رۆژنامەی ھەولێر

چۆن ژانەسەری هێشوویی لە هەوکردنی گیرفانەکانی لووت (جیوب) جیا بکەینەوە؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

زۆرجار هاووڵاتییان بەهۆی لێکچوونی هەندێک لە نیشانەکان و کەمیی هۆشیاریی تەندروستی، جۆرێکی توندی ژانەسەر لەگەڵ هەوکردنی گیرفانەکانی لووت (جیوب) تێکەڵ دەکەن، پزیشکێکی پسپۆڕیش نیشانە جیاکەرەوەکان و ڕێگەی دروستی چارەسەرکردنی دەخاتە ڕوو.

بەشێکی زۆری خەڵک کاتێک دووچاری «ژانەسەری هێشوویی» دەبن، بەهۆی نەبوونی زانیاریی پێویست دەربارەی ئەم حاڵەتە، وا دەزانن کە سەرئێشەکەیان بەهۆی هەوکردنی گیرفانەکانی لووت (جیوب)ـەوە دروست بووە، ئەمەش وا دەکات ڕێگەی هەڵە بۆ چارەسەر بگرنە بەر.
د. ئازاد حەسەن خدر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، زانیاریی ورد لەسەر ئەم جۆرە ژانەسەرە دەخاتە ڕوو و ڕوونی دەکاتەوە کە ژانەسەری هێشوویی جۆرێکی زۆر توندی ژانەسەرە و چەند نیشانەیەکی دیاری هەیە کە لەگەڵ ئازارەکەدا دەردەکەون.
بەپێی ڕوونکردنەوەکانی ئەو پزیشکە پسپۆڕە، دیارترین نیشانە و لێکەوتەکانی ژانەسەری هێشوویی بریتین لە:
سووربوونەوەی یەکێک لە چاوەکان و هەندێک جاریش بچووکبوونەوەی قەبارەی چاوەکە لە کاتی سەرئێشەکەدا.
لووتەچۆڕە؛ هاتنەخوارەوەی ئاو لە لووت.
هەڵچوون و تووڕەیی؛ بەهۆی ئەوەی ئازارەکە یەکجار توند و بێزارکەرە، کەسی تووشبوو لە ڕۆژانی ئاسایی زیاتر هەست بە تووڕەیی و نائارامی دەکات.
سەبارەت بە چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە، د. ئازاد حەسەن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژانەسەری هێشوویی پێویستی بە دەرمانی تایبەت بە خۆی هەیە و زۆرکات بە ئازارشکێنە ئاساییەکان چاک نابێتەوە. هەر بۆیە پێویستە نەخۆش سەردانی پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمار بکات بۆ وەرگرتنی چارەسەری گونجاو تاوەکوو بە یەکجاری لەو ئازارە ڕزگاری ببێت.