كارزان گلی – هەولێر
كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان ڤلادیمیر پۆتین و هاوتا چینی و ئەمریكییەكەی، پەیامێكی گەورەی رووسیا بوو بۆ وڵاتانی ئەورووپا، بەوەی هەرچەندی بایكۆتی رووسیا بكەن، دەبێت بزانن رووسیا هەر بەهێزە و لەسەر پێی خۆیەتی. میدیاكانی رووسیاش ئەو دیدارە لوتكەیە بەسەركەوتن لێكدەدەنەوە.
لە ٢٠٢٢ كاتێك پۆتین بڕیاریدا هێرش بكاتە سەر ئۆكڕاینا و رووبەڕێكی زۆری خاكی ئۆكڕایناشی داگیر كرد، پۆتین و رووسیا لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپا بایكۆت كرا و بەهەموو شێوەیەك رەتیان كردەوە تەنانەت كۆبوونەوەش لەگەڵ پۆتیندا بكەن، بەڵام پۆتین لەبڕیار و هێرشەكانی پەشیمان نەبووەوە، بەپێچەوانەوە گوێی بەئەورووپا نەدا و گوتی بایكۆتی هەر شتێكی رووسیا بكەن، بەدیلی ترمان پێیە.
پۆتین لەچین، دیدارێكی مێژوویی گەورەی ئەنجامدا كە لەمێژوودا رووی نەداوە، ئەویش كۆبوونەوەی بوو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا و شی جینپینگ، سەرۆكی چین و بەم كۆبوونەوەیە بەوڵاتانی ئەورووپای گوت، لێرەم و بەهێزەوە دەردەكەوم.
میدیاكانی رووسیا دەڵێن، ئەم كۆبوونەوەیەی پۆتین، بەتایبەت لەگەڵ ترەمپدا بەوڵاتانی ئەورووپای گوت، گوشارەكانتان بۆ سەر رووسیا شكستی هێنا.
ئەم كۆبوونەوەیە سەلماندی پۆتین، لەڕووی نێودەوڵەتی و هێزە گەورەكاندا كارئەكتەرێكی گەورە و كاریگەرە، چونكە سەرەڕای هەموو فشارەكانی ئەورووپا و ئەمریكا، بەردەوامە لەبۆردومانكردنی ئۆكڕاینا و هەروەها رەتیشی كردەوە ئاگربەست رابگەیەنێت.
ئاژانسی (BBC) بڵاوی كردوەتەوە، ئەم كۆبوونەوە لوتكەیە بەو مانایە نییە ئەوان بتوانن شێوەی جیهان بگۆڕن، یاخود كاریگەرییان لەسەر سیاسەتی جیهاندا هەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە، باسی زۆر بابەتی گرنگی جیهان دەكەن.
باسی لەوەش كردووە، پۆتین بەئەورووپای نەگوت خۆزگە ئێوەش لێرە بوونایە و كۆبوونەوەم لەگەڵدا بكەن، نەخێر پێیانی گوت ”پۆتینم و لێرەم، هەمووتان بیبینن“
بەگوێرەی بەشێكی زۆری شڕۆڤەكاران، كۆبوونەوەی نێوان پۆتین و ترەمپ، ئەنجامێكی باشی بۆ ئۆكڕاینا نابێت، رەنگە كاریگەریی خراپیشی هەبێت، چونكە ترەمپ بەهیچ شێوەیەك باسی لەوە نەكردووە دەبێت رووسیا پەلامارەكانی بۆ سەر ئۆكڕاینا رابگرێت.
لەمانگی رابردوودا، ڤلادیمیر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكڕاینا لەبارەی ئەو كۆبوونەوە لوتكەیەی نێوان هەرسێ سەرۆك گوتبووی ”ئەم كۆبوونەوەیە لەكۆنفڕانسی یاڵتای ١٩٤٥ دەچێت.“
كۆنفڕنسی یاڵتای، لەنێوان یەكێتی سۆڤیەت بەسەرۆكایەتی ستالین و بەریتانیا بەسەرۆكایەتی چەرچڵ و رۆزفێلت، بەسەرۆكایەتی ئەمریكا بەڕێوەچوو و ئەوكات میدیاكان باسیان لەوە كرد، دوای جەنگی دووەمی جیهانی، هەرسێ سەرۆك دەیانەوێت سەرلەنوێ نەخشەی جیهان دابڕێژنەوە.
چین، هەر لەسەرەتای شەڕەكەوە باسی لەوە كردووە ئەوان لەگەڵ ئاشتین و پێویستە بەئاشتی چارەسەری كێشەكانیان بكەن، بەهیچ شێوەیەك پشتگیریی سەربازی رووسیای نەكردووە، بەڵام ئەو نەوتەی پێشتر رووسیا بەئەورووپای دەفرۆشت و دوای شەڕ ئەورووپا بایكۆتی نەوتی رووسی كرد، چین ئامادە بوو لێی بكرێت، بەمەش ئابووریی رووسیا نەكەوت، بەپێچەوانەوە زیادی كرد، چونكە نرخی نەوت و گازی سروشتی گران بوو و بەو نرخە گرانە، قاسەی دەوڵەتی رووسیای پێ پڕ كرایەوە.
لەداهاتوویەكی نزیك دەردەكەوێت، ئاخۆ كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان پۆتین و ترەمپ، نەخشەی جیهان دەگۆڕێت، یان كاریگەریی سیاسی و جیۆپۆلیتیكی دەبێت؟
