رۆژنامەی ھەولێر

ماندوێتیی پەیوەست بە شێرپەنجە

 

 

هەستكردن بە بێهێزی و ماندوێتییەكی زۆر لە كاتی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەدا، یەكێكە لە دیارترین ئەو حاڵەتانەی ڕووبەڕووی نەخۆشەكان دەبێتەوە، كە زۆرجار تەنانەت بە پشوودان و خەوێكی باشیش ناڕەوێتەوە و پێویستی بە بەدواداچوون و چارەسەری تایبەت هەیە.

ئامار و كاریگەرییەكانی ماندوێتی لەسەر تووشبووان
د. سارا جەمیل نیزامەددین، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، تیشك دەخاتە سەر دیاردەی بێهێزی لە كاتی وەرگرتنی چارەسەرەكاندا كە لە زانستی پزیشكیدا بە «ماندوێتیی پەیوەست بە شێرپەنجە» (Cancer-related fatigue) ناودەبرێت.
بە گوتەی ئەو پزیشكە پسپۆڕە، ئەم حاڵەتە زۆر باوە و نزیكەی ٧٠٪ بۆ ١٠٠٪ـی تووشبووان پێوەی دەناڵێنن؛ بەشێوەیەك كە لە ماوەی وەرگرتنی چارەسەرەكاندا دەگاتە لووتكە و هەندێك جاریش تەنانەت دوای تەواوبوونی چارەسەرەكان لەگەڵ نەخۆشەكەدا دەمێنێتەوە.

گرنگیی ئاگاداركردنەوەی پزیشك و هۆكارە لاوەكییەكان
د. سارا جەخت لەوە دەكاتەوە كە زۆر گرنگە نەخۆش پزیشكەكەی لەم بێهێزییە ئاگادار بكاتەوە، چونكە ڕەنگە چەند هۆكارێكی تری لە پشتەوە بێت كە دەتوانرێت بە ئاسانی دەستنیشان بكرێن و چارەسەر بكرێن، لەوانە:
• كەمخوێنی.
• تێكچوونی چالاكییەكانی غودەی دەرەقی.
• تێكچوونی ڕێژەی كانزاكان لە جەستەدا.
• تێكچوونی خەو و ناجێگیریی باری دەروونی.
• بوونی ئازارێكی زۆر لە جەستەدا.

باشترین چارەسەر چییە؟
دوای دڵنیابوونەوە و چارەسەركردنی هۆكارە پزیشكییەكانی سەرەوە، د. سارا جەمیل نیزامەددین ئاماژە بەوە دەكات كە بەپێی زۆربەی توێژینەوە زانستییەكان، باشترین و گرنگترین چارەسەر بۆ كەمكردنەوەی بێهێزی و گەڕاندنەوەی وزە بۆ جەستەی نەخۆش، ئەنجامدانی وەرزشە بەشێوەیەكی گونجاو.