ماکوان عێزەت – هەولێر
لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و بەکارهێنانی سۆبای نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستان، ساڵانە بەهۆی نەکوژاندنەوەیان لە شەواندا چەندین ڕووداوی نەخوازراوی خنکان تۆمار دەكرێن؛ پزیشكێكی پسپۆڕیش وردەكاریی مەترسییەكانی ئەو گازە «بێڕەنگ و بێبۆنە» دەخاتە ڕوو كە دەبێتە هۆی مردنی لەناکاو.
بكوژە بێدەنگەكە چییە و چۆن كار دەكات؟
د. هەڤاڵ محەمەد، پزیشكی نەخۆشییە هەناوییەكان، تیشك دەخاتە سەر مەترسییەكانی خنكان بە غازی سۆبا و ڕوونی دەكاتەوە كە گازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن (CO)، گازێكی بێڕەنگ، بێتام و بێبۆنەیە. ئەم گازە لە ئەنجامی سووتانی بەرهەمە نەوتییەكان، دار، خەڵووز و سووتەمەنییەكانی دیكە لە شوێنێكی داخراو و بێ هەواگۆڕكێدا دروست دەبێت.
بە گوتەی ئەو پزیشكە، مەترسیی گەورەی ئەم گازە لەوەدایە كە بەهۆی نەبوونی بۆن و ڕەنگەوە، كەسەكە هەست بە هەڵمژینی ناكات تا ئەو كاتەی نیشانەكانی ژەهراویبوون تێیدا دەردەكەون، بۆیە زۆرترین مەترسی لەسەر ئەو كەسانەیە كە لە كاتی خەوتندا بەر ئەم گازە دەكەون.
سەبارەت بە میكانیزمی كاركردنی گازەكە لە جەستەدا، د. هەڤاڵ ئاماژە بەوە دەكات كە توانای یەكگرتنی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن لەگەڵ هیمۆگلۆبینی خوێندا ٢٠٠ جار زیاترە لە توانای ئۆكسجین. بەمەش بە شێوەیەكی زۆر خێرا و مەترسیدار شوێنی ئۆكسجین دەگرێتەوە و ڕێگری دەكات لە گەیشتنی ئۆكسجینی پێویست بە خانەكانی جەستە، كە دەرەنجامەكەی مردنی خانەكان و گیانلەدەستدانی كەسەكەیە.
قۆناغ و نیشانەكانی ژەهراویبوون بە غازی سۆبا
د. هەڤاڵ محەمەد نیشانەكانی ژەهراویبوون بەپێی ڕێژەی یەكگرتنی گازەكە لەگەڵ هیمۆگلۆبینی خوێندا بەم شێوەیە پۆلێن دەكات:
• تا ڕێژەی ١٠٪: كەسی بەرکەوتوو هەست بە هیچ نیشانەیەك ناكات.
• قۆناغی سەرەتایی: هەستكردن بە قورسبوونی سەر و سەرئێشەیەكی سووک.
• قۆناغی مامناوەند: سەرئێشەی توند، گێژبوون، بێهێزی، كەمبوونەوەی توانای بینین، هێڵنجدان و ڕشانەوە.
• قۆناغی مەترسیدار: لەهۆشخۆچوون، خێرابوونی هەناسەدان و لێدانی دڵ، گەشكە، و دواتر سستبوونی دڵ و كۆئەندامی هەناسەدان كە دەبێتە هۆی مردن لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا.
• ڕێژەی سەروو ٩٠٪: ئەگەر ڕێژەی یەكگرتنی گازەكە لەگەڵ هیمۆگلۆبین بگاتە سەروو ٩٠٪، كەسەكە لە ماوەی تەنها چەند خولەكێكدا گیان لەدەست دەدات.
بۆ دووربوون لەم كارەساتە مرۆییانە، پزیشكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوام جەخت دەكەنەوە كە هاووڵاتیان بەر لە نووستن بە تەواوی سۆباكانیان بكوژێننەوە و دڵنیابنەوە لە بوونی هەواگۆڕكێی گونجاو لە ماڵەكانیاندا.
