ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست دەزگای میدیایی رۆژنامەی هەولێر کەوتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان 500 ملیۆن دیناری بۆ بەڕێوەچوونی خولەکانی کوردستان خەرج و کرد، مانگی داهاتوو شەمەندەفەری بەڕێوەچوونی خولەکان دەکەوێتە ڕێ.
دوای چاوەڕوانییەکی زۆر فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاری دا رۆژی 30ـی مانگی داهاتوو خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی 2026 ـ 2027 بەڕێوە بچێت، وادەی بەڕێوەچوونی جامی سووپەری کوردستانیش دیاریکرا، بە فەرمی چوار یانەش بۆ خولی پلەیەکی کوردستان دابەزین.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست دەزگای میدیایی رۆژنامەی هەولێر کەوتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی داوەتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی دارایی بۆ بەڕێوەچوونی خولەکانی کوردستان، لە یەکەمین هەنگاوی دا 500 ملیۆن دینار خرایە سەر خەزێنەی فیدراسیۆنەکە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دوای ئەوەی پاڵپشتی دارایی حکوومەتی پێگەیشت جاڕی دەستپێکردنەوەی خولەکانی دا، بەمەش لە هەفتەیە یانە بەشداربووەکانی خولی نایابی کوردستان دەست بە دروستکردنەوەی تیپەکانیان دەکەنەوە.
یانەی هەندرێن وەرزی رابردوو بۆ دووەمجار لەمێژوویدا بووە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان، بڕیاریشە ئەم وەرزە بە بەشداریی 14 یانە خولی نایابی کوردستان بەڕێوە بچێت.
لە لایەکی دیکەیشەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاردرا بە فەرمی یانەکانی برایەتی، هەڵۆ، پیشەسازی و دەربەندیخان ماڵئاوایی لە خولی نایابی کوردستان بکەن و بۆ خولی پلەیەک دابەزن.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەیدا وادەی بەڕێوەچوونی جامی سووپەری کوردستانی دیاریکردووە کە تێیدا بە بەشداریی چوار یانە هەندرێن، زاخۆ، سیروانی نوێ و ئاکرێ بەڕێوەدەچێت، یارییەکانیش لە ڕۆژانی (21، 22 و 23)ـی مانگی داهاتوو دەکرێن.
یانەی شێروانە وەرزی رابردوو لە نێو یاریگەی نەورۆز لە هەندرێنی بردەوە و بۆ دوومجار لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی جامی سووپەری کوردستان.
