بەبۆنەی چاپی نوێی کتێبی (زەردەشت وەها دووا)ی فریدرش نیچە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار کتێبی (زەردەشت وەها دووا)ی فریدرش نیچەم خوێندەوە. دانی پێدا دەنێم زۆر کەمی لێ تێگەیشتم، ئەوەشی لێی تێگەیشتم بە هاوکاری بەشێکی زۆری هاوڕێیانم بوو، کە ئەوان هەم تەمەنیان لەمن گەورەتر بوو، هەم ئەزموونی خوێندنەوەشیان زیاتربوو. لەو کاتەوە تا ئێستا چەند جارێکی دیکە هەمان کتێبی بە وەرگێڕانی جیا جیا خوێندەوە، (پێنج وەرگێڕانی ئەم کتێبە لە کتێبخانەکەمدا هەیە) دواجار کە خوێندمەوە وەرگێڕانەکەی ئازاد بەرزنجی بوو، کە لاموایە هەقی تەواوی بە تێکستەکە داوە لە زمانی کوردیدا. لەم رۆژانەی پێشووشدا چاپێکی نوێی هەمان وەرگێڕان بڵاوکرایەوە، بەڵام ئەمجارە هەم بە چاپێکی جوانتر و هەم بە پێداچوونەوەی نوێ و بە پێشەکییەکی نوێی نووسەر و وەرگێڕ “بەکر عەلی”یشەوە، کە ئەمە بۆ جارێکی دیکە تامەزرۆی کردمەوە بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە.

پرسیاری ئەوەی ئایا چ کتێبێک شایانی ئەوەیە چەند جارێک بخوێنرێتەوە، یەکێکە لەو پرسیارانەی ناوە ناوە ڕووبەڕووم دەکرێتەوە، هەرچەندە ژمارەی ئەو کتێبە گرنگانەی کە دەبێت زیاتر لە جارێک بخوێنرێنەوە گەلێک زۆرن، بەڵام ئەم کتێبەی فریدرش نیچە هەمیشە لە ڕیزی یەکەمین ئەو کتێبانەیە کە بۆ خوێنەری پێشنیار دەکەم زیاتر لە جارێک بیخوێنێتەوە. بۆ یەکەمجار لە تەمەنی 20 ساڵیدا ئەم کتێبەم خوێندەوە، کە ئەوکات خوێنەرێکی زۆر کەمی فیکر بووم و تەنها ئەم بیرمەندەم خۆش دەویست و دەمویست لێی تێبگەم بزانم چی دەڵێت؟ جاری یەکەم تەنها چەند سەرەداوێک و بە بەشێک لە ژیانەکەی ئاشنابووم، دواتر کە کتێبی دیکەم لەسەر فیکری مۆدێرن و هاوکات لەسەر ئەم بیرمەند خوێندەوە و تاڕادەیەک بە چەمکە سەرەکییەکانی فەلسەفەکەی ئاشنابووم، ئیدی خوێندنەوەی دووبارەی کتێبەکەم بەپێویستزانی و لە جاری دووەمدا خوێندنەوەی تێکستەکە گەلێک ڕەوانتربوو، بەڵام هەستم بە زۆر پەنهان دەکرد کە هێشتا هەر سرکن و نەمتوانیوە ڕامی بکەم. دوای ساڵانێکی دیکە کە جارێکی دیکە هەمان کتێبم خوێندنەوە ئەوکات بەوە گەیشتم کە هەندێک کتێب هەن کە هەندێک پەنهان لە خۆ دەگرن کە هەرجارێک بیانخوێنیتەوە بەشێک لەو نهێنیانە کەشف دەبن و بەشێکیان تێدایە هەر نەگیراوە و هەندێک جێگەیان هەیە کە هەر عاسییە و مرۆڤ ناتوانێت پێیان بگات.
ئەوەی مەبەستی ئەم نووسینەیە شرۆڤەکردنی ئەم کتێبە نییە، یان ناتوانم بڵێم ڕانانیشە، بەڵکو مەزی کتێبەکە لە ئاستێکدایە کە ئەگەر مرۆڤێکی لێهاتوو بیەوێت لەبارەی ئەم کتێبەوە قسە بکات لانی کەم دەبێت کتێبێکی هێندەی قەبارەی خۆی لەسەر بنووسێت. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لێی بدوێم ئەوەیە کە ئەم کتێبە بۆ کێیە؟ نیچە خۆ لە ناونیشانێکی لاوەکیدا ئەوەی نووسیوە: “کتێبێک بۆ هەموو کەسێک و هیچ کەس” بەڵام ئەم ڕستەیە واتای چییە؟ بێگومان قەتیسکردنی یەک واتا بۆ ئەم ڕستەیە سەختە، بەڵام ئەوەی دەشێ کەمێک لە وەڵامی ئەم پرسیارەمان نزیک بخاتەوە پێشەکییەکەی “بەکر عەلی”یە، ئەو لەوێدا دەنووسێت: “ئەم کتێبە بۆ ئەو کەسانەیە کە لە خوارەوەن و دەیانەوێت بگەنە سەرەوە، ئەوانەی گیریان خواردووە بەدەست کۆنەکانەوە و دەخوازن بەرەو نوێ و بەرەو زەوی منداڵەکانیان بڕۆن” یان لە جێگەیەیەکی دیکەدا دەنووسێت: “کتێبێکە بۆ خۆتێپەڕاندن، بەمانای تێپەڕاندنی منە لاوازەکەمان و تێپەڕاندنی هەموو ئەو بەها نەریتییانەی ئازادی لە مرۆڤ دەگرن بۆ خۆدروستکردن.” ئێستا کە ئەم چاپە نوێ و گەشەنگەی دەرچووە دیسان دەستم بە خوێندنەوەی کردووەتەوە و دەمەوێت دیسان هەوڵێکی دیکە بدەم بۆ خۆتێپەڕاندن. نیچە فێری ئەوەمان دەکات بەردەوام خۆمان تێپەڕێنین و تا دەبینە مرۆڤی باڵا، ئەوکاتیش هەر لە خۆتێپەڕاندن بەردەوام بین. مرۆڤ بوونەوەرێکە هەرگیز ناگات بە لوتکە. گەیشتن بە لوتکە واتا وەستان و متبوون و کوژانەوە. مرۆڤ هەمیشە کۆچەرییە و پێویستە هەرگیز لە هیچ لوتکە و وێستگەیەکدا نەوەستێت، بەڵکو پێویستە هەمیشە لە خۆتێپەڕاندندا بێت.
دەستخۆشی بۆ نووسەر و وەرگێڕ ئازاد بەرزنجی و ئەو وەرگێڕانە بەشکۆیە. دەستخۆشی بۆ کاک بەکر عەلی-یش، کە لە پێشەکییەکی جوان کتێبەکەی دەوڵەمەندتر کردووە.

ھەواڵی زیاتر