کتێب و ژیان

ئارام كۆشكی – سلێمانی

زیاتر لە دە ساڵە نەخۆشی پزیشکێکی تایبەتی ددانم، ئەو پزیشکە، لەماوەی ئەو دە ساڵەدا دووجار نۆڕینگەکەی نۆژەنکردووەتەوە، بەڵام هەر دووجارەکە کتێبخانەی لە نۆڕینگەکەیدا داناوەتەوە و جێگەیەکی تایبەتی لە هۆڵی پێشوازی نەخۆشدا بۆ کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە دابین کردووە.

هەمیشە کاتێک بۆ چارەسەر بۆ لای ئەو پزیشکە دەچم پێش لەوادەی دیاریکراو چووم، بەشێکی هۆکەی ئەوە بووە بۆ ئەوەی چاوێک بە نوێترین بڵاوکراوە و کتێبەکانی کتێبخانەکەی ئەو نۆڕینگەی ئەو پزیشکەدا بگێڕم، کە زۆرجار سەرچاوەی وەهام لێ بینیوە، کە لە کتێبخانەکاندا بەرچاوم نەکەوتوون و فزووڵی پەیداکردنی تێدا بزواندووم. ئەوەی تێبینیم دەکرد ئەو کەسانەی دیکەش کە بۆ چارەسەر دەهاتنە نۆڕینگەکە بەشی هەرە زۆریان کاتەکانی چاوەڕوانیان بە سەیرکردنی گۆڤار و بڵاوکراوە جۆراوجۆرەکانەوە بەسەر دەبرد. ئەمە بۆ ماوەیەکی زۆرە جێگەی تێبینی منە. لەو دە ساڵەدا سەردانی چەندین نۆڕینگە و نەخۆشخانەی حکومی و تایبەتم کردووە، بە دەگمەن نەبێت هیچ کتێب و بڵاوکراوەیەکم نەبینیوە. ئەوەی ئەم پزیشکە دەیکات هۆکارەکەی ئەوەیە کە خۆی حەزی لە خوێندنەوە هەیە و ڕۆژانە بەشێک لە کاتەکانی بۆ خوێندنەوە تەرخان دەکات.
ئەوەی لەم نموونەیەوە دەمەوێت باسی بکەم ئەوەیە، کە ئایا شوێنی کتێب کوێیە؟ دەبێت کتێبخانە لە چ جێگەیەک بێت؟ کتێب چ جێگەیەکی لە ژیانی مرۆڤدا هەیە؟ هەروەها پرسیارەکە تایبەتتر بکەینەوە کتیب چ جێگەیەکی لە ژیانی مرۆڤی کورددا هەیە؟ لەم نووسینەدا هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە دەدەین.
دەمەوێت بە قسەیەکی “جاكسۆن بڕاون” دەروازەیەک لەسەر ئەم وەڵامانە بکەمەوە کە دەڵێت “هەركاتێك كتێبێكی باشت بەرچاوكەوت بیكڕە، با نەشیخوێنیتەوە.” ئەم قسەیە ڕەنگە بەلای بەشێک لە خوێنەرەوە سەیر بێت. بەو پێیەی ئەگەر کتێبێک نەیخوێنیتەوە ئیدی بۆچی دەیکڕیت؟ خوێنەران جۆریان زۆرە بەشێک لە خوێنەران بە بەردەوامی کتێب دەکڕن و گرنگی بەوە نادەن فریای خوێندنەوەی دەکەون یان نا، بەڵام هەر بەردەوام کتێب دەکڕن، بەشێکی دیکەی خوێنەران بە بەردەوامی کتێب دەکڕن، بەڵام زۆر بە کەمی دەیخوێننەوە. بەشێکی دیکەیان تەنها ئەو کتێبانە دەکڕن کە دەیخوێننەوە، لەوە زیاتر ناکڕن و پێیانوایە پارەکەیان بە فیڕۆ دەڕوات. جۆری دیکەش هەیە کە تەنها ئەو کتێبانە دەکڕن، کە دەزانن پارەیان لێوەی دەست دەکەوێت. ئەمانە و دەیان جۆری دیکەش، بەڵام کەمن ئەو کەسانەی وەکو جاکسۆن براون هەر کتێبێکی باشیان بینی یەکسەر بیکڕن، ئەگەر نەشیخوێننەوە.
