رۆژنامەی ھەولێر

پارتی و یەکێتی: پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە

ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، ئەو ڕاگەیەندراوەی لەلایەن گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاو کراوەتەوە و ئەو پێشهات و ڕێوشوێنانەی لەم چەند ڕۆژەدا لە عێراقدا لە ئارادان، بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئەو ڕاگەیەندراوی کە لەلایەن وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە و پێشهات و ڕێوشوێنانەی لەم چەند ڕۆژەدا کە لە عێراقدا لە ئارادایە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن.

هەموو لایەک باش دەزانن هەرێمی کوردستان لەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە زیاتری داوا نەکردووە و بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو مافە دەستوورییەکانی پێشێل کراون.
ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو لایەک پێویستە پابەندی دەستوور بن و ئەگەر کێشەیەکیش لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیدا هەبێت دەبێ دەستوور حەکەم بێت لە نێوانیان. جگە لە دەستوور هەر ڕێوشوێنێک و بڕیارێکی دیکە لە دژی هەرێمی کوردستان دژی دەستوورە.

هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێلی سوورن.

ئێمە لەگەڵ دیالۆگ و شەفافیەت و لێکتێگەیشتنین و بڕیاری تاکلایەنە خزمەتی ئەمنیەت و سەقامگیری عێراق ناکات.

٢٤ تشرینی دووەمی ٢٠٢٦

پارتی دیموکراتی کوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان