رۆژنامەی ھەولێر

ئەو ڕۆمانە هاوچەرخانەی حەزمان بۆ خوێندنەوەی چیرۆک زیاد دەکەن

وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

 

(نیک بۆیز – Nick Boyes)ی تەمەن ٦٦ ساڵ، خانەنشین و لە باخەکەی خۆی لە نزیک شاری (کامبرێج – Cambridge)ی بەریتانیا نیشتەجێیە. پرسیارێکی ئاراستەی ڕۆژنامەی (گاردیەن) کردووە، و دەڵێت: «حەز و ئارەزووم بۆ خوێندنەوەی ڕۆمان لەدەست داوە و ئێستا تەنیا کتێبەکانی تایبەت بە باخداری و سرووشت دەخوێنمەوە. پێم خۆشە هاوکارم بن لەوەی کام لە نووسەرانی مۆدێرن، چیرۆکی باشیان هەیە و دەتوانن دووبارە حەزی چیرۆکخوێندنەوەم تێدا بەرهەڤ بکەنەوە؟»

(گاردیەن)یش پرسیارەکەی ئاراستەی (ئەلێکس کلارک – Alex Clark)ی ڕەخنەگری ڕۆژنامەی ئینگلیزیی گاردیەن و توێژەر و بەڕێوەبەری هونەریی وێژە و ئەدەب لە فێستیڤاڵی (بات – Bath) کردووە تا وەڵامی پرسیارەکەی ئەلێکس بداتەوە کە وەڵامەکە بەم شێوەیەیە:
بیرم کەوتەوە ڕەنگە باشتر بێت بەو کتێبانە دەستپێبکەین کە لە بوارەکەی خۆتن و پێیان ئاشنایت. سەرەتا چەند ڕۆمانێکت پێ دەناسێنم کە پەیوەندییان بە باخداری و ڕووەکناسی و سرووشتەوە هەیە.
ڕۆمانی (هاوینی فریودەر – Prodigal Summer) لە نووسینی (باربارا کینگسۆڵڤەر – Barbara Kingsolver). نووسەرەکەی کەسێکی دیاری ئەمەریکییە کە پاشخانێکی زانستیی باشی لە بواری زیندەزانی و ژینگەناسی هەیە، بۆیەشە سروشت ڕۆڵێکی سەرەکی لە تەواوی بەرهەمەکانی هەیە و براوەی خەڵاتی (پۆلیتزەر – Pulitzer)ە. لە ڕۆمانەکەیدا سێ چیرۆکی تێکهەڵکێش کردووە کە لە یەک هاوین و لە ناوچە شاخاوییەکانی (ئاپالاچی – Appalachi) ڕوودەدەن و تیایدا کار لەسەر پەیوەندیی قووڵی نێوان مرۆڤ، مێرووەکان، باڵندەکان و ژینگە کراوە.

(تۆوبژارەکان – The Seed Collectors) لە نووسینی (سکارلێت تۆماس- Scarlett Thomas) کە ڕۆماننووسێکی بەریتانییە و مامۆستایە لە بواری (نووسینی داهێنەرانە) و بەوەش ناسراوە کە بابەتە فەلسەفی و زانستییەکان تێکەڵ بە چیرۆک دەکات. کتێبەکەی، چیرۆکێکی تەنزئامێز و فەلسەفییە لەبارەی خێزانێک کە میراتێکی نامۆیان لە پوورە گەورەکەیانەوە بۆ دەمێنێتەوە. میراتەکەش کۆمەڵێک تۆوی دەگمەنی جۆرە ڕووەکێکە کە دەگوترێت یەکێکیان توانای پێدانی ڕۆشنگەریی ڕۆحی هەیە.

ئەگەریش بەدوای دیمەنێکی نێو ڕۆمانێکی هەناسەبڕدا دەگەڕێیت، ئەوا (هاوڕێیانەکان – The Friendly Ones)ی (فیلیپ هێنشەر – Philip Hensher)ی نووسەر، ڕەخنەگر و ئەکادیمیستی ناسراوی بەریتانی بخوێنەرەوە کە چەندین جار کاندید بووە بۆ خەڵاتی (بووکەر – Booker). کتێبەکەشی بە شێوازێکی کۆمەڵایەتی و وردەکاریی تایبەت بە ژیانی ڕۆژانە نووسیوە کە باس لە پەیوەندیی نێوان دراوسێکان و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی بەریتانی دەکات. لە ڕۆمانەکەدا کەسایەتیی پزیشکێک و و باخەوانێکی چالاک و گورج، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن و ڕێگری لە ڕوودانی کارەساتێک دەکەن.

بەڵام لە پشت ئەم دارستانە پڕ لە دار و درەختانەوە، پێشنیازی بەرهەمە ناسک و گاڵتەئامێزەکانی (جولیان بارنێز – Julian Barnes)ت بۆ دەکەم کە یەکێک لە گەورەترین نووسەرە هاوچەرخەکانی بەریتانیایە و براوەی خەڵاتی بووکەرە. شێوازی نووسینەکانیشی ورد، قووڵ لە بواری دەروونی و پڕن لە تەنزی ژیرانە. لەم نووسەرە دوایین کتێبی بخوێنەرەوە بە ناوی (تەنیا چیرۆکێک – The Only Story). کتێبەکەی لە دەیەی ١٩٦٠ ڕوودەدات، کە لە زمانی پیاوێکەوەیە بیر لە پەیوەندییەکی خۆشەویستیی وێرانکەری سەردەمی لاوێتیی خۆی دەکاتەوە. چیرۆکەکەی وەهایە: گەنجێکی ١٩ ساڵان دەکەوێتە داوی خۆشەویستیی ژنێکی ٤٨ ساڵانی شوودار. کتێبەکە بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکات کە چۆن یەکەمین خۆشەویستی دەتوانێت کاریگەریی لەسەر تەواوی ژیانی مرۆڤ دابنێت و دواتر ببێتە یادەوەرییەکی ئازاربەخش.

