گومرگ لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ هەڵگیرا

لە بازاڕی ئاژەڵان ھاووڵاتییان گلەییان ھەیە، لە زۆربوونی ئاژەڵی قاچاخ کە لە وڵاتانی دەوروبەر دەھێندرێت. بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لە بارەی ھەڵگرتنی باج و رسومات لەسەر ھاوردەکردنی ئاژەڵ کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەوەش لە دوای ئەوە ھات کە نرخی گۆشتی سوور بەرزبووەتەوە، ئەوەش ھۆکارێک دەبێت بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشت.

لە ١٣ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ھەفتانەیدا، لەسەر پێشنیاری وەزیری کشتوکاڵ، بڕیاری دا بە ھەڵگرتنی باج و رسومات لەسەر ھاوردەکردنی ئاژەڵ بە مەبەستی دابینکردنی گۆشتی سوور، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا، ئەمەش دوای بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستاندا.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ، لە دوایین سەرژمێری کە لە ساڵی ٢٠١٥ کراوە، زیاتر لە چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ئاژەڵی گەورە و بچووکی خۆماڵی ھەبوون، لە پێنج ساڵی رابردوودا ٥٢٩ ھەزار و ٩٣٢ ئاژەڵی زیندوو بە فەرمی لە وڵاتانی جۆرجیا، رۆمانیا، ئەرمینیا و وڵاتی دیکەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراون.
ھەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیکەی ٨٦ ھەزار تۆن گۆشتی سوورە، نزیکەی ٤٥%ی پێویستیی گۆشتی سووری ھەرێمی کوردستان لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت.
سامی فەتاح، ئاژەڵفرۆش، بۆ “ھەولێر”دەڵێت، ئاژەڵی وڵاتانی دەوروبەر زۆر دێت بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر لە ٧ مانگ جوانەگا دادەبەستین، لەگەڵ ئەوەش زەرەرمەند دەبین ئەوەش لەبەر ئەوەیە لە دەروازە سنوورییەکان، بەتایبەتی باشماخ و پەروێزخان، ئاژەڵی ئێرانی لێرە نرخیان لە ھی ئێمە ھەرزانترە، ئەوەش وا دەکات کە زیانێکی زۆر بکەین، ھەر ئەوەش وای کردووە کە بە دەیان کەس دەست لەو کارە ھەڵبگرن، بۆ ئەوەی زیاتر زەرەر نەکەن، بۆیە داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین کە رێگری لە ھێنانی ئەو ئاژەڵانە بکرێت.
د. محەمەد کەریم، پزیشکی ڤێتەرنەری، بۆ “ھەولێر” ڕایگەیاند:” ھەر ئاژەڵێک بە یاسایی ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکرێت لە رێگەی دەروازە فەرمیەکانەوە بێت و پشکنینی تەواوی سەلامەتی جۆری ئاژەڵەکەی بۆ دەکرێت، دواتر ھاوردە دەکرێت، بۆیە ھەر ئاژەڵێک بە یاسایی ھاوردە بکرێت لەرووی تەندروستییەوە گرفتی نابێت.
سەرچاوەیەکی ئەمنی، بە “ھەولێر”ـی راگەیاند، بۆ رێگەگرتن لە ھێنان و ھاوردەکردنی ئاژەڵ خاڵە سنوورییەکان توند و تۆڵکراون، بەمەش توانراوە رێگری بکرێت لە ھاوردەکردنی ئاژەڵ ھەر کەسێکیش بەھۆی بە قاچاغ ھێنان و بردنی ئاژەڵ دەستگیر بکرێت، لێپێچینەوەی توندی لەگەڵ دەکرێت و رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە، ئەوەش دەخاتەروو، لە ھەندێک دەروازەی سنووری بەتایبەتی لە ھەر دوو دەروازەی باشماخ و پەروێزخان ئاژەڵ بە نایاسایی ئاژەڵ ھاوردە دەکرێت، ئەوەش ئاژەڵفرۆشانی نیگەران کردووە”.

ھەواڵی زیاتر