سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

دۆخی سیاسی عێراق گەیشتووەتە بنبەست و مەرکەزییەت هیچ سوودێکی نەبووە

لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا عێراق تووندترین مشتومڕی سیاسی بەخۆیەوە بینی، بەوهۆیەشەوە عێراقییەکان بێزار بوون کە هەڵبژاردن هیچ گۆڕانکارییەکی بۆ دروست نەکردن، ئێستا دووبارە پەیوەندی هەولێر و بەغدا هاتووەتەوە بەرباس .

رۆژی ٢٠ـی نیسانی ٢٠٢٢ ، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاتەم هاوس لە لەندەن رایگەیاند:” جێبەجێکردنی سیستەمی کۆنفیدراڵی لە عێراق وا دەکات پێکهاتەکانی عێراق بەهێزتر بن،ئێستا کاتی ئەوەیە عێراقییەکان جیاواز کار بکەن دوور لە ترس و تۆقاندن، نابێت ئەو ئەزموونەی لە رابردوو روویدا دووبارە ببێتەوە .”

کۆنفیدراڵی چییە؟
عەلی تەمیمی ، شارەزای یاسایی لەبارەی کۆنفیدراڵی دەڵێ:” بەپێی دەقی دەستوور کۆنفیدراڵی مانای خاڵی هاوبەش و یەکگرتوویی چەند وڵاتێک دێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو وڵات و هەرێمانە یەکدەگرن و هاوکاری یەکدی دەکەن بە سیستەم و شێوازێکی نێوخۆیی هاوبەش،بەڵام هەر وڵاتە خاوەن سەروەری و سەربەخۆیی خۆی دەبێت .”
ئەو نموونە بە چەند ناوچەیەک دەهێنێتەوە لەوانە یەکێتی کۆنفیدراڵی کۆمکاری عەرەبی و یەکێتی ئەوروپا کۆنگرەی ئیسلامی، لەبارەی داوای سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان. ئەو شارەزا یاساییە دەڵێ “: پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا فیدراڵییە بەجۆرێک وڵات دابەش بووە بەسەر هەرێم و ناوچەی جیاواز لەگەڵ بوونی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە و سەروەری هاوبەش ، تەمیمی دەڵێ بۆ ئەوەی وڵاتێک ببێتە کۆنفیدراڵی پێویستە بڕیار لە ئەنجوومەنی ئاسایش بدرێت ،لە دەستووریشدا لە ماددەی یەکەم ئاماژە بە سیستەمی عێراق دراوە کە فیدراڵییە .
سامان نووح، نووسەر لەبارەی گوتەکانی سەرۆک وەزیران رایگەیاند:” سەرۆک وەزیران بەوجۆرە باسی کۆنفیدراڵی نەکردووە کە پڕۆژەیەک بێت سەرکردایەتی کورد ئێستا پێشکەشی بکات و بیەوێت جێبەجێی بکات، بەڵکو وەکو دیدگەیەکی گشتی و کۆتایی بۆ چارەسەری کێشەی پێکهاتەکان لە عێراق و ململانێکانیان لە نێو دەوڵەتدا .
لای خۆیەوە ،عومەر عەبدولستار، لێکۆڵەری سیاسی رایگەیاند:’ هەرێمی کوردستان بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە، یەکەمیان خۆڕێبەری لە نێوان ساڵانی 1991 بۆ 2003 پاشان چوونە نێو فیدراڵییەت لە عێراق بە پێی ماددەی 117 ـی دەستوور و دوای پرۆسەی ئازادی عیراق ،تا گەیشتە قۆناغی ئێستا کە بریتییە لە پەکخستنی بەشداری راستەقینەی کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق چ لە سوننە یان شیعەوە بەگوشاری هەندێک وڵات .
ئەو لێکۆڵەرە دەڵێ :” داوای کورد بۆ کۆنفیدراڵی ئێستا زەق بووەتەوە بەتایبەت دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پاشان دوورخستنەوەی زێباری لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی عێراق و دواتر بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوت و گازی کوردستان و ئینجا بە ئامانجکردنی هەولێر بە مووشەک.
بۆچوونی جیاواز هەیە لەبارەی سیستەمی کۆنفیدراڵی و سەرکەوتنەکەی، محەمەد زەنگەنە لێکۆڵەر دەڵێ :” لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ناوەندیی بوون لە عێراق هیچ سوودی نەبوو، عێراق لە ٢٠٠٣وە ٥٥ ماددەی دەستووری پێشێل کردووە و پەکی خراوە، ئەو ماددانە یان جێبەجێ نەکراون، یان پێشێل کراون .
ئەو پێی وایە بەهۆی ئەو کێشە و ململانێ سیاسییانەی هەیە، کورد بیر لەوە دەکاتەوە جێگرەوەیەک هەبێت بۆ ئەو دۆخە، کۆنفیدراڵیش ئازادی و دەسەڵاتی زیاتر دەداتە پارێزگا و هەرێمەکان بۆ بەڕێوەبردنی خۆی بۆ خۆی.”
دۆخی سیاسی عێراق لە قۆناغی بنبەست دایە، دوو جەمسەری شیعە زۆر لێک دوورن لە پرۆسەی سیاسیدا و یەکدی رەت دەکەنەوە، سەدر لەگەڵ سوننە و پارتی هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمانیان پێکهێنا ، لە رۆژانی رابردووش سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەری کێشەکان رایگەیاند کاتێک لایەنە سیاسییەکان دڵنیادەبنەوە لە سەربەخۆیی ئیرادە و بڕیاری نیشتمانییان، ئەو کات قەیران چارەسەر دەبێت.
هاوکات عومەر عەبدولستار دەڵێ :” هەرێمی کوردستان بەرەو کۆنفیدراڵی هەنگاو دەنێت بەتایبەت لە زیادبوونی سەردان و جموجۆڵی سیاسی سەرکردەکان بۆ تورکیا و ئیمارات و بەریتانیا،بۆیە کۆنفیدراڵی باشترین چارەسەرە بۆ دۆخی باشتر .