راگەیاندراوی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لەڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی رێکەوتی ١٠ـی ١٠ـی ٢٠٢١ ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە لە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ئەنجام درا.
بەپێی یاسای کۆمسیۆن و لەپێناو سەلماندنی پاک و بێگەردی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، لەماوەیەکی دیارکراودا ھەموو لایەنێکی سیاسی بەشداربووی ھەڵبژاردنەکان مافی ئەوەیان ھەیە پەڵپ بگرن یان سکاڵا لەبەرامبەر ئەنجامەکان تۆمار بکەن. بۆیە لێرەوە داوا لەھەموو لایەنەکان دەکەین ئەوانەی تێبینیان ھەیە لەسەر ئەنجامەکان کە تەنیا ڕێککاری یاسایی و شێوازی گونجاو بگرنەبەر بۆ سەلماندنی سکاڵاکانیان دوور لەزمانی ھەڕەشە و پشێوی نانەوە کە مەترسیە و، ھەڕەشە لەئارامی وڵات دەکات، ھەروەھا داوایان لێ دەکەین دان بەخۆیان دابگرن و بەرژەوەندی گەل بخەنە سەرووی ھەموو ئیعتیبارێکەوە و، ئەگەر ھەندێک تێبینی تەکنیکیش لەسەر پڕۆسەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان ھەبووبێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ھەڵبژاردنەکە پڕۆسەیەکی ئازاد و پاک بوو .

لێرەوە بەپێویستی دەزانین سوپاسی تەواوی ھەوڵ و ماندووبوونی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و، نێردەی «پاڵپشتی تەکنیکی» نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بکەین، ھاوکات سوپاس و پێزانینمان بۆ ھەوڵەکانی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەر دابینکردنی ئارامی و بارودۆخێکی ئەمنی گونجاو و سەرکەوتوو بۆ بەڕێوچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان.

مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٧ـی ١٠ـی ٢٠٢١

ھەواڵی زیاتر