پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی توركیا له‌ نزیك موسڵ موشه‌كباران كرا 

به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی زێلكان ئاشكرای كرد كه‌ ئه‌مشه‌و یه‌كشه‌م و كه‌مێك پێش ئێستا به‌ 7 مووشه‌ك هێرشكرایه‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌ی گوداد له‌ شارۆچكه‌ی شێخان.

محه‌مه‌د ئه‌مین گۆران به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی زێلكان ڕایگه‌یاند: كه‌مێك پێش ئێستا سه‌ربازگه‌ی گوداد 7 مووشه‌كی ئاراسته‌ كرا، له‌وانه‌ 6 مووشه‌ك له‌ نزیك سه‌ربازگه‌كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌ و یه‌كێكیشیان له‌ نزیك گوندی به‌رازی ته‌قیوه‌ته‌وه‌.

ئاشكراشی كرد: تا ئێستا هیچ زانیارییه‌كی زیانی گیانی و ماددی پشتڕاستنه‌كراوه‌ته‌وه‌ و ئاڵۆزییه‌كانیش له‌و ناوچه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی زێلكان جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان مووشه‌كه‌كان له‌لای باشووری سه‌ربازگه‌ی گوداد له‌و ناوچانه‌ی كه‌ حه‌شدی شه‌عبی لێیه‌ ئاراسته‌كراون.

سه‌ربازگه‌ی گوداد ده‌كه‌وێته‌ سنووری شارۆچكه‌ی شێخان و هێزه‌كانی سوپای توركیای لێ نیشته‌جێیه‌ و له‌ ساڵی 2015 له‌و ناوچه‌یه‌ دروستكراوه‌.