سەردار ئەکرەم – بەریتانیا
گروپی “شانۆ بۆ شانۆ” لە شاری کۆیە بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانی عێراق، بە شانۆی شەقامی “گۆڕغەریب” بەشداریی نۆزدەهەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقامی مەریوان دەکات؛ فیستیڤاڵێک کە ساڵانە بە ئامادەبوونی گرووپە شانۆییەکان و هونەرمەندانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، دەبێتە کۆبوونەوەیەکی گرنگ بۆ شانۆی شەقام و هونەری گەڕۆک.
ئەم بەشدارییە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ ناساندنی تواناکانی هونەرمەندانی کوردستان و بەهێزکردنی پەیوەندییە هونەرییەکان لەنێوان گرووپە شانۆییە کوردییەکان و هونەرمەندانی ناوچە و جیهان.
شانۆی “گۆڕغەریب” لە دەرهێنان و بیرۆکەی هونەر تاهیر ئامادەکراوە و پێشەوا ناصح یەکێکە لە ئەکتەرەکانی ئەم بەرهەمە. لە بەشی بەڕێوەبردنی گرووپ و کارە تەکنیکییەکانیش بریتین لە: جێبەجێکردنی مۆسیقای شانۆکە لەلایەن فەرەیدون حەمەدەمین، و بەڕێوەبەری شانۆ کەیفی ئەحمەد.
ئامادەبوونی گرووپی «شانۆ بۆ شانۆ» لە فیستیڤاڵی مەریواندا تەنها بەشدارییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ ئەوەی شانۆی کوردی لە دەرەوەی سنوورەکاندا خۆی پیشان بدات. شانۆی شەقام بە سروشتی خۆی پێویستی بە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەر هەیە و لە شوێنی شانۆی داخراو، لە ناو کۆمەڵگا و لەسەر شەقام پەیام و چیرۆکەکانی خۆی دەگوازێتەوە.
