پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كێن ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌مه‌ودوا خاوه‌نداریه‌تیی یانه‌ی چێڵسی ده‌كه‌ن؟

به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، یانه‌ی چێڵسیی ئینگلیزی، خاوه‌ندارانی داهاتووی یانه‌كه‌ی، له‌ دوای رۆمان ئه‌برامۆڤیچی ڕووسی، ئاشكرا كرد.
یانه‌ی چێڵسی، مشتومڕی چاره‌نووس و فرۆشتنی یانه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی یه‌كلایی كرده‌وه‌ و خاوه‌نانه‌ی تازه‌ی یانه‌كه‌ی راگه‌یاند.
له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا، یانه‌ی چێڵسیی ئینگلیزی، گیرۆده‌ی كێشه‌ی خاوه‌نداریه‌تی بوو، به‌ تایبه‌ت دوای رۆییشتنی رۆمان ئه‌برامۆڤیچی ڕووسی، به‌هۆی ده‌رهاویشته‌ی شه‌ڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكراین، كه‌ ساڵانێكی زۆر خاوه‌نداریه‌تیی یانه‌كه‌ی كرد، به‌ڵام به‌هۆی نزیكیی له‌ ڤلادیمێر پۆتینی سه‌رۆكی ڕووسیا، حكوومه‌تی بریتانیا چه‌ند ڕێكارێكی له‌دژ گرته‌ به‌ر، ئه‌وه‌یش ناچاری كرد وڵاته‌كه‌ جێ بهێڵێ و یانه‌ی چێڵسی بفرۆشێت.
له‌ ڕێگه‌ی پێگه‌ی فه‌رمیی خۆیه‌وه‌، یانه‌ی چێڵسی رایگه‌یاند، كه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن به‌ چه‌ند مه‌رجێكی تایبه‌ت بۆ خاوه‌نداریه‌تیی تازه‌ی یانه‌ ئینگلیزییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران.
ئه‌و گرووپه‌، بریتین له‌: تۆد بۆهلی، كلێرلیك كاپیتاڵ، مارك واڵته‌ر و هانسبۆرگ ویس، كه‌ خاوه‌نداریه‌تیی یانه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن.
یانه‌ی چێڵسی، ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ كۆی گشتی وه‌به‌رهێنانی ئێستا، ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ 2.5 ملیار جونه‌یهی ئیسته‌رلینی ده‌ده‌ن بۆ كڕینی پشكه‌كانی یانه‌كه‌.
بڕیاره‌ به‌شێكی ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌، له‌ هه‌ژمارێكی بانكی بریتانیادا دابنرێ، به‌ ئامانجی به‌خشینی 100%ی بۆ ڕێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كان.
وه‌به‌رهێنه‌ر و خاوه‌نانی تازه‌ی یانه‌كه‌، ده‌بێ 1.75 ملیار جونه‌یهی ئیسته‌رلینیی دیكه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی و خه‌رجییه‌كانی دیكه‌ی یانه‌كه‌ ته‌رخان بكه‌ن.
ئه‌و كاره‌ وه‌به‌رهێنه‌رانه‌یه‌، په‌ره‌پێدانی یاریگه‌ی ستامفۆرد بریج و ئه‌كادیمیای یانه‌كه‌ و تیمی كچان وپشتیوانیی دارایی دامه‌زراوه‌ی یانه‌ی چێڵسی ده‌گرێته‌وه‌.
یه‌كێك له‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی تازه‌ی یانه‌كه‌‌، تۆد بۆهلییه‌، كه‌ بزنسمانێكی ئه‌مریكییه‌ و كه‌ دامه‌زرێنه‌ر و هاوبه‌ش و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی كارگێڕی و سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری یه‌كێك له‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی ئه‌مریكایه و سه‌رمایه‌كه‌ی ده‌گاته‌ 4.5 ملیار دۆلار، ئه‌م زانیارییانه‌ گۆڤاری فۆڕبێسی ئابووری بڵاوی كردوونه‌ته‌وه‌.
كلێرلیك كاپیتاڵ، كۆمپانیایه‌كی ئه‌مریكییه‌ كه‌وتووه‌ته‌ كه‌رتی سانتا مۆنیكا له‌ ویلایه‌تی كالیفۆرنیا و له‌ ساڵی 2006ـدا دامه‌زراوه‌.
مارك واڵته‌ریش بزنسمانێكی ئه‌مریكیی ته‌مه‌ن 62 ساڵانه‌، چه‌ندان كاری وه‌به‌رهێنان له‌ شیكاگۆ و نیویۆرك ده‌كا و سامانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ 4 ملیار دۆلار، ئه‌مه‌ش گۆڤاری فۆڕبێس.
هانسبۆرگی ویسیش بزنسمانێكی سویسرییه‌ و ته‌مه‌نی 86 ساڵه‌، سامانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ 5.1 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی.