وەزارەتی كشتوكاڵ چه‌ند بڕیارێكی نوێی ده‌ركرد

ئەمڕۆ سێشەم كۆبوونه‌وه‌ی ئەنجوومەنی ڕاوێژکری وەزارەتی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، له‌ کۆبوونەوەكه‌دا تاوتوێی ئامادەکاریەکانی ڕووبەرووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و چۆنییەتی چارەسەرکردنی گیروگرفتاکانی تایبەت بەم بابەتە، بۆ هەمان مەبەست ڕاپۆرتێکی تایبەت بە داهاتی ئاو و وشکەساڵی و زیانەکانی لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو و بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی هەرێم خوێندرایەوە و تاوتوێی لێکەوتە و پێشهاتەکانی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان کرا.

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئاشكرای كرد كه‌ دوای گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی ڕا و سەرنجەکان ئەم خاڵانەی خوارەوە بڕیاریان لەسەردرا:-

1- بڕیاردرا ژوورێکی عەمەلیاتی لەناکاو (طاریء) پێکبهێنرێت بۆ دیراسەکردنی گیروگرفتەکانی وشکەساڵی و ئامادەکردنی پلانێکی تایبەت بەرووبەڕووبوونەوه‌ و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و دواتر پلانەکە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بە مەبەستی دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ چارەسەرکردن و رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و کەمکردنەوەی کاریگەری زیانەکان لە سەر جوتیاران.

2- بڕیاردرا بەزووترین کات پەیوەندی بکرێت بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بۆ ئەوەی لە پلانی رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی هەماهەنگی بکرێت بۆ دروستکردنی پرۆژەکانی تایبەت بە ئاودێری و بەنداو لە هەرێمی کوردستان، وە داوا لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بکرێت بەزووترین کات دەرگای سایلۆکان بەڕووی جوتیارانی هەرێرم بکاتەوە بۆ وەرگرتنی گەنمی بەرهەمهاتووی ئەم ساڵ.

3-  داوابکرێت لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی بودجەیەکی فریاگوزاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی بۆ دابینکردنی پێداویستی عەلەف بۆ ئاژەڵ، وە بابەتی چاکردنی پرۆژەکانی ئاودێری و دروستکردنی پۆند بۆ گلدانەوەی ئاوی باران.

4-  بڕیاردرا بە دابەزاندن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارەی گەرمیان بۆ مەبەستی کارئاسانیکردن بۆ هێنانی عەلەف و ماددەعەلەفییەکانی تایبەت بە خۆراکی ئاژەڵی و پەلەوەری و ماسی بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم هاوردەکردنی ماددەعەلەفییەکان و کەمکردنەوەی کاریگەری کەمی لەوەڕگاکان لەسەر خاوەن ئاژەڵەکان و خاوەن پرۆژەکانی سامانی ئاژەڵ و دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ کۆنترۆڵی ئەو ئافات و نەخۆشییانەی کە بەهۆی وشکەساڵییەوە بڵاو دەبێتەوە.

5- بڕیاردرا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سەرچاوەکانی ئاو رەشنووسی تایبەت بە هەموارکردنەوەی رێنمای هەڵکەندنی بیر ئامادە بکرێت و لە وۆرکشۆپێکی تایبەتدا لەلایەن لێژنەی یاسایی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاودێری و ئاوی ژێرزەوی ئەنجام بدرێت بە مەبەستی هەموارکردنەوەی رێنمایی ژمارە (1) ساڵی 2015 تایبەت بە هەڵکەندنی بیر.

6- بڕیادرا لەلایەن وەزارەتمان بەدواداچوون بکرێت بۆ پرۆژەکانی تایبەت بە بودجەی دابینکراو بۆ پرۆژەکانی ئاودێری و بەنداو پۆند و پرۆژە ستراتیژییەکانی کە پەیوەندیی بە ئاودێرییەوە هەیە لە وەزارەتی پلاندانان بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت بۆ کەمکردنەوەی گرفتەکانی وشکەساڵی.