوە.
۱.لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت و سەرجەم دۆسیە هەستیارەكانی تر بێ متمانەییەكی قووڵ هەیە.
لە دوای پەسەندبوونی دەستووری عێراق، بەغدا ٥٥ ماددەی دەستووری پێشێل كردووە. ئەو پێشێلكردنە بە ئاشكرا دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بووە. ماددەی ۱٤۰ سەرباری ئەوەی بڕیاری دادگەشی بۆ دەرچووە بەڵام هێشتا جێبەجێ نەكراوە و هیچ دامەزراوەیەكی عێراقیش لەسەر ئەوە بەدەنگ نەهاتووە كە بۆچی دەستوور پێشێل دەكرێت.
۲. یاساكانی هەڵبژاردن هەمیشە بەشێوەیەك داڕێژڕاون كە زیان لە پێگە و نوێنەرایەتیكردنی ڕاستەقینەی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەدات.
۳. لەو ساڵانەی كە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە دەهات هیچكاتێك بەغدا پابەندی ئەوە نەبووە كە ۱۷%ی بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت و كەمتر لە ۱۰%ی ناردووە.
٤. ئەگەرچی بەپێی دەستوور پێشمەرگە بەشێكە لە مەنزوومەی بەرگریی عێراق كەچی هەتا ئێستا و تەنانەت لە شەڕی داعشیش یەك فیشەك و یەك دیناریش وەك بەشی پێشمەرگە لە حكوومەتی
عێراقەوە نەهاتووە.
٥. سەبارەت بە بابەتی نەوت و گاز، هەرێمی كوردستان هیچ هەنگاوێكی پێچەوانەی دەستوور نەناوە. لە شوباتی ۲۰۰۷دا هەموو ئامادەكارییەكان بۆ یاسای نەوت و گاز تەواو بوو و ڕێككەوتن لەنێوان هەرێم و حكوومەتی ئەو كات هەبوو بۆ پەسەندكردنی یاسای نەوت و گاز، بەڵام حكوومەتی عێراقی دەستی كرد بە كاتكوشتن و بیانووهێنانەوە. ئەوكات حوسێن شەهرستانی كە وەزیری نەوتیش بوو باسی ئەوەی كردبوو كە پێویستە حكوومەتی عێراقی خەمساردی لەو بابەتە بكات و كات بكوژێ، كوردەكان ئەو توانایەیان نابێ خۆیان نەوت دەربهێنن. ئەمە نیەتی حوكمڕانەكانی بەغدای ڕوونتر كرد كە بڕوایان بە دەستوور و شەراكەت نییە. هەرێمی كوردستان خۆی نەوتی دۆزییەوە و دەریهێنا، بەڵام كاتێك هەرێم ناچار بوو نەوت هەناردەی دەرەوەی بكات كە حكوومەتی عێراق لە مانگی شوباتی ۲۰۱٤دا بودجەی هەرێمی بڕی. بڕینی بودجەی خەڵكی كوردستان هەنگاوێكی نایاسایی و نادەستووری و تاوانێكی گەورە بوو چونكە بە بڕینی بودجە سەرجەم خەڵكی كوردستان و تەنانەت منداڵی شیرەخۆریش كرانە ئامانج. هەر لەبەر ئەو كردەوە نادەستووریەی حكوومەتی عێراق و، بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێ بودجە دابین بكات، حكوومەتی هەرێم دەستی كرد بە هەناردەكردنی نەوت. لە ڕاستیدا ئەوە سیاسەتە هەڵەكانی بەغدا بوو كە هانی هەرێمی دا نەوت دەربهێنێ و هەناردە بكات. ئامانجی حكوومەتی عێراقی لە بڕینی بودجە خنكاندنی هەرێم و وەستاندنی گەشەسەندنەكەی
بوو بەڵام ئابووریی سەربەخۆی هەرێم ئەو سیاسەتەی بەغدای وەستاند.
