ڕائیب جادر – ههولێر
چاودێران و لایەنەکان، دەڵێن، پشتیوانی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەکەین و پێویستە ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکان ڕیزەکانیان یەکبخەن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، دەستوور دەبێت تاکە سەرچاوە و بنەمای چارەسەرکردنی ھەموو ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بێت، ھەر ھەنگاوێکی تاکلایەنە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور، لەگەڵ بنەماکانی ھاوبەشی و فیدراڵیزم ناگونجێت.
بڕیارەکانی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەبارەت بە خستنەژێر دەسەڵاتی فیدڕاڵیی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و قۆرخکردنی دەسەڵاتی مۆڵەتپێدانی ھەناردەکردنی نەوت و بەرھەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵدا، پێشھاتێکی مەترسیدارە و درێژکراوەی ئەو ھەنگاوانەیە کە دەسەڵاتی ناوەند بەھێز دەکەن و بنەماکانی فیدڕاڵیزم لاواز دەکەن.
ڕۆژی سێ شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بابەتی پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و پاراستنی ئەم ئەزموونە گەورەترە لە ھەموو دەستکەوتێکی شەخسی و حزبی و دەبێ ھەموو تاکێکی ئەم وڵاتە، ھەموو تاکێکی ھەرێمی کوردستان ھەست بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆی بکات، ئێمە ئامادەین ناکۆکییەکانمان وەلا بنێین و ھەموومان ببین بە پێشمەرگە بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان.
گوتیشی: ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەم بەیانەی کە دەرچووە، چونکە لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەو گفتوگۆیانە ناگونجێ کە پێشتر لەگەڵ بەغدا ھەمانبووە، پەیامی جیا جیاش ھەبووە، پێشتر شاندی ئەوانیش ھاتوونەتە لای ئێمە پەیامی جیایان بە ئێمە گەیاندووە کە بەرەو ئاراستەی چارەسەری کێشەکە بەڕاستی جێگەی سەرسوڕمانە و بە ھیچ جۆرێک جێی قەبووڵ نییە.
سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ئێمە دەرگای گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا دانەخستووە، پێمانوایە ھەموو شتێک بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت، بەڵام گفتوگۆ دەبێ لەسەر بنەمای دەستوور بێ، لەسەر بنەمای بڕیاری تاکەکەسی نادرێ، لەسەر پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان ھیچ ناکرێ، بۆیە من داوام ئەوەیە ھەم بەغدا و ھەم ھەموو لایەک لەسەر ئەوە کۆک بن کە لەسەر بنەمای دەستوور قسەی پێویست بکرێ و لەسەر ئەو بنەمایەش بگەین بە ڕێککەوتن.
پارتی ھەوڵدەدات ھەموو حزب و لایەنە کوردستانییەکان لەژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە، چونکە پێیوایە بەو شێوەیە دەتوانن ھاوپەیمانیەتێکی بەھێز دروست بکەن و بەرامبەر بە ھەموو ئەو تەحەدیاتانە بوەستنەوە کە ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان دەبنەوە.
محەممەد شەریف، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” درکاندی، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا ھیچ بنەمایەکی دیموکراسی بوون لە عێراق جێبەجێ نەبووە، دەستوور وەکو یاسایەکی گشتی و چەترێک ھەموو نەتەوە جیاوازەکانی عێراق لەژێر سێبەری خۆی دەبینێتەوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە، ئەوەش بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێتەوە، عەقلیەتی دیموکراسی و مەدەنی بوون لە عێراق بوونی نییە، واتە نەبووتە دەوڵەتێکی دیموکراسی و مەدەنی بۆ ئەوەی بتوانێت پێوەرەکانی دیموکراسی بوون جێبەجێ بکات، ئەوەی دیکە دەمارگیری عەرەبی شۆفێنییە بە گۆڕینی ڕژێم کە حکومی لە عێراق کردووە ئەو عەقلیەتە نەگۆڕاوە و ھەر وەکو خۆ ماوەتەوە.
زیاتر دەڵێ: لە ئێستادا ئەو کێشەی کە ھەیە نە نەوتە، نە داھاتی ناوخۆ، بەڵکو کێشەکە سیاسییە تەنیا عەقلیەتێکە کە کوردی قبول نییە، ئەوەش ھیچی کەمتر نییە لە ئەنفال، بەڵام لە بەرگێکی دیکەدا خۆی دەبینێتەوە بۆ نەھێشتنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان.
نازم وەیسی، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: بارودۆخ و قۆناغی ھەستیاری ئێستای ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێویستی بەوە ھەیە ھێز و لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت پارتی و یەکێتیی پشتیوانی یەکتر بکەن و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان بێنە پێشەوە، چونکە ھەر جۆرە لێکنزیکبوونەوە و پشتیوانییەکی نێوانیان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی ناوخۆ و ھێز و پێگەی کورد لە بەغدا و ناوچەکەدا دەبێت، ئەم پشتیوانییەش بە مانای سڕینەوەی جیاوازییەکان نییە، بەڵکو بە مانای کۆکبوونە لەسەر خاڵە ھاوبەشە نیشتمانییەکان و پاراستنی قەوارەی دەستووری و مافەکانی خەڵکی کوردستان لە کاتی تەنگانە و گۆڕانکارییە خێراکاندا.
ئەو چاودێرە، زیاتر گوتی: ھەرێمی کوردستان لەبەردەم چەندین ئاڵنگاری و ھەڕەشەی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و ناوچەییدایە کە بە پەرتەوازەیی و ململانێی ناوخۆیی بە ئاسانی تێناپەڕێنرێن، یەکگرتوویی و کاری پێکەوەیی وەک قەڵغانێکی بەھێز کار دەکات بۆ ئەوەی ھەمووان پێکەوە و بە یەک دەنگ و یەک ستراتیژ ڕووبەڕووی مەترسی و ھەڕەشەکان ببنەوە و دەرفەت نەدرێت کەلێنە ناوخۆییەکان بۆ زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بقۆزرێنەوە، بەم شێوەیە یەکڕیزی و پشتیوانیی نێوان لایەنەکان تەنیا دروشمێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی واقعی و ستراتیژییە بۆ پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و داھاتووی ھەرێمی کوردستان.
