ئەمڕۆ چوارشەممه 20ی تشرینی یەکەمی 2021، بە ئامادهبوونی مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، لە شاری هەولێر رێوڕەسمێک بۆ خهڵاتكردنی قوتابییه یهكهمهكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوە چوو، تێیدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد.
پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
• پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی ئازیز دەكەم بۆ دەرچوونتان و تەواوكردنی ئەم قۆناغە لە خوێندن بە پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم لە سەر ئاستی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
• هیوادارم لە قۆناغەكانی دیكەش كە دەچنە زانكۆ، هەروا سەركەوتوو بن و ببن بە كەسی كاریگەر و سەركەوتوو بۆ كۆمەڵگەكەتان.
• زانست و خوێندن هێزە، چەند زیاتر خۆتان پێ بگەیەنن، چەند زیاتر خۆتان فێر بكەن، ئەوەندە كەسایەتییەكی بەهێزتر بۆ خۆتان دروست دەكەن و دەتوانن ببن بە كەسێكی كاریگەر بۆ كۆمەڵگەكەتان و وڵاتەكەتان.
• هیوادارم خوێندن تەنیا لە پێناو خوێندن نەبێت، بۆ ئەوە بێت وەكوو كەرەستەیەك خوێندن بەكار بهینن كە چۆن بتوانن كاریگەرییەكی زیاتر لەسەر پێشخستنی كۆمەڵگە و وڵاتەكەتان بكەن و وڵاتەكەتان ئاوەدانتر بكەن.
• ئێوە دەتوانن لە داهاتوودا ببن بە سەركردە و رێبەر و مامۆستای باش بۆ نەوەكانی دوای خۆشتان.
• من داواتان لێدەكەم لەم قۆناغە و لە قۆناغەكانی داهاتووشدا سێ شت لەبەرچاو بگرن، نیشتمانپەروەری و ژیاندۆستی و ژینگەدۆستی.
• نیشتمانپەروەر بن بۆ ئەوەی بتوانن وڵاتەكەی خۆتان بپارێزن و بنیادی بنێن و بەرەوپێشەوەی ببەن.
• ژیاندۆست بن بۆ ئەوەی یەكترتان خۆش بوێ و جیاوازییەكانی نێوان خۆتان قەبووڵ بكەن.
• ژینگەدۆست بن بۆ ئەوەی سرووشتی وڵاتەكەتان بپارێزن، ئاو و خاك و هەوای وڵاتەكەتان بە پاكی رابگرن. وڵاتێك دروست بكەن كە جێی سەرنجی نەك تەنیا خەڵكی كوردستان، بەڵكو گەشتیارانیش بێت تاوەكوو بێن ئەم سرووشتە جوانەی كوردستان لە نزیكەوە ببینن.
• سوپاسی هەموو ئەو فەرمانبەر و مامۆستا بەڕێزانە دەكەم كە بەردەوام بوون لە درێژەدان بە پرۆسەی خوێندن و دروستكردنی كەش و هەلومەرجێكی وا كە قوتابییەكان بەردەوام بن چ بە شێوەی ئۆنلاین یان بە شێوەی ئەلیكترۆنی و تەلەڤزیۆنی.
• خوێندنی ئەمڕۆ داهاتووی وڵاتەكەمان وێنا دەكات، توانای ئەمڕۆ هێزی داهاتووی وڵاتەكەمان پیشان دەدات.
• تكاتان لێ دەكەم ماسك ببەستن كە لە شوێنە گشتییەكاندا كۆدەبنەوە. بەستنی ماسك بۆ پاراستنی خۆتان گرنگە. ڤاكسین وەربگرن بۆ ئەوەی هەموومان بتوانین پێكەوە بە شێوەیەكی ئاسایی دەست بە كارەكانمان بكەینەوە.