لە نێو کتیبخانەکەمدا کە تەمەنی لە چارەکە سەدەیەک تێدەپەڕێت، زۆر کتێبی تێدایە کە تا هەنووکە نەمخوێندووەتەوە، بەڵام دەزانم کە کتێبی چاک و سەرچاوەی گرنگن و دەشێ ئەگەر تەمەن بوار بدات هەر بیانخوێنمەوە، هەندێکیان داومنەتە هاوڕێ و کەسە نزیکەکانم تا بیخوێننەوە، واتا ئەو پارەیەی پێیان دراوە کورد وتەنی بەفیڕۆ نەڕۆیشتووە. هەرچەندە پێموایە هەر پارەیەکم بە کتێبدا بێت تەنانەت ئەگەر هیچ سوودێکیشی نەبووبێت هەر بە فیڕۆ نەڕۆیشتووە (کە پێموایە هەموو کتێبێک بەپێی ئاستی مەعریفییەکەی سوودی هەر هەیە). ئێستا دەشێ بپرسین شوێنی کتێب کوێیە؟ ئایا تەنها پێویستە کتێب لە کتێبخانەکان و لای خوێنەرە جیدییەکان بێت، یان شوێنی کتێب تەنها زانکۆ و پەیمانگاکانە، یان چ جێگەیەکی دیکەیە؟ بێگومان نەخێر شوێنی کتێب هەموو جێگەیەکە، کە مرۆڤی لێ بژی، ئیدی لە هەر کوێ بێت؟ کتێب یەکێکە لەو شتانەی گرێدراوی ژیانی مرۆڤە، چۆن مرۆڤ بەبێ نان ناژی، بەهەمان شێوەش بەبێ کتێب، کە سەرچاوەی مەعریفەیە گەشە ناکات و ناتوانێت پێشبکەوێت. کەواتە پێویستە کتێب تەنها لە چەند جێگەیەکی تایبەتی وەکو زانکۆ و پەیمانگە و کتێبخانە گشتییەکان نەبێت. کتێب و کتێبخانە پێویستە لە هەموو ماڵەکان و فەرمانگەکان و نۆڕینگەکان و نەخۆشخانەکاندا بێت. هەموو جێگەکان شوێنی کتێبن، کتێب بوویەکی دابڕاوی نییە لە ژیان. بەڵکو بەشێکە لە ژیان، کە چاومان دەکاتەوە و دڵمان بە مەعریفە فەرشڕێژ دەکات.
کتێب دەشێ دەروازەی ڕزگاربوون لەبەردەم مرۆڤدا بکاتەوە. جارێک ڕزگارمان بکات لە نەزانین و جارێکی دیکە ڕزگارمان بکات لە تەنیایی و بێئومێدی و جارێکی دیکە ڕزگارمان بکات لە زۆربڵێی بێسوود. قسەیەکی سەرنجڕاکێشی “نزار قەبانی”ی شاعیر هەیە، کە دەڵێ “سەیرم بەگەلێك دێت كە دەیەوێت جیهان ڕزگار بكات، بەڵام كتێب ناخوێنێتەوە.” ئەم قسەیەی نزار دەشێ بۆ ئاستی تاکەکانیش شۆڕ بکرێتەوە و بەم شێوەیە دابڕێژرێتەوە “سەیرم بە مرۆڤگەلێک دێت كە دەیەوێت خۆی ڕزگار بكات، بەڵام كتێب ناخوێنێتەوە” مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی ڕزگار بکات پێویستە بخوێنێتەوە وەکو ولیەم ڕایش لە “گوێبگرە پیاوی بچووک”دا دەڵێت “تەنها خۆت ڕزگارکەری خۆتی”، مادام خۆت ڕزگارکەری خۆتی، کەواتە بخوێنەرەوە. بەبێ خوێندنەوە ناتوانی خۆت ڕزگارکەری خۆت بی. برایان ترەیسی، یەکێک لەو کەسانەی هاندەرێکی زۆری گەنجانە بەرەو باڵابوون ئەو سەبارەت بە کاریگەریی خوێندنەوە لەسەر ئینسان دەڵێت “ئەگەر هەر ڕۆژێك سی خولەك بخوێننەوە، تەواوی ئەو ڕۆژەتان بەباشی دەبەنە سەر.” دەشێ ترەیسی مەبەستی ئەوە بێت، کە لەو سی خولەکەدا ئێوە شتێکی نوێ فێربوون، بۆیە هەست بە باشبوون و ئاسوودەیی دەکەن.
