فازڵ میرانی پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا کرد

دوێنێ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی، پێشوازی لە (کلیمینس سمیتنر)کۆنسولی گشتی ئەلمانیا لە ھەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا کە ھوشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بوو سکرتێری مەکتەبی سیاسی بەخێر ھێنانی شاندی میوانی کرد و خۆشحالی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی و باسی دوایین پێشھاتەکان و بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانی کوردستان و ئەڵمانیای کرد.
دوواتر ھەردوولا ھاورا بوون لەسەر تێپەراندنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم پروسەی سیاسی لە عێراق و دەرچوونی لە دۆخی چەقبەستوو و پێکھێنانی حکوومەتێک کە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی ھاووڵاتیان و تەواوی پێکھاتەکانی عێراق بێت و جەختیان لە گرنگی تەبایی و یەکڕیزی لایەنە کوردستانیەکان کردەوە.
فازڵ میرانی سوپاسی پشتگیری و ھاوکارییە مرۆیی و سەربازییەکانی ئەلمانیا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد.
ھەروەھا سکرتێری مەکتەبی سیاسی جەختی لەوە کردەوە کە پارتی پاڵپشتی لە ھەڵبژاردنێکی شەفاف و سەرکەوتوو کە مافی خەلکی کوردستانە دەکات و، ھەموو لایەک بەرپرسیارەتیان لەسەر شانە بۆ سەرخستنی ھەلبژاردنەکان بۆئەوەی پرۆسەی دیموکراسی بەردەوام بێت.
لە لای خۆیەوە کۆنسولی ئەلمانیا سوپاسی سکرتێری مەکتەبی سیاسی کرد بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی کە لێی کراوە و وتەئکیدی کرد کە حکوومەتی ئەلمانیا بەردەوام پشتیوانی لە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عێراق و ھەریمی کوردستان دەکات بۆ ئەوی دواڕۆژێکی پڕشنگدار بۆ گەلانی عێراق فەراھەم ببێت کە بە یەکریزی و لە یەکتر تێگەیشتنی لایەنەکان دەبێت.

ھەواڵی زیاتر