رۆژنامەی ھەولێر

پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی مێشک و بڕبڕەی پشت نیشانە مەترسیدارەکانی «ئینزلاق» و کاتی پێویست بۆ نەشتەرگەری دەخاتە ڕوو

ماکوان عێزەت – هە‌ولێر

 

دەرچوونی دیسکەکانی بڕبڕەی پشت، کە لەناو خەڵکدا بە «ئینزلاق» ناسراوە، یەکێکە لە گرفتە تەندروستییە باوەکان و بەهۆی پەستانخستنە سەر دەمارەکان یان دڕکەپەتک، ئازارێکی زۆر بۆ نەخۆش دروست دەکات. لەم ڕاپۆرتەدا، د. ڕێبوار حەمە ئەحمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی مێشک و بڕبڕەی پشت و دەمار، گرنگترین نیشانەکان، ڕێگاکانی دەستنیشانکردن و چارەسەرەکانی ئەم حاڵەتە دەخاتە ڕوو.

چۆنیەتیی دروستبوونی ئینزلاق: دیسکی نێوان بڕبڕەکان دەکرێت بەرەو لای ڕاست یان چەپ دەربچێت و پەستان بخاتە سەر دەماری ئەو بەشە، یاخود دەرچوونەکە لە ناوەڕاستدا بێت و پەستان بخاتە سەر دڕکەپەتک؛ ئەمەش کێشە و ئاڵۆزیی گەورە بۆ تەندروستیی نەخۆشەکە دروست دەکات.
گرنگترین نیشانەکانی دەرچوونی دیسک: سەرەتا لەبارەی دیارترین نیشانەکانی دەرچوونی دیسکەکان، د. ڕێبوار حەمە ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات کە بریتین لە:
• ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت، کە بە درێژایی پشتەوەی ڕان و پەلەکانی خوارەوە (قاچەکان) بڵاودەبێتەوە.
• سڕی لە پەلەکانی خوارەوەدا.
• لاوازبوونی یەکێک لە پێیەکان یان هەردووکیان.
• لە خراپترین حاڵەتدا، لەدەستدانی کۆنترۆڵی میز و پیسایی.
دەستنیشانکردن و هەنگاوەکانی چارەسەر: لە کاتی بوونی هەریەکێک لە نیشانەکانی سەرەوەدا، پێویستە نەخۆش بە زوویی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات. قۆناغەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەری سەرەتایی بەم شێوەیەن:
• دەستنیشانکردن: لە ڕێگەی پشکنینی کلینیکی و گرتنی تیشکی ئاسایی (X-ray) و تیشکی تەنووری (MRI).
• وەرگرتنی دەرمان: بەکارهێنانی دەرمانی پێویست کە تەنها لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دیاری دەکرێت.
• پشوودان: دوورکەوتنەوە لە ماندووبوون و پێدانی پشووی پێویست بە جەستە.
• چارەسەری سروشتی: ئەنجامدانی چارەسەری سروشتی و وەرزشی تایبەت بە بڕبڕەی پشت.
چ کاتێک پێویست بە نەشتەرگەری دەکات؟ د. ڕێبوار حەمە ئەحمەد ڕوونی دەکاتەوە کە لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەبێتە پێویستی:
• بەردەوامبوونی ئازار و سڕبوون سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەر بۆ ماوەی شەش (٦) هەفتە.
• دەرکەوتن یان زیادبوونی لاوازی لە یەکێک لە پێیەکان یان هەردووکیان.
• ڕوودانی حاڵەتی کوتوپڕ و مەترسیدار کە کار بکاتە سەر لەدەستدانی کۆنترۆڵی میز و پیسایی.