پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دۆخی یانه‌ كوردستانییه‌كان له‌ خولی نایابی عێراقی

له‌ دوای ئه‌نجامدانی 30ـی گه‌ڕ له‌ یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی یانه‌ كوردستانییه‌كان ئه‌نجامه‌كانیان هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی زۆر به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، زاخۆ له‌سه‌رتا باش ده‌ركه‌وت، به‌ڵام دواتر ئه‌نجامه‌كانی رووه‌ و دابه‌زین بوو، پێچه‌وانه‌ی هه‌ولێر و نه‌ورۆز له‌سه‌رتادا خراپن بوون و دوایی ئه‌نجامه‌كانیان باش بوویه‌وه‌، له‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان و دۆخی یانه‌كان له‌ خولی نایابی عێراقی ده‌كات.

زاخۆ له‌گه‌ڵ راهێنه‌ره‌ تازه‌كه‌ی گه‌ڕایه‌وه‌ نێو ململانێكان
زاخۆ دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌بدولوه‌هاب ئه‌بولهێل، 7 یاری هیچ بردنه‌وه‌یكی تۆمارنه‌كردوو به‌ خراپترین قۆناغی ئه‌م وه‌رزه‌ دا تێپه‌ڕی، به‌ڵام گۆڕانكارییان له‌ پۆستی راهێنه‌ر كردوو، فیراس خه‌تیبی یاریزانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی سووریان كرده‌ راهێنه‌ر، له‌ 2 یاریی دا دوو بردنه‌وه‌ی بۆ سوور پۆشه‌كانی زاخۆ به‌ده‌ستهێنا، زاخۆ له‌ خانه‌ی هه‌شته‌م دێت به‌ 43 خاڵ، چاوی له‌وه‌یه‌ بگاته‌ ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی خوله‌كه‌، زاخۆ گه‌ڕی رابردوو 6 یاریزانی به‌هۆی پێكان و كارتی سوور و زه‌رده‌وه‌ نه‌یانتوانی به‌شداری یاریی دژی نه‌فتی به‌سره‌ بكه‌ن، له‌ كاتی یارییه‌كه‌ش 2 یاریزانی دیكه‌ی تووشی پێكان هاتن، ئینجا زاخۆ توانی به‌ بێ ئاماده‌بوونی هانده‌ره‌كانیشی به‌ (2-1) له‌ نه‌فتی به‌سره‌ بباته‌وه‌.

یانه‌ی هه‌ولێر دۆخی خراپه‌
یانەی هەولێر له‌ دوو یاریی رابردووی له‌ دژی زاخۆ و نه‌فت تووشی دۆڕان هاتووه‌، 5 گۆڵی لێكراوه‌، ته‌نها یه‌ك گۆڵی كردووه‌، نزار مه‌حرووس به‌ هۆی شێوازی یاریكردنی له‌ چه‌ند یاریی رابردووی تووشی یه‌كسان و دۆڕان هاتووه‌، كه‌ بریتیه‌ له‌ به‌رگریكردن و كشانه‌وه‌ بۆ دوواوه‌، پێكانی شوان مامۆ و بارزان شێرزاد، كاریگه‌ری ته‌واویان له‌سه‌ر ئاستی هه‌ولێر هه‌بووه‌، زه‌ردپۆشه‌كانی هه‌ولێر به‌ 36 خاڵ له‌ خانه‌ی ده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت، ده‌بێت به‌ خێرای ئه‌نجامه‌كانی باشتر بكات و له‌ شكست دووربكه‌وێته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا تووشی دۆخێكی خراپ ده‌بێت و ده‌كه‌وێتـه‌ نێو تۆڕی كێبڕكێكردن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ له‌ خولی نایابی عێراقی.

نه‌ورۆز له‌ دۆخێكی باش دایه‌
یانه‌ی نه‌ورۆز به‌ راهێنه‌رایه‌تی وه‌لی كه‌ریم، له‌ پێگه‌یه‌كی باشدایه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ مانه‌وه‌ی مسۆگه‌ر نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ نه‌ورۆز یه‌كه‌م وه‌رزییه‌تی به‌شداری له‌ خولی نایابی عێراقی ده‌كات، به‌ڵام بووه‌ته‌ سه‌رئێشه‌یه‌كی زۆر بۆ زۆربه‌ی یانه‌كانی عێراق، نه‌ورۆز به‌ 36 خاڵ له‌ خانه‌ی یازده‌یه‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ دێت، هه‌وڵی مانه‌وه‌ ده‌دات، ئاسۆ رۆسته‌می هێرشبه‌ری تیپه‌كه‌ به‌ 12 گۆڵ دووه‌م گۆڵكه‌ری خولی نایابی عێرقییه‌.

شوڕته‌ نیزكه‌ ببێته‌ پاڵه‌وان
یانه‌ی شوڕته‌ ته‌نها پێویستی به‌ 9 خاڵی دیكه‌یه‌ تا ببێته‌ پاڵه‌وان له‌ كاتێكدا، 11 یاریی ماوه‌، به‌ڵام به‌ هۆی دووری جیاوازی زۆری خاڵه‌كان كه‌ 20 خاڵه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی ته‌ڵه‌به‌ی خاوه‌ن پله‌ی دووه‌م، به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر ناسناوه‌كه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلا كردووه‌ته‌وه‌، مه‌حموود مه‌واسی هێشبه‌ریشی به‌ 17 گۆڵ گۆڵكه‌ری خولی نایابی عێراقه‌ تا ئێسته‌، یانه‌كانی كه‌رخ و دیوانیه‌ و مینا و سامه‌ڕا، له‌ خانه‌كانی كۆتایی و ناوچه‌ی سوورن و نزیكه‌ له‌ دابه‌زین.

رۆژی چوارشه‌ممه‌
سامه‌ڕا – نه‌جه‌ف
قاسم – دیوانیه‌
مینا – كه‌رخ
نه‌فتی میسان – شورته‌
یارییه‌كانی رۆژی پێنجشه‌ممه‌
نه‌فتی به‌سره‌ – نه‌فت
هه‌ولێر – نه‌فتی وه‌سه‌ت
زه‌ورا – زاخۆ
یارییه‌كانی رۆژی هه‌ینی
نه‌ورۆز – ئه‌مانه‌ی به‌غدا
كاره‌با قوه‌ی جه‌ویه‌
ته‌ڵه‌به‌ – سناعه‌