لە هەولێر پرۆژەی بازاڕی سپی کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە

جێگری پارێزگاری هەولێر، پرۆژەیەکی نوێی لە هەولێر ڕاگەیاند، بە ناوی پرۆژەی بازاڕی سپی، کە لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەوی بۆ پرۆژەکە دابین کراوە و گوژمەکەشی ١٤ ملیار و ٤١٢ ملیۆن دینارە.

دوێنێ، مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ پڕۆژەی بازاڕی سپی کەوتە واری جێبەجێکردنەوە کە زەوییەکەی بە ڕووبەری زیاتر لە 60 هەزار مەتر دووجایە و گوتیشی؛ شوێنی بازاڕەکە زۆر باشە و هەموو کەسێک دەتوانێت بە ئاسانی بیگاتێ و لە گەڕەکی کوردستانیش نزیکە کە بازاڕی سپی شوێنگرەوەی بازاڕی سیمە و بازاڕی سیم بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 24/7/2020 لە گەڕەکی کوردستانی شاری هەولێر بەهۆی ئاگرکەوتنەوە سووتا و زیاتر لە 230 دوکان زیانیان پێ گەیشت.
مەسعود کاڕەش، ئەوەشی گوت؛ پڕۆژەکە نزیکەی 18 مانگ دەخایەنێت و بڕیاریان داوە بە سێ قۆناغ تێچووی دوکانەکان وەربگرن کە قۆناغی یەکەم 40٪ و قۆناغی دووەم 40٪ و قۆناغی سێیەمیش 20٪ دەمێنێتەوە و بەڵێندەر بەپێی بەرەوپێشبردنی کارەکە بە قۆناغ پارە وەردەگرێت و لە کۆتاییدا خاوەن موڵک یان کرێچییەکان بە تەواوی دەبن بە خاوەنی دوکانی خۆیان.
ئەوەشی ڕاگەیاند؛ داوای لە خاوەن موڵک، یان کرێچیی دوکانەکانی بازاڕی سپی کرد کە سەردانی بەشی ژمێریاریی پارێزگای هەولێر بکەن بۆ ئەوەی 40٪ی تێچووی بازاڕەکە کە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان بیدەن، بۆ ئەوەی بەڵێندەر قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەرەو پێشەوە ببات و بۆ ئەو مەبەستەش 10/5/2022ی وەکوو دوامۆڵەت ڕاگەیاند.
هاوکات، بازاڕەکەی بە بازاڕێکی شایستەتر و هاوچەرختر لەوەی پێشتر وەسف کرد و گوتی: هەموو مەرجەکانی خزمەتگوزاری لە ئاو، لە کارەبا، لە ئاگرکوژێنەوە و هەمووی تێدایە و ئەو کێشانەی پێشتر هەبوون، جارێکی دیکە نابنەوە.

ھەواڵی زیاتر