مرۆڤ و مرۆڤایە‌تی

گوهدار ئاكرەیی

هەندێ چرکە سات کاتێ بە قووڵی دەچینە ناو ناخ و دەروونمان، بێ شک ئەم پرسیارەمان بۆ دروست دەبێ! بە خودی خۆمان بڵێین، دەبێ لەم گەردوونەدا پایەی مرۆڤ چی بێت ؟ کەبە زانا و نەزانان سەرگەردانن بەدواییەوە، یا بۆچی وشەی مرۆڤ یان بە ئێمە بەخشیوە! ئایا ئەم وشەیە تەنیا بۆ ناسینەوە و لێکجیاکردنەوەی ئێمەیە لە زیندەوەرانی تر. یا تەنیا ژیرترین لە زیندەوەرانی ترو بەس. کەچی لە ڕاستیدا ئێمە ناتوانین، تەنیا بە وشەی مرۆڤ بوون کە دراوەتە پاڵ ئێمە! خۆمان لە سەرووی هەموو زیندەوەرانی تر بناسینەوە.
بێگومان دەبێ سەرەتا بگەڕێینەوە، مانای (مرۆڤ) بوون
بەچیەەوە بەندە؟ دەدرێتە پال چ زیندەوەرێک! جا لە هەموویان گرنگتر، ئەو شتانە چین لەخودی ئەو زیندەوەرەدا هەبێت، تا پێی بڵێین مرۆڤە. چونکە شتێکی ئاشکرا و روونە، لە هیچ ناوەندێکی زانستی و لۆژیکێک، باس لەو هۆکارانە نەکراوون لە بەرچی وشەی (مرۆڤ)یان داوەتە پاڵ ئێمەی زیندەور بەتەنیا. ئەگەر تەنیا لەبەر ژیری و شێوە و هێزی جەستەییمان، وشەی مرۆڤیان پێ بەخشیوین، بە بۆچوونی خۆم و زۆر لە ئێوەی خوێنەریش هاوڕام دەبن، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا لۆژیکێکی دروست نیە و ناکرێ باوەڕ بەم بۆچوونە بکرێت. چونکە ئەگەر بەووردی سەرنجی لێ بدەین، زۆرن زیندەوەرانی تر، ژیر و بەهێز بن و ئەوەی زۆر گرنگە و پێویستە ئاماژەی پێ بکەین! راستە ئێمە بە ژیری لەدایک دەبین، لە رواڵەت و شێوەی جەستەیمان هاوبەشین وە لە مرۆڤ دەکەین، بەڵام هەڵگری هیچ ئەزموونێکی مرۆڤایەتی نین. کەواتە ئەمەش بەڵگەیەکی ترە بۆمان، کە رواڵەت و شێوەی جەستەیمان تاکە پێوەر و سەرچاوەی پلەی مرۆڤ بوون نیە. کەواتە ئەمانە هەمووی ئەوەمان بۆ دەردەخات، مرۆڤبوون هەنگاوی خۆی هەیە، هەڵگری شتێک بین، پەیوەست بین پێیوە، تا بگۆڕین بۆ ئەو زادە پیرۆزەی ئێستای ئێمە، کەپێی دەڵێن مرۆڤە بەواتای بنەرەتییەکەی. نەک تەنها بە ناو مرۆڤ، چونکە هەموو مرۆڤێک بنەما و رۆشنایی هەستەکانی مرۆڤبوونی تیا نیە، تا پێی بڵێین مرۆڤە. بەپێچەوانەوە، رەنگە لە زۆر ئاژەڵە درندەکانیش مەترسیدار تربێت.
کەواتە بابزانین ئەم هەنگاوانە چین کە دەبێ بگرینە بەر یا
هەڵگری چ شتێک بین و پەیوەست بین پێوە کە بۆ ئەم زاتە پیرۆزەمان دەبات و لە زیندەورانی تر جیاوازمان دەکاتەوە، ئەمیش (چەمکی رەوشتە) یا ئاکارەکانی (الأخلاق) کە لە ئاکارەکانی مرۆڤ رەنگ دەداتەوە و سەرچاوەی رێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەرژەوندی گشتیە، پر لە بەرپرسیارەتییە. هەرچەندە لە هەر کۆمەڵگایەکدا روانین و تێگەیشتنیان بەرامبەر بە چەمکی رەوشت بەشێوازێک لێک دەدرێتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە بنەما و مافەکانی مرۆڤبوون پەراوێز نەخرێت، چونکە بە وەلاوەنانی ئەم چەمکی رەوشتە، مرۆڤایەتی لەسەر ئەم گۆی زەویە تێدادەچێت. لەبەر ئەوەی رەوشت خۆی لەخۆیدا بەمانای هەستکردن بە بەرپرسیارەتی و کەموکورتی و مرۆڤەکان دێت. ئەگەر ئەو هەستە نەما واتا
رەوشت نەما! مرۆڤ ئەوکاتە هەموو شتێک دەکا.
ئینجا سەر گوزەشتە سەیرەکانی نەمانی مرۆڤایەتی بەدیار دەکەوتن! ئینجا دەزانرا چەمکی رەوشتیش شتێکی چەند مەزن بووە. کە لە رێگای ئەم رەوشتەوە بۆ جیهانێکمان دەبا لە ناو ئەم جیهانە، کە لەسەر بنەمای رەوشت بنیاد نراوە، کەپێی دەڵێین جیهانی مرۆڤایەتی. کە مرۆڤەکانی ناو ئەم جیهانە بەگشتی لە کار و کاردانەوەیاندا لە چەمکی رەوشدا دەرناچن. بەڵام ئەوەی جێی داخ و مەترسییە، هەندەی دێ ئەم جیهانەی مرۆڤایەتی بچووک دەبێتەوە. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو پێشکەوتنەی زانست و زانیاری و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووە، بەڵام وەلاوەنانی چەمکی پەروەردە و رەوشت بەگشتی.

ھەواڵی زیاتر