سەنتەرێکی نوێی تالاسیمیا لە هەولێر کرایەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ و لەرۆژی جیهانی تالاسیمیادا، لەشاری هەولێر سەنتەرێکی چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییە کرایەوە کە لە توانایدا هەیە لە یەک مانگدا پێشوازی لە  750 نەخۆش بکات.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبونی، د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم لە شاری هەولێر سەنتەرێکی چارەسەرکردنی توشبوانی تالاسیمیا کرایەوە و لە وتەیەکیشیدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند،”کردنەوەى ئەم سەنتەرە نوێیە کە یەکێکە لە گرنگیەکانى شارەکەمان و لەسەر ڕوبەرى 3300 مەتردوجا دروستکراوە و لەمانگێکدا دەتوانێت پێشوازى لە 750 نەخۆش بکات بەدڵنیاییەوە یەکێک دەبێت لەو شوێنانەى تووشبوانى تالاسیمیا سودى زۆرى لێ دەبینن”.

 هاوکات سەبارەت بەو خێرخوازەی ئەرکی دروستکردنی سەنتەرەکەی گرتبوە ئەستۆ پارێزگاری هەولێر رایگەیاند،” شانازى بەخێرخوازانى شارەکەمان دەکەین، کەهەمیشە هاوکار و هەماهەنگمان بون، لەهەمو ئەو قەیرانانە و کێشانەى بەسەرشارەکەماندا هاتوە، لەکاتى ڕودانى لافا و ڕوبەڕووبونەوەى وشکەساڵى و لەمانگى پیرۆزى ڕەمەزان لەهاوکارى و یارمەتیدانى لێقەوماوان و هەژاران بینیمان چەندە پیاوى گەورە و ئافرەتى گەورەمان هەیە لەشارەکەمان کە بەو نیەتەى هەولێرییەکانى پێناسراوە لەڕۆژى تەنگانە و لێقەوماندا  بڕیارى دروست دەدەن، نمونەیان زۆربێت، وەکو حکومەت و خەڵکى هەولێر شانازیان پێوەدەکەین”.

تالاسیمیا نەخۆشییەکی بۆماوەیی خوێنە، کەسێکی تووشبوی نەخۆشییەکە، رێژەیەکی کەمتری خڕۆکە سورە تەندروستەکانی هەن، بەمەش بڕێکی کەمتری هیمگۆگڵۆبینی تەندروستی هەیە و باوترین نەخۆشیی بۆماوەییە کە لە باوانەوە بۆ منداڵان، لە رێگەی بۆهێڵ “جین”ەکانەوە دەگوازرێتەوە.

لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە رۆژی 8-5وەک رۆژی بەرەنگاربونەوەی نەخۆشییەکە دیاریکراوە، ساڵانە و بەم بۆنەیەشەوە چەندین هەڵمەتی خوێنبەخشین و چالاکی هۆشیارکردنەوەی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن.

ھەواڵی زیاتر