مقداد شاسواری
سەیرم پێ هات. دەبێ خۆی بێ؟ كەللە سەرێكی خڕ و بچووك، ملێكی باریكی دووجار بەقەدەر پەنجەیەكی ئەسپێ كوژە، بەژنێكی باریك و ڕەقەڵە، دەتگۆت نیوەی تەمەنی خۆی لەناو برسیەكانی ئەفریقادا ژیاوە. لەسەر گۆشەیەكی ئیسكەملیە دارینەكەی چایخانە دانیشتبوو، چایەك لەسەر تەپڵەكە ژەنگاویەكە، لەبەردەمی داندرابوو، بێ ڕاوەستان مژی لە جگەرە دەداو، پەڵە هەورێك لە دووكەڵی لەدیار سەریدا جێگیر كردبوو. ئاگای لەمن نەبوو هەتا چووم لەتەنیشتی دانیشتم و دوو – سێ جار شانیم ڕاتەكاند وەك ئەوەی كەسێك لە خەودا واگا بێنی.
– جومعە؟!…
– ها؟..
– ها چیە؟. خانەنشین بوویتە هێشتا فێر نەبوویتی جوانتر بەخێرهاتنی كەسێك بكەی. دەڵێی تەیارەی قوون بە دووكەڵی. ئەو هەموو جگەرەیە چیە دەكێشی؟
– كێشەم هەیە كاكە.. كێشەی قورسم هەیە. بابی جگەرەش نایڕەوێنێتەوە!
– كێشەت چییە. چل ساڵە هاوڕێتم نابێ بزانم..
– عایلەوییە براكەم…
– باسی كە بەشكەم بتوانم لەسەر دڵتی سووك كەمەوە.
– كێشەكە درێژخایەن و كۆنە. ژەنگی گرتووە.
– چیە؟. كێشەت لەگەڵ براژنم هەیە؟…
– گرتوویەتی بە كتێبەكانم. براژنت دەڵێم. هەمووی بەسەر یەكەوە چل كتێبم هەیە. لەناو مەكتەبەیەكەو تەنها یەك مەتر جێی گرتووە لە قوژبنێكی مەتروكی ژووری میوانان، منیش لەم دنیایەدا خۆ هیچم بە نسیب نەبوو. دڵم بەو كتێبانە خۆشە. كەچی بۆتە گرفتێك بەلای ئەو براژنەت، دەڵێی كتێبەكانی من هەموو ماڵەوەی لێ داگیر كردووە. دایم پرتەو بۆڵەیەتی. ئەو ڕۆژە چیم پێ دەڵێ.. براژنت!
– چی دەڵێ؟
– دەڵێ ئەگەر تۆ لە باتی خوێندنەوەی ئەو هەموو كتێبە بێ سوودە كتێبی پیرۆزت خوێندبایەوە ئێستا بۆخۆت لە عەشەرە موبەشەرە بوویت! یان ئەو ڕۆژە لە قوتابخانە بە قوتابیەكانیان گۆتبوو یەكەو هەزار دینار بێنن جامی پەنجەرەی پۆلەكەتان دەگۆڕین. ئەو براژنەت كتێبی “رۆحی یاساكان”ی مۆنتیسكۆی دابووە كچەكەمان، گۆتبووی بە مامۆستاكەت بڵێ ئێمە خانەنشینین مووچەمان بەشی ژیانمان ناكات، ئەو كتێبەم لەباتی پارەكە هێناوە. دێت و دەڕوا بە لاقرتێوە پێم دەڵێ هاوڕێكانت وێنەو سێلفی لەگەڵ خەرمانی دەفتەری دۆلار دەگرنەوە تۆش وێنەو سێلفی لەگەڵ ئەو كتێبانەت دەگریتەوە هەمووی بفرۆشی جلیكانە نەوتێكی پێ نایێ بۆ ئەم زستانە ساردە.
ئەم ڕۆژە كابرای كارەبا هاتووە گۆتوویەتی حەفتا هەزارتان بۆ هاتۆتەوە ئەو براژنەت پێی گۆتووە بەخوای كوڕم ئێمە پارەمان نیە. چووە كتێبی ” كۆماری ئەفلاتۆن” و ڕۆمانی ” كاتژمێر بیست و پێنج”ی كۆنستانتین كۆركیۆ و ڕۆمانی ” دایك”ی مەكسیم گۆرگی هێناوە و بە كابرای كارەبا دەڵێ ها. ئەو كتێبانە لەبری پارە ببە بۆ خۆت.
كابرای كارەبا دەڵێ: خوشكم. دایكم تۆ تەواوی. من چی لە كتێب بكەم؟ دایەرەی كارەبا كتێبم لێ وەردەگرێ؟ یان بچم لەسەر شۆستە چوارچمكی دانیشمە كتێب فرۆشتن؟ مەرحەبا كتێب !
ئەم بەیانیەش پیرەژنێكی داماوی سواڵكەر هاتووە داوای كەمێك خواردن دەكا براژنت پێی دەڵێ خواردنمان لەكوێ بوو. مشك لە ماڵی ئێمە كلكی بە ئارد نابێ. چووە دوو ” دیوانی شیعر” و ڕۆمانی “بەفر”ی ئۆرهان پامۆكی بۆ هێناوە و پێی دەڵێ بڕۆ ئەو كتێبانە بۆخۆت بفرۆشەو خواردنی پێ بكڕە. پیرەژن وایزانی براژنت پێی ڕادەبوێرێ. دەرزهنێ جوێنی خەستی پێ دابوو هەر بە هەڵاتن وەكو شێت لەبەر دەستی هەڵاتبوو. دەوەرە هاوڕێ چل ساڵییەكەم، بزانم چۆن ئەو كێشەیەی من چارەسەر دەكەی؟ مایەی سەرسوڕمانە هەتا ئێستا شێت نەبوومە.
– بەڵام ئەه. لە لێوارەكەیت!..
– باشە. تۆیش پێم ڕابوێرە…
– ئێ قەیچیەكا. چۆن لە سەردەمی كۆندا نەوت بەرامبەر خۆراكمان هەبوو. ئێستاش با كتێب لە بەرامبەر كارەباو موەلیدەو نەوت و ئەو شتانەمان هەبێ. كتێب لە ڕۆژێكی ئاوها تەنگانەدا بە هانامانەوە نەیێ ئەی بۆچی باشە. براژنم حەقێتی. تۆش دەوڵەمەند بوایتایە ئەویش حەقی بەسەر كتێبەكانتەوە نەدەبوو.. بەڵام هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی باوكت، دەیزانی ئەقڵت بە درێژایی ژیانت لە پشوودا دەبێ بۆیە ناوی نایت جومعە!…