(بای ڕۆژاوا – The Western Wind) لە نووسینی (سامانتا هارڤی – Samantha Harvey) یەکێکە لە باشترین کتێبەکانی ساڵ بۆ من و بە چیرۆکەکەی دەمانباتە سەدەی پانزەیەم. ئەم نووسەرە بەریتانییە و براوەی خەڵاتی بووکەری ساڵی ٢٠٢٤ـە بۆ ڕۆمانی (خولگەیی – Orbital). کتێبەکە کە گێڕانەوەیەکی مۆدێرنی هەیە، ڕۆمانێکی مێژوویی – نهێنیئامێزە و ڕووداوەکانی بە شێوەی پێچەوانە واتە لە کۆتاییەوە بۆ سەرەتا دەگێڕدرێنەوە و باس لە گوندێکی دابڕاوی سەدەی پانزەیەم دەکات کە تێیدا دەوڵەمەندترین پیاوی گوندەکە لە ڕووبارێک دەخنکێت و قەشەی گوندەکەش هەوڵ دەدات ڕاستیی مردنەکەی ئاشکرا بکات.

(تیشکجەنگ – Warlight) لە نووسینی (مایکڵ ئۆنداتجی – Michael Ondaatje)ـی نووسەر و شاعیری بەناوبانگی کەنەدی کە بە ڕەچەڵەکیش سریلانکییە، پێشتر کتێبێکی زۆر درەوشاوەی نووسی بە ناوی (نەخۆشە بەریتانییەکە – The English Patient). کتێبی تیشکجەنگ، باسی دوای جەنگی جیهانیی دووەمی لەندەن دەکات کە دایک و باوکی دوو منداڵ بە ناوەکانی (ناتانیێل – Nathaniel)ی ١٤ ساڵە و (ڕەیچڵ – Rachel)ی خوشکە گەورەکەی، بە بیانووی کارکردن دەچن بۆ (سەنگافوورە – Singapore) و منداڵەکانیان بەجێ دەهێڵن و دەیاندەنە دەست کرێچییەکەیان (واڵتێر – Walter) کە پیاوێکی نامۆ و نهێنیئامێزە کە بە (پەپوولە شەوگەڕە – The Moth) بەنێوبانگە. ساڵانێک دواتر کوڕەکە هەوڵ دەدات نهێنیی کارە هەواڵگرییەکانی دایکی ئاشکرا بکات.

هەندێک جار پێویستە مرۆڤ بە تەواوی لە کتێبێکدا نەغرۆ بێت، بۆیە پێشنیاز دەکەم خۆت بخەیتە نێو جیهانە بریقەدارەکەی زنجیرە ڕۆمانەکانی (پاتریک مێلرۆز – Patrick Melrose)ەوە لە نووسینی (ئێدوارد سەینت ئوبیەن – Edward St Aubyn) کە نووسەرێکی بەریتانییە و بەشێکی زۆری ئەم زنجیرە ڕۆمانەی لەسەر بنەمای ژیانی تاڵ و تراژیدیای خۆی لەنێو خێزانێکی ئەرستۆکراتی بەریتانی نووسیوە. زنجیرە کتێبەکەشی لە پێنج ڕۆمانی کورت پێکدێن کە باسی ژیانی پاتریک دەکەن هەر لە منداڵییەوە تا تەمەنی پیری و دەرچوون لە ئاڵوودەبوون و گورزە دەروونییەکانی سەردەمی منداڵی. زمانی نووسینەکەی ئیدوارد زمانێکی زۆر پاراو و گاڵتەئامێزە. لە ساڵی ٢٠١٨، زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیی سەرکەوتووی لێ دروست کرا کە (بێنێدیکت کومبێرباچ – Benedict Cumberbatch) ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت.

لە کۆتاییدا، ئەگەر دەتەوێت ببیتە خوێنەرێکی سەرسەخت و هۆگری کتێب، بڕۆ بەدەم زنجیرە کتێبی (جاکسن لامب – Slough House )ـەوە کە (مایک هێرۆن – Mick Herron) نووسیویەتی، نووسەرێکی بەریتانیی تایبەت بە ئەدەبیاتی سیخوڕی و هەواڵگری، کە بە جێگرەوەی هاوچەرخی (جۆن لێ کارێ – John Le Carre) دادەنرێت. لەم زنجیرە کتێبەی باسی (سڵاو هاوس – Slow Horses) دەکات، شوێنێکی پەراوێزخراوی دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا (MI5) کە ئەو سیخوڕانەی تێدا کۆدەکرێنەوە هەڵەیەکی گەورەیان لە کارەکەیاندا کردووە. سەرۆکەکەیان پیاوێکی قەڵەو و زمانتیژ و زبرە بە ناوی (جاکسن لامب – Jackson Lamb). ئەم زنجیرەیەش کراوەتە درامایەکی زۆر بەناوبانگ بە ڕۆڵگێڕانی (گاری لیۆنارد ئۆڵدمان – Gary Leonard Oldman). لەم زنجیرەیەدا بە کتێبی (ئەسپە خاوەکان – Slow Horses) دەست پێ بکە و چێژی لێ ببینە.

سەرچاوە: گاردیەن
تێبینی: زانیاریی کتێب و نووسەرەکانی ئەم وتارە، لە لایەن وەرگێڕەوە سێرچی بۆ کراوە.
لینکی بابەت: https://www.theguardian.com/books/2018/jul/28/book-clinic-which-modern-novelists-could-rekindle-love-fiction