مه‌ترسییه‌كانی ئالووده‌بوون به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر

ئالووده‌بوون به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر یه‌كێكه‌ له‌ پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌م ناوچه‌یه‌، كه‌ ڕه‌هه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیی، ده‌روونیی، یاسایی، سیاسیی و ئابووریی هه‌یه‌. ئالووده‌بوون به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر زه‌مینه‌ساز و بناغه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و زیادبوونی تاوان و لادانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌، به‌ مانایه‌كی دیكه،‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئالووده‌بوون به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، په‌یوه‌ندییه‌كی دوولایه‌نه‌یه‌، له‌ لایه‌ك، كۆمه‌ڵگه‌ و بونیاده‌كانی به‌ره‌و داته‌پین و له‌ناوچوون ده‌بات، له‌ لایه‌كی دیكه‌، دیارده‌یه‌ك كه‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌ی له‌ پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی و كولتوورییه‌كاندا هه‌یه‌.

ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵناسییدا، ئالووده‌بوون به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر وه‌ك «جه‌نگی كیمیایی خێزانیی» یان «جه‌نگی بێ سنوور» له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین. ڕێكخراویی ته‌ندروستیی جیهانیی، ئالووده‌بوون به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ پاڵ سێ پرسیی سه‌ره‌كیی گه‌ردوونیی داناوه‌ ئه‌وانیش: به‌كارهێنان و هه‌بوونی چه‌كی ئه‌تۆمی، پیسبوونی ژینگه‌ و هه‌ژاریی و زه‌قبوونه‌وه‌ی چینایه‌تیی.

هۆكاره‌ كارتێكه‌ره‌كانی ئالووده‌بوون به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر
یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵناسی دۆزینه‌وه‌ی هۆكار و سه‌رچاوه‌كانی كێشه‌ و لادانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌، دیارده‌ی ئالووده‌بوون به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌و كێشانه‌یه‌ كه‌ به‌گشتی ده‌كرێ كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجیی ئابووریی، كۆمه‌ڵایه‌تیی، كولتووریی، سیاسیی و ده‌روونیی و سیسته‌می كه‌سایه‌تیی تاك و كۆمه‌ڵگه‌كان به‌جێبهێڵێت. وێڕای ئه‌وه‌ش، قۆناغی هه‌رزه‌كاریی، نه‌بوونی یاسای جددیی و واقعی، بێتوانایی له‌ پارێزگاریكردن و پێشگرتن، به‌كارهێنانیی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی خێزان، …. هۆكاریی سه‌ره‌كیی بن له‌ ئالووده‌بوون به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر، به‌ڵام له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا ده‌كرێ وردتر ده‌ستنیشانی سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بكه‌ین:

یه‌كه‌م: هۆكاره‌ كه‌سییه‌كان (Individual factors)
هۆكاره‌ كه‌سییه‌كان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كه‌سایه‌تیی تاك وه‌ك هه‌بوونی سترێس، تێكچوون و نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان، گۆشه‌گیریی و شكستخواردن، هه‌ژاریی و لاوازیی كه‌سایه‌تیی هۆكاری سه‌ره‌كیین بۆ ئه‌وه‌ی تاكه‌كان به‌دوایی ئارامكه‌ره‌وه‌ بگه‌ڕێن، مادده‌ی هۆشبه‌ریش یه‌كێكه‌ له‌ ئارامكه‌ره‌وه‌ كاتییه‌كان، له‌ لایه‌كی دیكه‌، هه‌ژاریی له‌ ڕووی ئابووریی و نه‌بوونی بڕوانامه‌ و په‌روه‌رده‌كردنێكی ته‌ندروستیش هۆكاریی ده‌ستتێوه‌رده‌رن كه‌ بێگومان سه‌رچاوه‌ی ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییان له‌ پشته‌. نه‌بوونیی ئامانج له‌ ژیان، بێهیوایی و متمانه‌بوون به‌ خود و لاوازی ئیراده‌، شكستخواردن له‌ گه‌یشتن به‌ ئامانج و ئاره‌زووییه‌كی دیاریكراو، هه‌موویان هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیی تاك به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌ به‌رن كه‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌كاربهێنێت.

