پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: شانازی ده‌كه‌م بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار متمانه‌یان پێداوم 

به‌ربژێری هاوپه‌یمانی ڕزگاری نیشتمان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق ڕایگه‌یاند كه‌ شانازی ده‌كات له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یه‌وه‌ متمانه‌یان پێدراوه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار.

ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د خالید به‌ربژێری هاوپه‌یمانی ڕزگاری نیشتمان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ تویتێكدا ڕایگه‌یاند: شانازی ده‌كه‌م له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانێتی ڕزگاری نیشتمان‌ متمانه‌م پێدراوه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار.

ڕاشیگه‌یاند: به‌ڵێن ده‌ده‌م كار بكه‌م بۆ دامه‌زراندنی بناغه‌ی ده‌وڵه‌تێكی دامه‌زراوه‌یی مۆدێرن كه‌ خواستی هاووڵاتییان بهێنێته‌ دی.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له‌نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕه‌وتی سه‌در و هاوپه‌یمانی سیاده‌ گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی به‌ناوی “هاوپه‌یمانی ڕزگاری نیشتمان”‌ ڕاگه‌یه‌نرا و به‌فه‌رمیش هه‌ریه‌ك له‌ ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د خالید بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار و محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر سه‌در بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ربژێر كران.

بڕیاره‌ ڕۆژی شه‌مووی داهاتوو په‌رله‌مانی عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌ڕێوه‌ ببات و بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنه‌كه‌ش پێویسته‌ سێ له‌سه‌ر چواری په‌رله‌مانتاران له‌نێو هۆڵی په‌رله‌مان ئاماده‌بن كه‌ ده‌كاته ڕێژه‌ی‌ 220 په‌رله‌مانتار.

دوێنێ سێشه‌میش هاوپه‌یمانی ڕزگاری نیشتمان ڕایگه‌یاندبوو كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاره‌ سه‌ربه‌خۆكان گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن و ئه‌وان ئاماده‌ی دانیشتنی ڕۆژی شه‌مووی داهاتوو ده‌بن و وه‌ك گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی په‌رله‌مانی ڕێژه‌ی یاسایی دانیشتنه‌كه‌ ته‌واو ده‌كه‌ن.