لە پەیوەندی خێزانیدا هیچ دوو هاوسەرێک بەدەر نین لە کێشەو دەمەقاڵێ و ناکۆکی کە زۆربەی جار تەنها توڕەبوونێکی کاتییە و لە ماوەیەکی کەمدا هاوسەران دەگەڕێنەوە ئامێزی یەکتر بەڵام هەندێک جار کێشەو ناکۆکییەکان گەورە دەبن تا ئەو ڕاددەیەی بە جیا بوونەوە کۆتایی دێت و دەبێتە هۆی لێکترازان و هەڵوەشانی خێزانێک.
هەر هاوسەرگیریەک لەسەر بنەمای سۆزوخۆشەویستی و رێزگرتن وگرینگیدان بێت بە یەکتر، ئەواهەرگیز لێک جیابونەوە روو نادات، بەڵام زۆربەی ئەوکچ وکورانەی لە تەمەنی بچووک هاوسەرگیری دەکەن، بەدەگمەن لەم پرۆسەیە سەردەکەون چونکە هێشتا لە مانای هاوسەرگیری تێنەگەیشتون هەست بە بەرپرسیاریەتی ناکەن، بۆیە هەرزوو لێک جیا دەبنەوە جا بە هەرهۆکارێک بێت.
ئێستاکە دادگاکانی هەرێمی کوردستان پڕیەتی لەو کەیسانەی کە بە جیابوونەوە کۆتایییان دێ و لە زۆربەی کەیسەکانیشدا منداڵ دەنبە قوربانی.
گەر هەرێمی كوردستان بە نموونە وەرگرین دەبینین لە شەش ساڵی رابردوو ٥٣هەزار حالەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە، ئەگەر هەریەك لەمانە دوو منداڵیان هەبوو بێت ئەوا ١٠٦هەزار منداڵ بوونەتە قوربانی و بێ خێزان کەوتوونە. ئەی تاوانی ئەو منداڵانە چیە؟
باوترین هۆکارەکانی ئێستاکەی جیابوونەوەی هاوسەران:
- ناپاکی و نەبوونی متمانە لەنێوان هاوسەراندا لە هۆکارە هەرە باوەکانی جیابوونەوەی نێوان هاوسەرانە. ئیتر ئایا دروستکردنی پەیوەندییەکی نهێنی بێت لەلایەن یەکەک لە هاوسەرانەرەوە یاخود خیانەتی هاوسەرگیری بێت.
- نەبوونی و هەژاری و بێکاری؛ لە کۆنەوە وتراوە (کاسەی پڕ، ئاشتیی ماڵە)؛ بە پێچەوانەوە نەبوونی و هەژاری کێشەیە و کاتێک بەهۆی نەبونییەوە ناتوانن پێداویستییەکانیان دابین بکەن زۆر جار دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی کێشە و جیابوونەوەی لێ دەکەوێتەوە.
- هاوسەرگیری پێشوەختە، ئەمەشیان یەكێكە لە هەڵە هەرە گەورەكان كەوا زۆرێك لەخێزانەكان بێ گوێدان بە بارودۆخی منداڵەكەیان و شارەزایی لە سروشتییان هەڵدەستن بە ڕازیبوون لەسەر بڕیاری هاوسەرگیریی منداڵەكانیان. كە ئەمەشیان یەكێكە لە هەڵە هەرە گەورەكان ئەویش بەشودانی منداڵی خوار تەمەن (۱۸) ساڵانە، کە ئەمەش وا دەکات لە کاتی دروستبوونی کێشەدا نەتوانن وەکو دوو کەسی کامل چارەسەری کێشەکانیان بکەن و کێشەی بچووک زیاد لە قەبارەی خۆی گەورە دەکەن و دەبێتە هۆی جیابوونەوە.
ـ بەكارهێنانی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بەشێوەیەكی ناڕێک و زیانبار؛ ئەمەشیان گەورەترین كۆسپە لە بەردەم دڵخۆشبوونی خێزانەكان ودەبێتە هۆی دروست بوونی كێشەوگرفتی خێزانی، بەجۆرێك دابڕانی گەورە دروست ئەكات لەنێوان خێزانەكاندا.
- پەرەسەندنی توندوتیژیی خێزانی، چی دەروونی بێت یاخود جەستەیی؛ ڕاستە پیاو بە بەرپرسی خێزان دادەنرێت بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت گشت بڕیارەكان بەدەستی پیاو بێت و لە بچووكترین هەڵەدا هێز بەكار بهێنێت؛ ئێستاکە دادگا چەندین داوای لەم جۆرەی لێ هەیە و لە پزیشكیی دادوەریدا سەلمێنراوە پیاو توندوتیژیی کردووە، هەندێ جاریش تاوانەكە لە توندوتیژی تێدەپەڕێت بۆ كوشتن.
- لەیەك تێنەگەیشتنی لایەنەكان لە بەرامبەر یەكتری یاخود قبووڵنەكردنی بیروڕای یەكتر، زۆرجار پیاوان و ئافرەتانیش دەیانەوێت وتەكانی خۆیان بسەپێنن بەسەر یەكتریدا بەبێ ئەوەی هەوڵ بدەن بیروڕا لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ بكەن واتە لایەنێكیان بیروڕای خۆی لاپەسەندتر و گونجاوترە بەسەر لایەنی بەرامبەریدا و، هیچکامیان هەوڵنادەن تەنازول بۆ یەکتری بکەن.
ـ دەستتێوەردانی دەوروبەر لە كاتی بوونی كێشەو گرفتی جیاواز لە نێوان ژن و پیاودا، كەئەمەش بەدڵنیاییەوە هەڵەیەكی ئێجگار گەورەیە بەتایبەت لەكاتێكدا كەئاستی لەیەك تێگەیشتنیان لە خاڵی لاوازدایە، لە زۆربەی کاتەکاندا بوونی کەسی سێیەم لە نێوان ژن و مێرددا دەبێتە هۆی گەورەتربوونی کێشەکان کە دوایی چارەسەری زەحمەت دەبێت. بۆیە باشتر وایە هەمیشە کێشەکان دوای ئارامبوونەوە لە نێوان خۆیاندا بە لێکتێگەیشتن چارەسەر بکەن بەبێ ڕێگەدان بە داخڵبوونی کەسی سێیەم لە نێوانیاندا.