دووه‌م: هۆكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
له‌ نێو هۆكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، خێزان ڕۆڵێكی سه‌ره‌كیی و گرنگی له‌ تاوتوێكردنی پرسی ئالووده‌بوون به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر هه‌یه‌، چونكه‌ خێزان بناغه‌ و دامه‌زراوه‌ییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی گرنگه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا و ژێرخانی كه‌سایه‌تیی تاكه‌كان بینا ده‌كات. بۆ نموونه‌ ئه‌و هۆكاره‌ خێزانیانه‌ی كاریگه‌رییان له‌ ئالووده‌بوون به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر هه‌یه‌ بریتیین:
1.هه‌لومه‌رجیی ناجێگیریی خێزان.
2.په‌رشوبڵاویی و جیاوازییه‌ ناوه‌كییه‌كانی نێو خێزان.
3.نه‌بوونی به‌ها و نۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تیی ته‌ندروست له‌ خێزان.
4.نه‌بوونی په‌روه‌رده‌ی خێزانی و پێسپاردنی په‌روه‌رده‌ی منداڵ و هه‌رزه‌كار به‌ په‌روه‌رده‌ی ناحكومی و حكومی
5.هه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی ناته‌ندروست و پڕكیشه‌ی نێوان دایك و باوك.
6.پێنه‌گه‌یشتوویی عه‌قڵیی و ڕه‌فتاریی دایك و باوك.
7.هه‌بوونی پێشینه‌ی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ خێزاندا.
8.جیابوونه‌وه‌ و ته‌ڵاق.
9.كه‌مبوونه‌وه‌ی سۆز و خۆشه‌ویستیی و په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌ندامانی خێزان.
10.زۆربوونی منداڵ و بێ توانایی له‌ په‌روه‌رده‌كردنیان.

سێیه‌م: كولتوور و به‌هاكان
هه‌موو مرۆڤێك له‌ ژێر كاریگه‌ریی به‌ها، پێوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كولتوور و ڕێوره‌سمه‌ كولتوورییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدایه‌. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش له‌ ئێستا ڕووبه‌ڕووی گۆڕانێكی كولتووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رچاو بۆته‌وه‌، تاكه‌كان تووشی ئه‌نۆمی و جۆره‌ شێواوییه‌كی كولتووریی هاتۆته‌ كایه‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا به‌هۆی هاتنی ئاواره‌ سووریی و گه‌شتیار و ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان و كورد و ئێرانییه‌كان و خه‌ڵكانی بیانیی، تاكه‌كان جۆرێك له‌ هۆگرییان بۆ كولتووریی ئه‌وان لا دروست بووه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی هه‌بووه‌ له‌ به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر، چونكه‌ ئه‌وان بره‌و به‌ كولتووری خۆیان ده‌ده‌ن و دامه‌زاروه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشمان له‌ هه‌موو ئاست و قه‌باره‌یه‌ك كه‌مته‌رخه‌م بوونه‌ له‌ هوشیاركردنه‌وه‌ و ڕێگریكردن له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاریگه‌رییه‌ كولتووریی ئه‌وانیتر به‌سه‌ر ورده‌كولتوور و كولتووری ئێمه‌دا هه‌یانه‌.

چواره‌م: كێشه‌ ئابوورییه‌كان
له‌ ڕاستیدا قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌كان له‌ هه‌ر وڵاتێك سه‌رهه‌ڵبدات ئاست و قه‌باره‌ی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش زیاد ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و كێشه‌ ئابوورییانه‌ی ده‌بنه‌هۆی ئالووده‌بوون به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر بریتیین له‌:

  1. نه‌بوونی دڵنیایی به‌ داهاتوو.
    2.به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێكاریی.
    3.فشاریی ئابووریی و نه‌بوونی ئاسته‌كانی خۆشگوزه‌رانی.
    4.نایه‌كسانی ئابووریی و زۆربوونی كرێكاریی بیانی.
    5.جیاوازیی چینایه‌تیی و زۆربوونی چینی هه‌ژار و نه‌مانی چینی مامناوه‌ند.
    6.هه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی ناڕه‌وا و نایاسایی بۆ داهات و لاساییكردنه‌وه‌یان.
    هه‌موو ئه‌مانه‌ هۆكاریی سه‌ره‌كیین بۆ ئه‌وه‌ی تاكه‌كان تووشیی نارێكیی كه‌سایه‌تیی و هان بدرێن بۆ به‌كارهێنان و فرۆشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر.

پێویسته‌ چی بكرێت؟
1.ده‌كرێ هه‌ڵمه‌تیی هوشیاریی له‌ قوتابخانه‌ حكومیی و ناحكومییه‌كان ئه‌نجام بدرێت.
2.خێزانه‌كان له‌ مه‌ترسیی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ئاگادار بكرێنه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی دامه‌زراوه‌ ئایینییه‌كان.
3.یاسا به‌ركاره‌كان هه‌موار بكرێنه‌وه‌ و سزای بیانییه‌كان دابنرێت و توندتر بكرێت.
4.به‌كارهێنه‌ر وه‌ك تاوانبار ته‌ماشا نه‌كرێت، به‌ڵكو سه‌نته‌ری تایبه‌تمه‌ند بۆ دووباره‌ به‌كۆمه‌ڵایه‌تییبوونه‌وه‌یان بگیردرێته‌ به‌ر.
5.رێكخستنی ده‌رفه‌ته‌كانی كاركردن، و كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێكاریی بیانیی.
6.بڵاوكردنه‌وه‌ی بروشور و ڤێدیۆ و وێنه‌ له‌ میدیا و سۆشیال میدیا بۆ هوشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان.

ھەواڵی زیاتر