رۆژنامەی ھەولێر

توندوتیژی دژ بە ژنــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــان

پرشنگ توانــا

توندوتیژی دژبە ژنان وەک کلتوورێکی نامۆ کاردانەوەیەکی زۆر نەرێنی کردۆتە سەر خێزان بەتایبەتی و کۆمەڵگاش بەگشتی، ڕاستە توندوتیژی بەهەموو جۆرەکانیەوە، لە پیاوسالاریەوە سەرچاوەیان گرتوە، جائایا ئەو توندوتیژیە لەبوارەکانی جەستەییە بێت، یان دەروونی کە وەک کلتوورێکی نامۆ لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا کاریگەرییەکی نەرێنی کردۆتە سەر ژن و تەندروستی خێزان و لەئاکامیشدا منداڵەکان دەبنە قوربانی ئەو دیاردەیە.

نەتەوە یەکگرتوەکان ڕۆژی 1999-11-25 یان کردە ڕۆژی بەڕەنگابوونەوە دژ بە توندوتیژی ژنان، ئیتر هەر لەوکاتەوە ناڕەزاییەکان بەشێوازی خۆپێشاندان و چالاکیە جۆراوجۆرەکان لەلایەن ڕێکخراوە جەماوەریەکان و چالاکوانانی بواری ژنان بەئەنجام دراون، لەکوردستانیشدا بەفەرمی پشتیوانی لەهەموو هەوڵ و کۆششێک دەکرێ کە بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژ بەئافرەتان خەبات دەکەن .
ژنانی ئەمڕۆ بە بەراورد لەگەڵ دوێنێدا وشیارتر و ڕۆشنبیرترن و پێشکەوتنێکی بەرچاویشیان بەخۆیانەوە بینیوە و بوێرانە لەڕێگای یاساوە دژ بەو دیاردەیە ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن .
سەرەڕای ئەوەی کە زۆر لە ئافرەتان گەیشتوونەتە پێگەی بریاردان و بڕوابەخۆبوون و ڕۆژ بەڕۆژ هەنگاوی بەرەوپێشەوە دەنێن، بەڵام هەموو ئەو پێشکەوتنانە نەبوونەتە هۆکاری ئەوەی کە توندوتیژی دژ بەژنان بەیەکجاری کۆتایی پێهاتبێ، تاوەکو ئێستاش ئەو دیاردەیە هەر هەیەو ڕێژەکانیش لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازی هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئافرەتان لەبەرامبەر توند و تیژیەکان بێدەنگ نین و ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
ئەمەوێ هەر لێرەدا ئاماژە بە ڕۆڵی بەرچاوی حکوومەتی کوردستان بکەم کە ڕۆڵیکی زۆر کاریگەریان لەکەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە بینیوە، ئەمە و جگە لەڕۆڵی بەرچاوی ڕیکخراوەکانی تایبەت بەو کەیسە و چالاکوانانی بواری ئافرەتان .