٦. لە گەشەی ئابووری و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیدا سەرباری بڕینی بودجە و كێشەی جۆراوجۆر، هەرێمی كوردستان لەچاو عێراق سەركەوتنی زیاتری بەدەست هێناوە. ئەوە لە حاڵێكە كە داهاتی عێراق لە دوای ڕووخانی سەددام یەك تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە و كەس نازانێ ئەو هەموو پارەیە بۆ كوێ چوو و بۆ دەبێ خەڵكی ناوەند و باشووری عێراق لە هەژاریدا بژیین.
۷. بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی لەم تەوقیتەدا بڕیارێكی سیاسی بووە بە پلەی ئیمتیاز و ئامانج لێی گوشارهێنانە بۆ هەرێمی كوردستان و پارتی بۆ ئەوەی دەستبەرداری هەڵوێستە سیاسییەكانی بێت. ئامانجی كۆتایشی بچووككردنەوەی تواناكانی هەرێم و بەهێزكردنی ناوەند و بەتاڵكردنەوەی فیدڕاڵیزمە لە ماناكانی خۆی. بڕیارەكە سیاسیە و دەبێ بە ڕێككەوتنی سیاسیش عیلاج بكرێت و
كاركردن بۆ سەپاندنی بڕیارێكی سیاسی كێشەتان قووڵتر دەكات.
۸. هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو بڕیارە نابێت چونكە بڕیارەكە بە نەفەسێكی شۆڤێنی و نادەستووری دەرچووە. بڕیاری ئەو لایەنە سیاسییانەی لە پشتە كە لە شازدەی ئۆكتۆبەر خاكی كوردستانیان داگیر كرد و ئێستاش ڕۆژانە دڕۆن و مووشەك لە هەرێمی كوردستان دەگرن.
۹. نەوت و سامانە سرووشتیەكان موڵكی گەلی كوردستانە. ئەو سامانە بۆ ماوەی سەد ساڵ بۆ بەهێزكردنی دەوڵەتی عێراق و وێرانكردن و جینۆسایدی كوردستان بەكار هاتووە. هیچ گەرەنتییەك نییە كە حوكمدارانی ئێستای عێراق هەمان سناریۆی سەدساڵ پێش دووبارە نەكەنەوە. هیچ گەرەنتییەكیش نیە كە حكوومەتی عێراق لە حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی كەرتی نەوت و گازی هەرێم پابەندی ئەوە بێت بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بنێرێت. چونكە ئەزمونی تاڵی بڕینی بودجەی لەگەڵ بەغدادا هەیە.
۱۰. هەرێمی كوردستان هیچ دەستەڵاتێكی لە نەوتی بەسڕا و ڕۆمەیلە نیە و بەشداریش نیە لە تەرسیمی سیاسەتی نەوتیی عێراق، مەعقووڵ نیە خۆی لەو مافەش بێبەش بكات كە دەستی لە ڕەسمی سیاسەتی ئابووری و نەوتی خۆی هەبێت كە موڵكی خۆیەتی و سەروەتێكی سرووشتیە.
۱۱. كوردستان سەدساڵ ئەزموونی تاڵ و پڕ لە كارەساتی لەگەڵ حوكمی ناوەندگەرایی و شۆڤینیەت و پێشێلكردنی شەراكەت هەیە و باش شارەزایانە. بۆیە ملكەجی بڕیاری ئەوانەش نابێت كە ئامانجی كۆتاییان نەهێشتنی هەرێمی كوردستانە.
۱۲. بەداخەوە لەناوخۆدا بەهۆی ئیرهابی فكری و پۆپۆلیزمەوە ئەو قەناعەتە لای بەشێك لە خەڵك دروست بووە كە دەبێ بە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی خۆشحاڵ بن. بەڵام حەقیقەتێك هەیە كە لە عێراقدا دامەزراوەكان و یاسا سەروەر نین و میلیشیا و میزاج و ئیرادەی تایفی و دەرەكی باڵادەستە. ئەو ئیرادە و میزاجەی ژیانی لە هاووڵاتیانی عێراقی تاڵ كردووە و دۆزەخی بۆ خوڵقاندوون بە دڵنیاییەوە خێری بۆ خەڵكی كوردستان ناوێت.