خالید کۆچەر
ڕۆژنامەی هەولێر بیست و یەک ساڵ تەمەنی خۆی بەڕێکرد. پیرۆزبایی لە سەرنووسەر و تەواوی ستافی ئەم ڕۆژنامەیە دەکەم. ئەوەی ڕۆژێک لە دنیای ڕۆژنامەنووسی کارێکی کردبێت، دەزانێت دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە چەندە زەحمەت و پڕ لە ئازارە؛ بەرپرسیارێتی و ڕازیکردنی خوێنەریش خەمێکی ترە.
بەم دواییە ڕۆژنامەی هەولێر ستایلی کارەکەی خۆی گۆڕی، دەستی خوێنەری گرت بۆ خوێندنەوەی لاپەڕەکانی؛ ئەوەش خۆی لە خۆیدا ئازایەتی و تەکانێکی گەورە بوو، خۆشەویستی خۆی سەلماند. دەبێت زۆر بە ڕاستگۆیانە قسە بکەین: کێ عاشق و خوێنەری ڕۆژنامەیە؟ خوێنەر چی لە ڕۆژنامە دەوێت؟ چینێک ڕۆژنامەیان خۆشدەوێت نووسەران و شەیدایان و خوێنەرانن؛ لە ڕۆشنبیران و شاعیران و نووسەران و چیرۆکنووسان و ئەدیبان و ڕەخنەگران و هونەرمەندانن، شەیدای ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبن.
هەموو کات گوتوومە: ئەوەی ڕۆژنامە دەکوژێت بابەتی سیاسی و لاپەڕەی ئاگادارییەکانن. لەم چەند هەفتەی ڕابردوو، ئەوەی من دەیبینم و من دەیخوێنمەوە و من هەستی پێدەکەم، ئەوەتا ڕۆژنامەی هەولێر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە قەیرانی نەبوونی خوێنەردا پێچەوانە دەبێتەوە، خوێنەری خۆی زیاد دەکات؛ ڕۆژانە چەند لاپەڕەیەک بۆ هزر و هونەر و ئەدەب و کلتوور و ڕەخنە و شیعر و چیرۆک تەرخان دەکات، جوانتر لە جاران دەیبینم. لەم دواییەدا بۆ ڕاستی و دروستیی بابەتەکەم چەند پرسیارێکم ئاراستەی ڕۆژنامەفرۆشەکان و خاوەن کتێبخانەکان کرد؛ گوتیان: ڕۆژنامەی هەولێر خوێنەری لە جاران زیاتر بووە، خوێنەر سۆراخی هەولێر دەکەن.
ئەوەمم هاتەوە یاد: کۆتا ساڵانی حەفتا و هەشتاکان بوو، ڕۆژنامەی «هاوکاری» هەفتانە بوو، پێنجشەمموان بە شەوقەوە چاوەڕێمان دەکرد بۆ خوێندنەوەی تەنیا لەبەر ئەو چەند لاپەڕەیەی بۆ ئەدەب و ڕۆشنبیرییەکەی تەرخان کردبوو، تا تینووێتیمان بە شیعرێکی جوان، یا بە چیرۆکێکی ناسک و بابەتێکی ئەدەبیی سەرنجڕاکێش بشکێت. ئەو سەردەمە ئێمە گەنج بووین، هەر هاوکاریمان شک دەبرد بۆ خوێندنەوە. دواتریش پاشکۆی ڕۆژنامەی «عێراق»یش هەفتانە دەردەچوو، ئەویش خوێنەری خۆی هەبوو.
هەرچەندە هەندێک وردە سەرنجم هەیە، بەڵام پێم خۆش نییە بیاندرکێنم؛ بەڵام لە گۆشەنیگای خۆشەویستی، دەستخۆشی لەم ستافە جوانەی ڕۆژنامەی هەولێر دەکەم. دەستان خۆش، بە هیوای بەردەوامیتان. ماوەیەکە ڕۆژنامەی هەولێر، هەولێرەکەی جاران نییە؛ پڕە لە بابەتی ئەدەبیی جوان، خوێنەر بە عەشقەوە بە تاسەی تینووێتی بۆ جوانیی ئەدەب بابەتەکان دەخوێننەوە. ئەگەر ڕۆژنامەی هەولێر لەسەر ئەم ڕێچکە بەردەوام بێت، ئەوە دەبێتە ڕۆژنامەی هەموو ماڵێک لە سەرتاسەری کوردستان و دەبێتە ڕۆژنامەی هەموو تەمەنێک. دەمێک بوو ناوەندی ئەدەبی بەدوای ڕۆژنامەیەکی ئاوادا دەگەڕا.
نابێت ئەوەش لە یاد بکرێت ئازایەتییەکەش بۆ ستافی هونەرییەکەی و برادەرانی دیزاین دەگەڕێتەوە، وەک سەربازی ون لەم ڕۆژنامەیە کار دەکەن، بە فۆنتێکی جوان و بە دیزاینێکی جوان لاپەڕەکان دیزاین دەکەن. دووبارە بیست و یەک ساڵەی تەمەنی ڕۆژنامەی هەولێر لە خوێنەران و نووسەرانی کورد پیرۆز دەکەم.
