پەرلەمانتارێکی عێراق: کلیلی چارەسەرییەکانی ئەم دۆخەی عێراق لای سەرۆک بارزانییە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پەرلەمانتارێکی پارتی لە بەغدا، دەڵێ:” گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق بەردەوامە، بۆیە ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن دوای جەژن پەرلەمانی عێراق کۆ بێتەوە و کاندیدی پارتی ببێتە سەرۆک کۆمار

رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، دوای زیاتر لە شەش مانگ بەسەر ھەڵبژاردن ھێشتا حکوومەتی عێراق پێکنەھاتووە و سەرۆککۆماریش ھەڵنەبژێردراوە.
دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە ٣٠ـی ئاداری ٢٠٢٢ بوو کە بڕیاربوو بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکۆمار بێت، بەڵام بەھۆی ئامادەنەبوونی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران، نەتوانرا ئەو ھەڵبژاردنە بکرێت و تەنیا تاوتوێی دانانی ئەندامانی لیژنە ھەمیشییەکان کرا.
رۆژانی ٢٥ و ٣٠ـی ئاداری ٢٠٢٢، بەھۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان و ئامادەنەبوونی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران کە ٢٢٠ پەرلەمانتارە، نەتوانرا سەرۆککۆمار لە پەرلەمان ھەڵبژێردرێت.
رۆژی پێنجشەممە، ٣١ـی ئاداری ٢٠٢٢، موقتەدا سەدر لە تویتێکدا ماوەی ٤٠ رۆژ مۆڵەتی دایە چوارچێوەی ھاوئاھەنگی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، دوای جەژنی رەمەزان وادەکە تەواو دەبێت و ھێشتا دیار نییە ھەنگاوی داھاتووی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمانی کە جگە لە رەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانی سەروەریی سوننەکانی تێدایە و داوای حکوومەتی زۆرینە دەکەن، چی دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٢، سەرۆک بارزانی، تویتێکی لە ھەژماری خۆی لە تویتەر بڵاوکردەوە و تێیدا رێگە چارەی ئەو داخرانە سیاسییەی لەدوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٠ی ئۆکتۆبەر و بەتایبەت لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکانیەوە گیرۆدەی دۆخی سیاسیی عێراق بووە دەخاتەڕوو، لە تویتەکەدا ھاتووە” کاتێک لایەنە سیاسییەکان دڵنیادەبنەوە لە سەربەخۆیی ئیرادە و بڕیاری نیشتمانییان ئەو کات قەیران چارەسەر دەبێت و داخرانی سیاسی کۆتایی پێدێت”.
چیای تەیمور، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، بۆ “ھەولێر” گوتی:” گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق بەردەوامە، بۆیە ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، لایەنەکانیش رایانگەیاندووە دوای جەژن کێشەکانی عێراق چارەسەر دەبن و پەرلەمان کۆ دەبێتەوە و کاندیدی پارتی دەبێتە سەرۆک کۆماری داھاتووی عێراق، ئەویش کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رادەسپێرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، روونیشیکردەوە:” ھاوپەیمانی سێ قۆڵی کە بە رزگاری نیشتمانی ناونراوە کە لە پارتی، سوننە و سەدریەکان پێکھاتووە ماوە و ئەو لایەنانە ھەوڵ دەدەن بە ھەر شێوەیەک بێت ئەو ھاوپەیمانەتییە بمێنێتەوە و بەربژێ پارتی ببێتە سەرۆک کۆمار، پێش سێ رۆژیش پارتی لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە بەیاننامەیەکی دەرکرد و پابەند بوونی پارتی بەو ھاوپەیمانەتییە دووپات کردەوە.
چیای تەیمور، ئاشکراشی کرد:” سەرۆک بارزانی، پێش چەند رۆژێک پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەگەر عێراق سەربەخۆ بێت و دوور بێت لە دەستی دەرەکی، وڵات بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت، بۆ لایەنە عێراقییەکانیش دووپات بۆتەوە کە کلیلی چارەسەرییەکانی عێراق لای سەرۆک بارزانییە، بۆی دەبینین بەردەوام لایەنە عێراقییەکان سەردانی سەرۆک بارزانی دەکەن و داوای لێ دەکەن چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخەی عێراق تێکەوتووە بدۆزێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە بەغدا، زیاتر گوتی:” کێشەی گەورە لەناو ماڵی شیعەیە، ئەوە وا نییە کە ھەندێک کەس و لایەن دەڵێن، کورد بۆتە کێشە، نەخێر ئەگەر لایەنە شیعەکان گەیشتنە رێککەوتن، پۆستەکانی عێراق زۆر بە ئاسانی یەکلا دەکرێنەوە، بۆیە ھیوادارین ھەرچی زووە نێو ماڵی شیعە بگاتە رێککەوتن.
چیای تەیمور، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، لە کۆتاییدا گوتی:” ئەو ھەواڵانە راست نین کە باس لەوە دەکەن پەرلەمان ھەڵدەوەشێتەوە، بە ھیچ شێوەیەک پەرلەمانتاران دەنگ نادەن بۆ ئەوەی پەرلەمان ھەڵبوەشێتەوە، بۆیە پێویستە ھەرچی زووە لایەنە عێراقییەکان، بەتایبەتی لایەنی شیعە بگاتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی عێراق لەو دۆخە چەقبەستووەی تێکەوتووە رزگار بێت”.

ھەواڵی زیاتر