ڕەبۆ، نەخۆشییەکی درێژخایەنە و بنبڕ ناکرێت

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

ساڵانە یەکەم سێشەممەی مانگی مایس بە (ڕۆژی جیهانیی نەخۆشینی ڕەبۆ) دانراوە، کە تیایدا زانیاری دەربارەی ئەم نەخۆشییە بڵاو دەکرێتەوە.

ئەمساڵ (٢٠٢٢ ز.) دەکاتە (٠٣/٠٥/٢٠٢٢ زایینی) لەژێر پەیامی) نەهێشتنی هەموو کەموکورتییەکان لە چارەسەری ڕەبۆ (بەوەی کە هەموو ئەو کەسانەی نەخۆشینی ڕەبۆیان هەیە بە شێوەیەکی یەکسان هەموو خزمەتگوزارییەکی تەندروستییان بۆ دابین بکرێت؛ هەروەها کارکردن لەسەر ناساندن و بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی بۆ نەخۆش و خانەوادە و میللەت و زانینی ئەوەی کە نەخۆشینی ڕەبۆ نەخۆشییەکی درێژخایەنە و دەکرێت ئەگەرهاتو بە شێوازێکی تەندروستی چارەسەر کرا ئەوا بەرزەفت بکرێت.
د. ئازاد مەنتك پسپۆڕی نەخۆشییەكامی هەناو و دڵ ڕوونی دەكاتەوە كە: ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی ئاماژە بەوە دەدات، کە ئێستاکە (٢٣٥) ملیۆن کەس (نەخۆشی ڕەبۆ)یان هەیە. ئەم نەخۆشییە چەند نیشانەیەک دروست دەکات، وەک: کۆخە، بێنتەنگی، سینگئێشان، سیخەسیخ، ویزەی سیپەلاک. ئەم نیشانانە بەتایبەت لە بەرەبەیان زۆر بۆ نەخۆشەکە دێنێت، کە؛ دواتر لەخۆوە یان بە دەرمان نامێنێت.
د. ئازاد مەنتك دەشڵێت: لە کوردستان ژمارەی تەواوی تووشبووان بە نەخۆشی ڕەبۆ نازانرێت بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم نەخۆشییەیان هەیە، مەزەندە دەکرێت لای ئێمە بە ڕێژەی (٥٪) بێت. لە عێراقدا ڕێژەکە بەرزترە و دەگاتە (٨.٩٪)؛ وە هەتا بە تەمەندا بکەون ڕێژەکە زۆرتر دەبێت و ئافرەت زۆرتر لە پیاوان تووشی دێن.
نەخۆشی ڕەبۆ نەخۆشییەکی درێژخایەنە و بنبڕ ناکرێت بەڵام دەتوانرێت بەرزەفت و کۆنترۆڵ بکرێت ئەگەرهاتو نەخۆش و خانەوادەکەی هۆشیارییان زۆر بێت و ڕێکار و شێوازی دروستی چارەسەر بۆ نەخۆش ڕوون بکرێتەوە و فێر بکرێت.

زانیاری لەسەر نەخۆشی تەنگەنەفەسی
پزیشكان ئاماژە بە نیشانەكان و هۆكار و چۆنیەتی خۆپاراستن لە تەنگەنەفەسی دەكەن:

نیشانەکان:
نیشانەکانی نەخۆشی ڕەبوو خۆیان دەگرنەوە لەنێوان نووزەنووزێکی کەم بۆ تەنگەنەفەسیەکی سەخت، ڕەبۆ لە نەخۆشێكەوە بۆ نەخۆشێكی تر دەگۆڕێت. هەروەها هەناسەسواری. کێشە لە کاتی نووستندا. توند و گرانداگەڕانی سینگ یاخود ئازار لە سینگدا؛ نۆرەکانی کۆخە و نووزەنووزی سینگ خراپتر دەبێت لەگەڵ هەوکردنی ڤایرۆسی ڕێڕەوی هەناسە وەک هەڵامەت.

هۆکاری ڕەبۆ
هەرچەندە تاکو ئێستا ڕوون نییە بۆچی هەندێك لە خەڵک تووشی ڕەبۆ دەبن و هەندێکی تر تووش نابن، بەڵام بەزۆری هۆی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ژینگەیی و هۆکاری بۆماوەیی. كەهۆکاری ورژاندنی ڕەبوو لە کەسێک بۆ یەکێکی تر جیاوازە و بە گشتی بریتین لە:
هەوکردنی ڕێڕەوی هەناسە وەک هەڵامەت؛ ماندوویەتی و وەرزش.
تۆز و خۆڵ و هەوای پیس؛ دووکەڵی جگەرە.
هەوای سارد. هەندێک جۆری دەرمان. بارێکی سۆزداری زۆر بەهێز یاخود پەستانی دەرونی. هەندێک جۆری خۆراک.
هەڵچوونی ناوەڕۆکی ناو گەدە بۆ بۆڕی سورێنچک (هێڵنجدان) و لە ئافرەتانیشدا سووڕی مانگانە.
هۆکاری مەترسیدار بۆ تووشبوون:
هەڵمژینی دووکەڵی جگەرە. قەڵەوی یاخوود ژیان لە ناوچەی پیشەسازیدا، بەتایبەی ئەو جێگایانەی کە هەوای زۆر پیسە. لەدایکبوون بە کێشی کەم.

كاتی سەردانی پزیشك:
چەند هۆكارێك هەن كەوات لێدەكەن كە پێویستە لەو كاتانەدا سەردانی پزیشك بكەیت (نەخۆش گەر کۆخەی هەبوو بۆ زیاتر لەچەند ڕۆژێک، یاخود نیشانەکانی نەخۆشی ڕەبووی هەبوو. بۆ چاودێری کردنی نەخۆشی ڕەبوو پێویستە لەگەڵ پزیشک ڕاوێژ بكەیت بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی نیشانەکانی. وە ئەگەرنیشانەکانی نەخۆشینی ڕەبۆکەت زۆر بوون) لەو كاتانەدا پێویستە بێ دوودڵی و دڵەڕاوكێ سەردانی پزیشك بكەیت.

چۆنیەتیی خۆپاراستن:
بۆ کەمکردنەوەی نۆبەکانی نەخۆشی تەنگەنەفەسی پێویستە نەخۆش خۆی بپارێزت لە هۆکارە ورووژێنەرە‌کانی نۆبەی رەبۆ، وەک تۆز و خۆڵ و دووکەڵ و هتد. هاوكات نۆبەکان زوو بناسەوە و زوو خۆت چارەسەر بکە، ئەمەش دەکرێت بە چاودێری کردنی هەناسەدانت، لەوانەی هەندێک جار نیشانەی ئاگادارکەرەوەت تووشببێت وەک کۆخینێکی کەم یاخود تەنگەنەفەسیەکی کەم، لەم کاتانەدا دەستبەجێ خۆت چارسەر بکە بە گوێرەی ئەو دەرمانانەی کە بۆت نووسراوە لەلایەن پزیشکەوە. ودەرمانەکان بەتەواوی وەربگرە، نەکەی لەخۆتەوە دەرمان بگۆڕیت و ڕاوێژی پزیشکی لەبیر مەكە.

ھەواڵی زیاتر