ئەگەر کەمێک وردتر بچینە نێو دونیای مرۆڤەوە دەبینین هەموو هەوڵی مرۆڤ هەر لەوکاتەوەی فام دەکاتەوە بۆ ئەوەیە ئاسوودەیی بەدەست بهێنێت. گەشتی مرۆڤ، گەشتی بوونەوەرێکە بەدوای بەختەوەرییدا ڕادەکات، ئیدی هەر کەسە و بەختەوەری لە جێگەیەک دەبینێتەوە، بەڵام بەختەوەری ڕاستەقینە لەو جێگەیەیە کە مرۆڤ بتوانێت هەست بەباشی بکات، مەرج نییە کارەکەی ئاسان بێت، مەرج نییە ماندوو نەبێت، بەڵام هەست بکات ئارامی چنگ کەوتووە و دۆخی باشە. خوێندنەوە سەرەتای ئەو وشیارییەیە کە دەتوانرێت مرۆڤ هەنگاوێک لە خودناسی نزیکبێتەوە و لەوێوە هەم پرۆژە و کاری دیاری بکات و ئەم باشبوونی چنگ بکەوێت. یان کارێک هەڵبژێرێت کە تێیدا هەست بە ئاسوودەیی بکات.
ئەگەر لێرەوە بچینە سەر پرسیاری کۆتایی “کتیب چ جێگەیەکی لە ژیانی مرۆڤی کورددا هەیە؟” بێگومان ئەگەر بە گشتی قسەبکەین دەتوانین بڵێین هیچ جێگەیەکی لە ژیانی مرۆڤدا نییە. کاتێک ئەم قسەیە دەکەم ئەو سەدان خوێنەرە شەیدایەی کوردم لەبەرچاوە، کە چاوەڕوانی کتێبی نوێ دەکەن و تامەزرۆیانە بەدوای سەرچاوەی نوێوەن، بەڵام وەک وتم (بە شێوە گشتییەکەی) کتێب جێگەی نییە لەنێو زۆربەی ماڵەکاندا. ئاسایی نییە ماڵێک خاوەنی چێشتخانەیەکی مامناوەند نەبێت. بەڵام ئاساییە کتێبخانەی تێدا نەبێت. ئاسایی نییە ماڵێک هەر پێداویستییەکی دیکەی ئاسوودەیی خەوتن و خۆشتن یان زۆری شتی دیکەی تێدا نەبێت. بەڵام ئاساییە خۆراکی بۆ هزر و مێشکی مرۆڤەکان تێدا نەبێت. ئاساییە ماڵێک، کاتی هەموو بۆنە و شتێکی هەبێت، بەڵام کاتی بۆ خوێندنەوە و ڕاهێنانی ئەندامانی خێزانەکەی لەسەر خوێندنەوە و دەستگەیشتن بە زانیاریی نەبێت. ماڵی کوردی ئاساییە چەند دەفتەر دۆلارێک لە ڕووپۆشی خانووەکەیدا خەرج بکات، بەڵام ئاسایی نییە کتێبخانەیەک و 50 کتێبی تێدا بێت. ماڵی کوردی تا ئەم ساتە دابڕاوترین ماڵە کتێب و کتێبخانە. لەو کۆڵانەی منی لێ دەژیم لە 20 ماڵدا تەنها ماڵی من کتێبخانەی تێدایە. ئەم نموونەیە بۆ هەموو گەڕەکانی دیکەی شار و بۆ هەموو جێگەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان ڕاستە.
ئەوەی دەمەوێت پێداگریی لێ بکەم ئەوەیە، کە جێگەی کتیب تەنها کتێبخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان نین، بەڵکو جێگەی کتێب هەموو شوێنێکە، لە ماڵەکانەوە بۆ کافێ و چێشتخانەکان تا نەخۆشخانە و شوێنە گەشتیاریی و هۆتێلەکان. کتێب بەشێکە لە ژیان، بەشێکی دوور و دابڕاو نییە لە ژیان، بەڵکو بەشێکی نزیک و ئاوێتەی ژیانی هەموانە. مادام خەونمان ئەوەیە باشتر بژین. مادام خەونمان ئەوەیە لە کارەکەمان سەرکەوتوو بین. مادام خەونمان ئەوەیە ببینە خاوەنی وشیاریی خۆمان و دەستمان لە پێگەیاندنی نەوەیەکی وشیار هەبێت لە خێزانەکانماندا. گرنگە لە کتیبەوە نزیک بین. مادام خەونمان ئەوەیە خۆمان و دەوروبەر بناسین، کەواتە دەبێت لە کتیبەوە نزیک بین. کتێب سەرچاوە بنەڕەتەکەی خۆناسین و ئەویترناسین و ژیانکردنێکی وشیارانەیە.

ھەواڵی زیاتر