چوار ساڵ بەسەر داستانی پردێدا تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هه‌ولێر

ئەمڕۆ چوار شەممە 20ی‌ ئۆکتۆبەر، هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی‌ داستانی‌ پردێ‌، کە لەو رۆژەدا بەرامبەر بە هێرشەکەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان، پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی شەڕی مان و نەمانی کرد و توانییان رێگری لە هێزەکانی حەشدی شەعبی بکەن کە دەیانویست هەرێمی کوردستان داگیر بکەن.

داستانی پردێ، پاش خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر لە رۆژێکی مێژوویدا خەبات و فیداکاری و بەرخودانی پێشمەرگە قارەمانەکانی پارتی و بارزانی لە شەڕ و داستانێکی کەموێنەدا کە شەڕی مان و نەمان بوو هاوشێوەی داستانەکانی تری مێژووی پڕسەروەریی پارتیمان، کە بەدرێژایی مێژوو لەسەر دەستی پێشمەرگەکانی پارتی و بارزانی تۆمار کراون. شەڕی پردێ بووە رۆژ و داستانی گەڕاندنەوەی شکۆمەندیی خەڵکی کوردستان، کە تێیدا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە چەکی قورسەوە لە هەموو لایەکەوە هەوڵی هاتنەناوەوەی خاکی کوردستانیان دەدا، بەڵام پێشمەرگە قارمانەکانی کوردستان بە سەرکردایەتیی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی توانیان سەرکەوتنێکی بێ‌ دوێنە تۆمار بکەن و دەبابەی ئەبرامزی ئەمریکی تێک بشکێنن، بەمەش هێزی پێشمەرگەی کوردستان داستانێکی گەورەی تۆمار کرد. داستانی پردێ سنوورێکی دانا بۆ نەیارانی کورد و خۆفرۆشان، ئەوەش بووە هەوێنی سەرکەوتنی گەورەتر لە ناوچەکانی مەحموودییە، سحێلا، مەخموور و دەوروبەری، چونکە ئامانج لە پێشڕەویکردنی حەشدی شەعبی، بچووککردنەوەی خاکی کوردستان و لە کارخستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوو.
20ـی ئۆکتۆبەری 2017 وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە خەباتی میللەتەکەماندا و لەو رۆژەدا مێژوویەکی پڕ لە شانازی تۆمار کرا، ئەو سەرکەوتنەی پێشمەرگە بۆ هەموو لایەکی سەلماند کە گەلی کوردستان خاوەن دۆزێکی رەوایە و ئامادەیە هەتا دوایین دڵۆپی خوێن بەرگری لە خاک و کەرامەتی نیشتمان بکات.
فەرماندەکانی پێـشمەرگە باسی وردەکارییە سەربازییەکان و پلانی سەرکەوتنی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەن و دەڵێن، لە داستانی پردێ گەلی کورد بڕیاری مان و نەمانی دا و توانی شکەست بە دوژمن بێنن کە هەرگیز لە خەیاڵیاندا نەبوو.
رائید سەردار محەمەد، کە یەکێک لە فەرماندە بەشدارەکانی ئەو داستانە بوو، بە “هەولێر”ـی گوت:” لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە حەشد وای دانابوو لە هەندێک لای ترەوە دەتوانێت هێرش بکات و بەبێ شەڕ داخلی کوردستان دەبێت، بەڵام نەیزانی ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە دەبێتەوە، لە داستانی پردێ، دوژمن خۆی نەگرت و شکا و چەما و خۆی لەبەرامبەر ئازایی و نەبەردیی پێشمەرگە نەگرت و هەر زوو ددانیان بە شکستیاندا نا.
ئەو فەرماندەی پێشمەرگە، دەشڵێ: “ئامانجی ئەو سوپایە تەنیا بۆ ئەوە نەبوو کە ئەو ناوچانەی جێناکۆکن داگیریان بکەن، نیازیان وابوو تەواوی کوردستان داگیر بکەن و ئەم قەوارەیە لەنێو ببەن، سەرۆک بارزانی بڕیاری دا شەڕی مان و نەمان بکەین و هەر ئەوڕۆژە لووتی دوژمن شکێندرا و نەمانهێشت کوردستان بکەوێتە دەستی دوژمن، بۆ هەموو جیهان سەلماندمان کە هیچ هێز و لایەنێک نییە خۆ لەبەر هێزی پێشمەرگە بگرێت.
نوری حەمەعەلی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی هێزی پێشمەرگە، بۆ “هەولێر” گوتی؛ “ئەو کۆدەتایەی لە 16ئۆکتۆبەر کرا، پێشتر بەرنامەڕێژی بۆ کرابوو، بەڵام لە 16ی مانگ دەستیان پێ کرد، لە 20ی مانگ پێشمەرگە وەڵامی ئەوانی دایەوە و بووە رۆژێکی مێژوویی بۆ هەرێمی کوردستان، 20ی مانگ رۆژی پارێزگارییە لە هەرێمی کوردستان، ئەو پیلانگێڕییەی هەبوو بۆ لەنێوبردنی هەرێمی کوردستان راگیرا، بە تەوجیهات و رێنمایی سەرۆک بارزانی هەموومان چووینە بەرەکانی پێشەوە بۆ تێکشکاندنی دوژنمان و ناحەزانی کورد، بێگومان ئەو شەڕەی کرا بەرگری بوو لە قەوارەی هەرێمی کوردستان، دەمشکاندنی دوژمنان و ناحەزان بوو کە لە 10ی ئەم مانگە جەماوەری عێراق وەڵامی ئەوانەی دایەوە کە شەڕخواز بوون لەسەر ئاستی عێراق، وەڵامی ئەوانەشی دایەوە کە ئاشتیخواز بوون و ویستوویانە ئیستیقرار لە عێراق بەرقرار بێت، ئەوانەی کۆدەتایان کرد پاداشتی خۆیان لەلایەن خەڵکەوە وەرگرتەوە، بۆیە دوای 16ـیڕەشی ئۆکتۆبەر، 20ـی ئۆکتۆبەر بووە رۆژێکی گرنگ و مێژوویی، بووە رۆژی بەرخودان و بەرگری دژی ئەو هێزانەی پەلاماری هەولێریان دا، بە خوێنی شەهیدان و برینداران و ئازایی فەرماندە و پێشمەرگەکان، ئەم داستانە مەزنە تۆمار کرا و پردێ بووە خاڵی وەرچەرخان”.
نوری حەمەعەلی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی هێزی پێشمەرگە، ئاشکراشی کرد:” هەمیشە هێزی پێشمەرگە ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان، دەبێت دوژمن و ناحەزانی کورد بەخۆیاندا بچنەوە، بە دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان دەڵێین کە عەقڵی شۆفێنییان تێدا مەوجودە ئێستاش بیر لە خۆیان و ئایندەی وڵات بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئیتر بەس بێت چی ماوە لەگەڵ میللەتی ئێمە نەکەن، میللەتی ئێمە بەوان نافەوتێت، میللەتی ئێمە زیندووە و هەمیشە ئامادەیە بۆ بەرگری لە خۆی، ئامادەیە بۆ پێشکەوتن و دابینکردنی ئەمن و ئاسایش لە وڵاتەکەی خۆیاندا”.

ھەواڵی زیاتر