بەئامادەبوونی زیاتر لە ٢٠ هەزار هاندەر هەولێر لە زەورای بردەوە

دوای ساڵانێکی زۆر جارێکی تر یاریگەی نێودەوڵەتی شەهید فڕانسۆ هەریری پڕ بوو لە هاندەر و زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس ئامادە بوون، لە میانەی یارییەکانی گەڕی ٢٧ ی خولی نایابی عێڕاق هەولێر میوانداری زەورای کرد و بە گۆڵێکی مەڕوان حوسێن یاریەکەی بردەوە، کە لەسەرەتای نیوەی یەکەمدا گۆڵەکەی تۆمار کرد، ئەمە بردنەوەی ژمارە نۆیەم بوو لەم وەرزە کە بەهۆیەوە یانەکەی پایتەختی کوردستان سەرکەوت بۆ خانەی نۆیەمی ڕیزبەندی یانەکان بە ٣٥ خاڵ.

هەولێر ١١ جار لە زەورای بردۆتەوە
دوای ئەوەی لە یارییەکانی گەڕی چواردەیەمی خولەکە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی یانەکە لە خولی نایابی عێڕاق هەولێر بۆ جاری دووەم ڕاهێنەری سوری نزار مەحروسی کردەوە بە ڕاهێنەر، کە پێشتر ئەو ڕاهێنەرە لە ساڵانی ڕابردوو لەگەڵ یانەی هەولێر پلەی یەکەمی خولی نایابی عێڕاقی بەدەستهێناوە و پلەی دووەمی جامی یەکیەتی ئاسیاشی لەگەڵ یانەکەی پایتەختی کوردستان بەدەستهێناوە، گەڕانەوەی مەحروس بۆ ئەرکی ڕاهێنەرایەتی هەولێر خاڵێکی وەرچەرخان و گرنگ بوو، بەجۆرێک پێش گەڕانەوەی ئەو ڕاهێنەرە یانەکە بەدۆخێکی خراپ تێدەپەڕی و لە خانەکانی کۆتایی ڕیزبەندی یانەکان دەهات و نزیک بوو لە دابەزین بۆ ڕیزی یانە پلە یەکەکان، بەڵام دوای هاتنەوەی نزار مەحروس هەولێر لە ١٣ یاریدا ٨ جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە ٣ یاریدا یەکسان بووە و ٢ جاریش دۆڕاوە، یانەکە لەو یاریانەدا ١٩ گۆڵی تۆمار کردووە و ٨ گۆڵی لێکراوە و بە کۆکردنەوەی ٣٥ خاڵ لە پلەی نۆیەمی ڕیزبەندی یانەکان دێت.
مێژووی ڕووبەڕوبونەوەی هەولێر و زەورا ٢٧ یارییە کە لەو ژمارەیە یانەی هەولێر ١١ جار لە زەورای خاوەنی زۆرترین ناسناوی خولەکەی بردۆتەوە، ١٠ جار یانەکەی شاری بەغدا براوە بووە و لە ٦ یاریشدا هەردوولا یەکسان بوون، هەولێر لە مێژوودا ٣٢ گۆڵی لە زەورا کردووە و ٢١ گۆڵیشی لێکراوە.

کەی هەولێر یاری هەیە؟
دوای بردنەوەی لە یانەکانی کارەبا و زەورا لەسەر یاریگەی خۆی ئەمجارە یانەی هەولێر ڕوودەکاتە شاری بەسراو ڕووبەڕووی یانەی نەفتی بەسڕە دەبێتەوە، بڕیار وایە ئەم یارییە ڕۆژی هەینی داهاتوو لە کاتژمێر ١٠ ی شەو لەسەر یاریگەی فەیحا لەشاری بەسرە ئەنجام بدرێت، هەولێر مێژوویەکی باشی لەگەڵ ئەو یانەیە نیە و لە مێژوودا لە ١٣ یاریدا نەیتوانیوە لەو یانەیە بباتەوە، ٨ جار دۆڕاوە و ٥ جاریش هەردوو یانە یەکسان بوون، بۆیە کوڕانی قەڵای زەرد چاویان لەوەیە کە گرێکوێرەی ئەو یانەیە بکەنەوە و بۆ یەکمجار لەمێژووی خۆیدا سەرکەوتن بەسەر یانەی نەفتی بەسرە بەدەسبهێنێت، دوای ئەم یارییەیش بڕیار وایە یانەی هەولێر لە کلاسیکۆی کوردستاندا میوانداری یانەی زاخۆ بکات، کە هاوشێوەی یاریەکی زەورا پێشبینی ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەر دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر