رۆژنامەی ھەولێر

د. دلاوەر ئاژگەیی: هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی ستراتیژییه‌ بۆ ئەورووپا

عەبدولقەهار هەولێری – هە‌ولێر

د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیدا بە بەشداری نوێنەرانی ٥٢ وڵات، گرنگیی ستراتیژی و پێگەی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەوروپا خستەڕوو.

لە وتارەکەیدا، ئاژگەیی ئاماژەی بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، پێشوازی لە ئاوارە و پەنابەران و پاراستنی فرەیی ئایینی و نەتەوەیی کرد. هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنی و ستراتیژییەکان لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکان کردەوە.
نوێنەری حکومەتی هەرێم، پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، بە تایبەتی لە بوارەکانی وزە، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، پیشەسازی، ژێرخان و تەکنەلۆژیا، بە گرنگ دانا و داوای لە وڵاتان و دامەزراوەکانی ئەوروپا کرد پشتگیرییە سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و مرۆییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەن.
لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەشدا، د. ئاژگەیی لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی پارتە سیاسییە ئەوروپییەکان چاوپێکەوتنی ئەنجام دا و سڵاو و ڕێز و پێزانینی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێیان گەیاند.
ئەم بەشدارییە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپادا دێت، بە ئامانجی فراوانکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراندنی هاوبەشییەکی ستراتیژی و درێژخایەن لەگەڵ ئەوروپا.