کورد بۆتە قوربانیی ململانێی نێوماڵی شیعە

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، پرۆسەی سیاسیی عێراق تاڕادەیەک بە بنبەست گەیشتووە و لایەنی سەرەکی کێشەکەش ناوماڵی شیعەیە، لەگەڵ ئەوەش ھەوڵ ھەیە تا جەژن لایەنەکان بگەنە ڕێک کەوتن و کاندیدی پارتی ببێتە سەرکۆمار.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ “ھەولێر” دیارکرد: “چاوەڕێین لەو ماوەیەدا دەستپێشخەرییەک ھەبێت لەناو ماڵی شیعە، کە تا ئێستا کێشە لەسەر فراکسیۆنی گەورە ھەیە، لە نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و سەدر، ئەوەش کاریگەریی لەسەر سەرکۆمار ھەبووە، کە تا ئێستا کاندیدی پارتی نەبۆتە سەرکۆمار. ئەوەی لە نێوان پارتی و یەکێتی ھەیە، شتێکی ئاساییە، کێبەرکێکی دیموکراتییە لەناو ھۆڵی پەرلەمان کێ زۆرتر دەنگ بە دەست بھێنێت ئەو دەبێتە سەرکۆمار، بۆیە کێشەی سەرەکی لەنێو ماڵی شیعەیە، کە چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕازی نابن سەدر کە ٧٣ کورسیی ھێناوە ببێتە فراکسیۆنی گەورە، بەو شێوەیە کورد بۆتە قوربانیی ململانێی نێوماڵی شیعە. ئەگەر لەو ماوەیەدا لایەنە شیعەکان نەگەنە ڕێک کەوتن، دوای جەژن ئەو ماوەی کە سەدر دایناوە بۆ چوارچێوەی ھەماھەنگی تەواو دەبێت، بۆیە دەبێت بگەنە ڕێککەوتن و پەرلەمان کۆ بێتەوە و سەرکۆمار ھەڵبژێردرێت، ئەویش کاندیدی گەورەترین ھاوپەیمانە، بەناوی ڕزگاریی نیشتمانی، ئەویش کەسێک ڕاسپێرێت بۆ پێکھێنانی حکوومەت.
دووبەردانی، دەشڵێ: “چوارچێوەی ھەماھەنگی لەم ڕۆژانەدا دەستپێشخەرییەکی دەبێت، بۆیە چاوەڕێ دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین چی دەبێت، بۆیە ھەموو ھەوڵ دەدرێت پێش جەژن پەرلەمان کۆ بێتەوە و کاندیدی پارتی ببێتە سەرکۆمار، چوکە ئەو ھاوپەیمانەتییەی کە لە نێوان پارتی، سەدر و سوننەکان ھەیە، ھەر وەکو خۆ ماوەتەوە، کە گەورەترین ھاوپەیمانییە لە نێو ھۆڵی پەرلەمان، کە نزیکەی ٢٠٠ کورسی پەرلەمانی ھەیە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاشکراشی کرد: “بەپێی ماددەی ٦٤ دەبێت ١١٠ پەرلەمانتار ئیمزا کۆ بکەنەوە و ١٦٦ پەرلەمانتار دەنگ لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بدەن، ئەوەش زەحمەتە، بۆیە پەرلەمان ھەڵناوەشێتەوە و ھەڵبژاردنی پێشوەختە ناکرێت، بۆیە دەبێت ھەرچی زووە چارەسەرێک بۆ دۆخی عێراق بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی عێراق لەو کێشانەی کە تێ کەوتووە ڕزگار بێت، ئەگەر نا دوور نییە دۆخەکە زیاتر تێک نەچێت، بۆیە پێویستە لایەنەکان کەمێک لە داواکارییەکانی خۆیان بێنە خوارەوە بۆ ئەوەی ھەرچی زووە بگەنە ڕێککەوتن و عێراق لەو دۆخە چەقبەستووەی تێکەوتووە ڕزگار بێت”.

ھەواڵی زیاتر